شه‌ڕی غه‌ززه‌ و داهاتوویەکی نادیار

10:09 - 2024-04-01
جیهان
326 جار خوێندراوەتەوە
شەڕی غەززە

له‌ فارسییه‌وه‌: جه‌واد حه‌یده‌ری 


راستی چاره‌نووسی شه‌ڕی غه‌ززه‌ به‌ره‌و كوێ ده‌چێت؟ پلان و به‌رنامه‌ی هاوپه‌یمانه‌كانی ئیسرائیل بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و شه‌ڕه‌ چییه‌؟  ئه‌م چه‌ند پرسیاره‌ و چه‌ندین پرسیاری دیكه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا هاتوونه‌ته‌ گۆڕێ.
سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا داوای له‌ ئیسرائیل كردووە كه‌ خۆی به‌ دوور بگرێت له‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ ده‌بنه‌ كوشتاری هاووڵاتی مه‌ده‌نی له‌ عه‌ززه‌، هاوكاتیش سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای ئه‌مریكا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ وڵاته‌كه‌ی له‌ دابیننەكردنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی پێویست بۆ ئیسرائیل خۆی به‌دوور گرتووه‌.

 بایدن له‌ گه‌ڵ شه‌ڕی غه‌ززه‌ نییه‌
جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ مه‌راسیمی كۆكردنه‌وه‌ی یارمه‌تییه‌ داراییه‌كانی بۆ پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی ئه‌و وڵاته‌، كه‌ بیل كلینتۆن و باراك ئۆباما هەردوو سه‌رۆكه‌ پێشووه‌كانی ئه‌مریكاش له‌و مه‌راسیمه‌ به‌شداربوون، رایگه‌یاند: ئێمه‌ له‌ توڕه‌یی ئیسرائیل تێده‌گه‌ین، به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ ده‌بنه‌ هۆی كوژرانی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی به‌ تایبه‌تی منداڵان ده‌بێت راگیرێت.
له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا بایدن سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی عه‌ززه‌ له‌ دوایی كۆتاییهاتنی شه‌ڕه‌كه،‌ وتیشی: پلان و به‌رنامه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، له‌ داهاتوودا دوو وڵاتی فه‌له‌ستینی و ئیسرائیلی هه‌بێت.
 وتیشی: رێكار بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌، په‌یوه‌ندی به‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان سعودیه‌ و ئیسرائیل هه‌یه‌. به‌ وته‌ی بایدن سعودییه‌كان ئاماده‌ن كه‌ به‌ شێوه‌ی ره‌سمی دان به‌ ئیسرائیلدا بنێن.

 ئایا ئه‌مریكا چه‌ك به‌ ئیسرائیل ده‌دات؟
 سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای ئه‌مریكا ئەوە به‌ درۆ ده‌خاته‌وه‌ كه‌ وڵاتەکەی هه‌موو چه‌كێكی به‌ ئیسرائیل دابێت. له‌وباره‌یه‌وه‌ جە‌نه‌ڕاڵ چارلز كیۆ براون سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای ئه‌مریكا رایگه‌یاندووه‌، ئیسرائیل هه‌ر چه‌كێك كه‌ مه‌یلی لێ بووبێت له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ پێی نه‌دراوه‌ و وه‌رینه‌گرتووه‌. براون هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ ئیداره‌كه‌ی بایدن مه‌یلی نه‌بووه‌ كه‌ هه‌موو جۆره‌ چه‌كێك بداته‌ ئیسرائیل، ئه‌مه‌ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ كه‌ به‌رپرسێکی باڵای سه‌ربازیی ئه‌مریكا باس له‌ دابینه‌كردنی هه‌ندێك له‌ دادخوازییه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئیسرائیل ده‌كات له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌. 
سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای ئه‌مریكا  زۆر راشكاوانه‌ باسی له‌وه‌ كردووە، هه‌رچه‌ند وڵاتەکەی به ‌هه‌موو هێزێكییه‌وه‌ پشتگیری و پشتیوانی له‌ ئیسرائیل ده‌كات، به‌ڵام ئیسرائیلییه‌كان هه‌رچییه‌كیان له‌ ئه‌مریكا ویستبێت وه‌ریان نه‌گرتووه‌ و هاوكاتیش ئه‌مریكا ناتوانێت وه‌ڵامی هه‌موو داواكارییه‌كانی ئیسرائیل بداته‌وه‌ یان نایانه‌وێت له‌ ئێستادا دادخوازییه‌كانی ئیسرائیل دابین بكەن.
جگه‌ له‌ عه‌ره‌به‌كانی دانیشتووی ئه‌مریكا، ژماره‌یه‌كی زۆریش له‌ دیموكراته‌كان ره‌خنه‌ له‌ كرده‌وه‌كانی ئیداره‌ی بایدن به‌ تایبه‌تی خودی بایدن ده‌گرن و پێیانوایه‌ ئیسرائیل هه‌ست ده‌كات كه‌ له‌ هه‌ر جۆره‌ سزایه‌ك به‌خشراوه‌ له‌ كاتێكدا كرده‌وه‌كانی سوپای ئیسرائیل و به‌ تایبه‌تی خود بنیامین ناتانیاهۆ له‌ لایه‌ن هاوپه‌یمان و دۆسته‌كانی ئیسرائیل لەوە رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ بوه‌ته‌وه‌.
له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ یواڤ گالانت وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل به‌ یاوه‌ری وه‌فدێك سه‌ردانی ئه‌مریكای كرد و له‌ گه‌ڵ هاوتا ئه‌مریكاییه‌كه‌ی خۆی كۆبووه‌. وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا رایگه‌یاندووه‌پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی له‌و شه‌ڕه‌دا ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی و مرۆییه‌ و ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ غه‌ززه‌ رووده‌دات كاره‌ساتی مرۆییه‌.
ده‌وتریت ئیسرائیل له‌و‌ كۆبوونه‌وه‌دا داوای چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازیی له‌ ئه‌مریكا كردووه‌، چونكه‌ به‌ رای هه‌ندێك له‌ شاره‌زایانی سه‌ربازی، له‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕ له‌ نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس، چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی ئیسرائیل رووی له‌ كه‌می كردووه‌ و ئیسرائیل بۆ به‌رده‌وامبوون له‌و شه‌ڕه‌ و بۆ ئه‌گه‌ری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ حزبوڵڵای لوبنان پێویستی به‌ چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی زیاتره‌.

ناتانیاهۆ سووره‌ له‌سه‌ر شه‌ڕی غه‌ززه‌
 هه‌رچه‌ند تا ئێستا بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل دژی راگرتنی شه‌ڕه‌ و له‌وباره‌یه‌وه‌ ته‌نانه‌ت راسپارده‌ و پێشنیازی هاوپه‌یمان و دۆسته‌كانی ئیسرائیلیشی له‌به‌رچاو نه‌گرتووه‌، به‌ڵام ده‌وترێت كه‌ قه‌ته‌ر و میسر له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رقاڵی دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه‌كی گونجاون بۆ راگرتنی شه‌ڕ و ئاڵوگۆڕكردنی بارمته‌ و دیله‌كانی ئیسرائیل و حه‌ماس. هاوكات ژماره‌یه‌ك له‌و خێزانه‌ ئیسرائیلیانه‌ی كه‌ منداڵه‌كانیان له‌ لای حه‌ماس دیلن، له‌ دیداری خۆیان له‌گه‌ڵ ناتانیاهۆ داوایان لێكردووه‌ كه‌ هه‌وڵبدات بۆ ئازادكردنی بارمته‌ ئیسرائیلییه‌كان.
  له‌ ماوه‌ی رابردوودا له‌ قه‌ته‌ر چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌ك به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی موساد و سه‌رۆكی (سی ئای ئه‌ی) به‌ڕێوه‌چوو، چه‌ند پێشنیارێك خرانه‌ڕوو، به‌ڵام حه‌ماس قبووڵی نه‌كرد و هه‌وڵه‌كان وه‌ستان.    
كه‌سوكاری دیله‌كانی ئیسرائیل ره‌خنه‌ له‌وه‌ ده‌گرن كه‌ به‌رپرسانی ئیسرائیلی داوایان لێكردوون كه‌ بێده‌نگ بن، به‌ڵام ئه‌وان بێده‌نگ نابن و بێده‌نگی به‌ كارێكی شایسته‌ نازانن و خوازیاری دیاریكردنی چاره‌نووسی سه‌ربازه‌ دیله‌كانن كه‌ به‌ ده‌ست حه‌ماسه‌وه‌ن، ئه‌وان ده‌ڵێن چاره‌نووسی 134 سه‌ربازی بارمته‌ نادیاره‌ و داوا ده‌كه‌ن چاره‌نووسیان دیاری بكرێت. 
كه‌سوكاری سه‌ربازه‌ دیله‌كان لەوە ده‌ترسن له‌ كاتی گۆڕینه‌وەی‌ دیله‌كان، ته‌نها ژنان و پیر و په‌ككه‌وتووه‌كان بگۆڕنه‌وه‌ و گۆڕینه‌وه‌ی سه‌ربازه‌ گه‌نجه‌كان نه‌گرێته‌وه‌ و گۆڕینه‌وه‌كان ته‌نها كه‌سانی مه‌ده‌نی و به‌ساڵاچوو بگرێته‌وه‌. له‌به‌رامبه‌ریشدا بنیامین ناتانیاهۆ ده‌ڵێت: هه‌ست به‌ خه‌می كه‌سوكاری سه‌ربازه‌ دیله‌كان ده‌كات و ده‌زانێت كه‌ ئه‌وان هه‌موو كارێك ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناو ئامێزتان، به‌ڵام ئه‌ویش وه‌ك كه‌سێكی بڕیارده‌ر و به‌رپرس له‌ گۆشه‌نیگایه‌كی تره‌وه‌ سه‌یری پرسه‌كان ده‌كات و ده‌بێت به‌ ئارامی له‌وباره‌یه‌وه‌ دادوه‌ری بكات و بڕیار بدات.

ناتانیاهۆ پابه‌ندی بڕیارێك نابێت
پاش ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی خۆیدا به‌ زۆرینه‌ی دەنگ بڕیاری ئاگربه‌ست و راگرتنی شه‌ڕی له‌ غه‌ززه‌ په‌سه‌ند كرد و ئه‌مریكاش دژی ئه‌و بڕیاره‌ نه‌وه‌ستایه‌وه‌، بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل وێڕای ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌، گه‌شته‌كه‌ی خۆی بۆ ئه‌مریكا هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و رایگه‌یاند له‌سه‌ر هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر غه‌ززه‌ سوورە تا ئه‌وكاته‌ی كه‌ حه‌ماس له‌ناو ده‌چێت. 

دۆخی ته‌ندروستی غه‌ززه‌ وێرانه‌
 به‌هۆی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس له‌ غه‌ززه‌ تا ئێستا به‌ پێی ئاماره‌ ره‌سمییه‌كان زیاتر له‌ 32 هه‌زار هاووڵاتی غه‌ززه‌ كوژراون و زیاتر له‌ 75 هه‌زار كه‌سیش بریندارن و ژماره‌یه‌كیش هاووڵاتی بێسه‌روشوێنن، هه‌ر بۆیه‌ رێكخراوه‌ ته‌ندروستییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان داوا ده‌كه‌ن كه‌ شه‌ڕ بوه‌ستێت بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌كه‌ مرۆییه‌كان بگاته‌ غه‌ززه‌.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی داد له‌ رایگه‌یه‌نراوێكدا داوای له‌ ئیسرائیل كرد كه‌ سنووره‌كان بكاته‌وه‌ به‌ رووی كۆمه‌كه‌ مرۆییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی بگاته‌ ده‌ست لێقه‌وماوان و برینداره‌كانی غه‌ززه‌. 
شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی غه‌ززه‌ وای كردووه‌ كه‌ له‌ كۆی دوو ملیۆن و 300 یان هه‌زار كه‌س له‌ دانیشتوانی شاره‌كه‌ نیوه‌ی له‌ ماڵ و حاڵی خۆیان ئاواره‌ بن. 

قات و قڕی به‌ڕێوه‌یه‌ 
 له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی داد به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیاریدا كه‌ ئیسرائیل بۆ رێگریكردن له‌ قات و قڕی و كاره‌ساتی مرۆیی رێگه‌ بدات كۆمه‌كه‌ مرۆییه‌كان بگاته‌ غه‌ززه‌ و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بكاته‌وه‌، چونكه‌ ئێستا خۆراك و ده‌رمان و كه‌لوپه‌لی پزیشكی له‌ غه‌ززه‌ رووی له‌كه‌می كردووه‌ و پێده‌چێت كاره‌سات روو بدات ئه‌گه‌ر له‌ زووترین كاتدا كۆمه‌كه‌ مرۆییه‌كان نه‌گاته‌ ئه‌و شاره‌.
 
سه‌رچاوه‌كان:
BBC  
radiofarda
ir.voanews

بابەتە پەیوەندیدارەکان