گوندی عەنەب ساڵی 1935

10:28 - 2022-06-08
دووتوێ
605 جار خوێندراوەتەوە

  سەلام شێخ کەریم
            
ئەو کاتەی باوکم ئەندازیار بوو لە وەزارەتی (ئەشغال و گەیاندن )، ئەرکی  سەرپەرشتیکردن و بونیادنانی سەرای هەڵەبجەو بینای بەریدو نەخۆشخانەی (مەلیك غازی) پێ سپێردرا بوو، لەبەرئەوەی پێویستی ئیشەکەی باوکم وابوو کە بە ماڵەوە بچینە شاری هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٣٥دا، لە(بەسرە_ بصرە)وە بەماڵەوە گواستراینەوە بۆ شاری هەڵەبجە لە گەڕەکی (جولەکان) نیشتەجێ بووین بۆ ماوەی دوو ساڵ، منیش لە قوتابخانەی هەڵەبجەی سەرەتایی وەرگیرام و دەستمکرد بە خوێندن لە پۆلی پێنجەم. لە رۆژێکی خۆشی بەهاری ساڵی1935دا بەڕێوەبەری قوتابخاکەمان لەگۆڕەپانی قوتابخانەدا کۆیکردینەوە و پێی راگەیاندین کە قوتابخانە سبەینێ 

هەرکەسە و وڵاخی خۆی بهێنێت
بەهارە گەشتێك رێکدەخات بۆ قوتابیان بۆ گوندی (عەنەب). راگەیاندنەکەی بەڕێوەبەر بە زمانی کوردی بوو من لە قسەکانی تێگەیشتم، هەرچەند کوردیەکەشم زۆر باش نەبوو، بەڕێوەبەر پێی راگەیاندین پێویستە هەموو قوتابیان خۆیان ئامادەبکەن و سبەی بەیانی زوو لە قوتابخانە ئامادەبن و هەر قوتابییەك پێویستە خواردن و پێداویستی و (وڵاخی) خۆی پێ بێت.
من بەو هەواڵە زۆر دڵخۆش بووم لە هەمان کاتیشدا دوو دڵییەکم بۆ دروستبوو، بۆم بوو بە کێشە، من (وڵاخ) لە کوێ پەیداکەم؟ ئێمە وڵاخمان نییە چۆن بتوانم بەشداربم لەو گەشتەدا؟ گەڕامەوە بۆ ماڵەوە زۆر دڵشکاو بووم، ئەوەی پێمان راگەیەنرابوو بۆ باوکم گێڕایەوە، ئەویش وەڵامی دامەوە و وتی: هەموو پێداویستیەکانی ئەو گەشتەت بۆ ئامادەدەکەم، وتی وەرە بابڕۆین، لەگەڵ خۆی بردمی بۆ ماڵی دراوسێکەمان کاکە (ئەحمەد) کە لە گەڕەکدا پێیاندەوت (مام ئەحە)، باوکم ئەو داواکاریەی بەمام ئەحمەد ووت کە پێویستمان بە وڵاخێک هەیە بۆ سبەینێ ، مام ئەحە وەڵامی دایەوەو بە دڵفراوانییەوە ووتی بە سەرچاو سبەینێ بەیانی زوو وڵاخێکی زۆر باش و رەسەنتان بۆ ئامادەدەکەم ، دەیهێنم بۆ بەر دەرگاکەتان.

پێداویستییەکانی ئامادەکردنی وڵاخ
باوکم لە(مامەئەحە)ی پرسی ئامادەکردنی وڵاخ چییە؟ ووتی واتە ئەو وڵاخەی تێر (ئالیك)و کاوجۆ و ئاو بێت و جل و کورتان کرابێت و رەشمە کرابێت، تەنانەت نەقیزەیشی لەگەڵدابێت. باوکم ووتی دارو نەقیزەی بۆچییە؟ لەوەڵامدا ووتی بۆئەوەی ئەگەر وڵاخەکە نەڕۆیشت بە دارەکە لێخوڕێ، یان نەقیزەکە بە هێواشی بکات بەلاملیدا، خۆشم ئەو وەڵامەم دەزانی، چونکە لە بەغدا لە ناوچەی شێخ عمر لە جەژناندا سواری وڵاخ دەبووین دارو (نەقیزە)یان بەکار دەهێنا بۆ لێخوڕین. بەڵام مام ئەحە پێی ووتین ئەم وڵاخەی من رەسەنە و پێویستی بە نەقیزەنییە و خۆی ئیشی خۆی دەزانێت. بەیانی زوو کەرێکی حەساوی چاکی بۆ هێنام، لەبەر دەرگای ماڵەوە بۆی بەستمەوەو منیش بە خۆشییەوە. سواری بووم بەرەو قوتابخانە، 

دەرکەوتنی بەڕێوەبەری قوتابخانە
گۆڕەپانی قوتابخانە پڕبووبوو لە وڵاخسوار هەر قوتابیەک سواری گوێدرێژێك، یان هێسترێك بووبوو. حەوشەی قوتابخانە لە خانێکی وڵاخ دەچوو نەك گۆڕەپانی قوتابخانە. هەموو چاوەڕوانی بەڕێوەبەرو مامۆستاکان بووین، پاش ماوەیەکی کەم بەڕێوەبەری قوتابخانە دەرکەوت کەوتبووە پێش مامۆستاکان، بەڕێوەبەر سواری کەرێکی حەساو بوو بوو کە ناوچەوان و چوارپەل و یاڵی خەنە کرابوو، دیمەنێکی زۆر جوانی هەبوو. لەو کاتەدا لەسەر هەیوانی قوتابخانەوە یەکێك بە دەنگێکی بەرز هاواری لێکردین بە تووڕەیییەوە ئەویش (کارگوزاری قوتابخانە بوو)، توڕە بوو بوو دەیووت بچنەدەرەوە ئێرە قوتابخانەیە خۆ (تاوڵەی سواری) نییە. بە دارێك بەربووە وڵاخەکان و لە حەوشە دەریکردین لەبەر خۆیەوە دەیووت بە زیادم نەکرد دیوتە قوتابخانە بکرێت بە خانی وڵاخ؟
بەڕێوەبەر بەدەم پێکەنینەوە هاواریکرد دوورکەوەرەوە لەو وڵاخانە باتێکەڵ نەبن. 

گەیشتن بە گوندی عەنەب
لەدوای ئەوە کاروانی خوێندکارانی قوتابخانە کەوتنەڕێ بەرەو گوندی (عنەب)و لەپێشەوە بەڕێوەبەرو مامۆستایان دەڕۆیشتن. خوێندکارانیش بەدوایاندا، لەدوای کاتژمێرو نیوێك گەشتینە گوندی (عەنەب) گوندێک لە باکووری هەڵەبجەوە، دەکەوێتە دامێنی چیاکانی هەورامان و (2کم) لەهەڵەبجەوە دوورە. رۆژێکی تەواومان بە یاریکردن و هەڵپەڕکێ و گۆرانی و نانخواردن و پێشبڕکێ بردەسەر. لەسەر کانی و ئاوێکی فێنك کە ئاوەکەی دەتووت بەفراوە. دوای عەسر کۆبووینەوە و سواری وڵاخەکان بووین بۆ گەڕانەوە بۆ هەڵەبجە. هەموو گوێدرێژەکان رێگای گەڕانەوەیان دەزانی و شارەزابوون، لەدوای کاتژمێرێك لە رۆیشتن لە رێگای گەڕانەوەماندا هاتووهاوار لەنێوان کاروانی خوێندکاراندا بەرزبوویەوە، چونکە بەرازێکی کێوی راپەڕیبوو، خۆی کردبوو بەناو کاروانەکەدا، لەهاتووهاواری خوێندکاران و  دەنگی پێ و زەنگوڵەی ئەو سەدان وڵاخە ترسابوو، نەیدەزانی بۆکوێ رابکات، لەو کاتەدا بەڕێوەبەر بەهەڵەداوان
 رایکردو هاتە فریای خوێندکاران تا تووشی مەترسییەك نەبنەوە. سوپاس بۆ خودا بەرازەکە رایکردو بەبێ زیان ئێمەش رزگارمان بوو، بەسەلامەتی گەڕاینەوە بۆ ماڵەوە. لەدوای ئەو گەشتەوە بە دەیان گەشتی ترمان ئەنجامدا لەگەڵ باوکم و هاوڕێکانیدا بە تایبەتی لە رۆژانی هەینی و پشووەکاندا، زۆرینەی گەشتەکانمان بەپێ دەڕۆیشتن بۆ ئەو گوندانەی نزیکی هەڵەبجە بوون، خواردن و خواردنەوەی خۆمان دەبرد، زۆرێك لە گوندەکانی دەوروبەری هەڵەبجەمان دی وەك (بامۆك، عەبابەیلی، باوەکوچەك پریسی سەرو جەلیلە، بیارە، خورماڵ، دەرەشیش. بەهۆی گەشتی قوتابخانەو ئەو گەشتانەی کە لەگەڵ باوکمدا ئەنجامماندا خولیای گەشتکردنم بۆ دروستبوو لەکاتی پشووەکانی نیوەی ساڵ و هاوین و جەژنەکاندا دەچووم سەردانی خزمەکانم دەکرد. لە(بەغدا، موسڵ، خانەقین، کوت و عمارە) هەموو ئەو شوێنانەی لەسەر رووباری دیجلە و فرات بوون بەتایبەت لەسەر رووباری فورات وەك (حی، قلعە سکر، رفاعی، شطرەو ناصریە)، لە کوردستان وەك زاخۆ، حاجی عمران، هەولێر و تەوێڵە. ئیدی خولیای سەفەرو گەشتم بۆ دروست بوو، بۆ دەرەوەو هەموو وڵاتانی دراوسێ و جیهان وەك (ئێران، تورکیا، کوێت، سوریا، ئەردەن، بولغاریا، رومانیا، ئیتالیا، پۆلونیا، رۆمانیا، فەرەنسا، بریتانیا).

#گوندستانی نوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان