״هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بکرێت״

10:53 - 2024-04-02
کوردستان
260 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تەئكیددەكاتەوە «یەكێتی لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە لە وادەی  دیاریكراوی خۆیدا».
رزگار حاجی حەمە لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنەكانی یەكێتی لە لێدوانێكی تایبەتدا  رایگەیاند: یەكێتی لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە لەو وادەیەی كە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراقەوە دیاریكراوە و لە لایەن سەرۆكی هەرێمەوە بڕیاری لەسەردراوە و ئیمزاكراوە كە دەكاتە رۆژی 10/6/2024 و بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ دواخستنی وادەی هەڵبژاردنەكاندا نین، پێشمانخۆشە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا بكەن.
ستران عەبدوڵڵا: 
بە گەشبینی و ورەیەكی بەرزەوە ئامادەكارییەكانمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان دەستپێكردووە
هەر لەوبارەیەوە، ستران عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتدا بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئێمە وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرقاڵی ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانین، بە گەشبینی و ورەیەكی بەرزەوە ئەم ئامادەكارییەمان دەستپێكردووە، ئەو وادەیەی كە سەرۆكایەتیی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دایناوە بۆ هەڵبژاردن، ئێمە بەقیبلەنومای ئیشكردنی خۆمانی دەزانین لەسەر هەڵبژاردن، پێشمانوایە یەكێتی لە هەڵبژاردنی داهاتووی كوردستاندا لە هێزە یەكەمینەكان دەبێت لە هەڵبژاردنی كوردستاندا، بەڵام ژمارەی كورسییەكان راناگەیەنین «با نەبین بە چاوەوە»، وتیشی: باشترین دەرفەتیش بۆ گەلی كوردستان ئەوەیە كە لەم هەڵبژاردنەدا بۆچوونی خۆی بڵێت و پەرلەمانی داهاتووی كوردستان و حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی دیكەی لەدوای هەڵبژاردن دروست دەبێتەوە، ئەم ئەبدەیتكردنەوەیە هەم شەرعییەت دەگەڕێنێتەوە بۆ دەزگاكانی هەرێمی كوردستان و هەمیش دەرفەت دەداتە پاراستنی پێگە و جێگەی هەرێمی كوردستان لە ئاستی عیراقی و نێودەوڵەتیشدا، حكومەتی داهاتووی كوردستانیش، دەتوانێت دانوستانێكی باشتر لەگەڵ حكومەتی عیراق ببات بەڕێوە كە پشتیوانی دەنگدەری كوردی لەگەڵدایە.
ئاماژەی بەوەش دا: بۆچوونی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەو بۆچوونەیە كە سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی بەئاشكرا رایگەیاندووە: پشتیوانی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەكات، پێمانوایە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی هی گفتوگۆ نییە، بەڵكو هی جێبەجێكردنە، ئەگەر بمانەوێت هەرێمی كوردستان بەهێز بكەین و ئیرادەی گەلی كورد بەهێز بكەین لەناو پڕۆسەی سیاسیی عیراقدا، پێویستمانە هەموو تواناكان بە ئاڕاستەی هەڵبژاردنی داهاتووی كوردستان ببەین و زۆر خۆمان لە بابەتەكانی قیل و قال نەدەین.
ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردن بەردەوامە
لەلایەكی دیكەوە، ئامانج عەزیز لێپرسراوی ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاندووە: جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرجەم ئەو حزب و لایەنانەی كە ئامانجیان بووە بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن، لیستی ناوی كاندیدەكانیان پێشكەش بە كۆمسیۆن كردووە، كە لە بازنەی سلێمانی شەش حزبی كوردستانی لە دوو هاوپەیمانێتی و پێنج حزبدا ئامادەییان بۆ هەڵبژاردن دەربڕیوە و ناوی كاندیدەكانیان بۆ كۆمسیۆن ناردووە، هاوكات لە سنووری پارێزگاكە 22 كاندیدی سەربەخۆ ناویان تۆماركردووە.
راشیگەیاند: لەچوارچێوەی مەرسومی سەرۆكی هەرێم بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا، ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردن بەردەوامە و لە هەفتەی ئایندەدا ژمارە بە لیست و هاوپەیمانێتی و كاندیدە سەربەخۆكان دەدرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان