یەكێتی، بە متمانەوە بەشداری دەكات

11:06 - 2024-04-02
کوردستان
186 جار خوێندراوەتەوە

ئەگەر هیچ كێشەیەكی سیاسیی نەخرێتە پێش كە لەئێستادا هەوڵی بۆ دەدرێت و دەویسترێت دوابخرێت، هەموو دوو مانگ و چەند رۆژێكمان لەپێشدا ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان. 
  لەئێستاوە، قەوارە بەشداربووەكان، كەم و زۆر، كەوتوونەتە كەمپینی پێشوەخت و ناڕاستەوخۆی هەڵبژاردنەوە، هەرچی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، ئەوا لەلایەكەوە نوێنەرانی خۆی لە بەغدا راسپاردووە كە رۆژانە بەدواداچوون بۆ دابینكردنی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی هەرێم و دۆسییەكانی تری تایبەت بە مافە سیاسی و ئابوورییەكانی خەڵكی كوردستان بكەن، لەلایەكی تریشەوە پەرۆشی ئەوەیە كە دامەزراوەكانی وڵات، كە كۆڵەگەی قەوارەی هەرێمەكەمانن، لەوە زیاتر لە بۆشایی یاساییدا نەمێننەوە و هیچ كۆسپێكی نوێش لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردندا راست نەكرێتەوە.
لەوەش زیاتر، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لیستی كاندیدانی خۆی یەكلاكردۆتەوە، لەڕووی سیاسی و رێكخراوەیی و میدیایی و كارگێڕی و لۆجیستیشەوە، ئامادەكارییەكانی بۆ پڕۆسەكە دەستپێكردووە، بە پرەنسیپیش لەگەڵ ئەوەدایە كە هەموو قەوارە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن، بەشێوەیەكی شارستانییانە و بەگیانی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە ئاشتی كۆمەڵایەتی و سیاسیی وڵات، بچنە‌ بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، بەم رووداوە دیموكراسییەش گرەنتی پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم بكرێت و بۆ رای گشتیی ناوخۆ و دەرەوەش بسەلمێنرێت كە دانیشتوانی هەرێمەكەمان دەیانەوێت پیادەی دەسەڵاتی رەوای خۆیان بكەن و لە پڕۆسەیەكی پاك و بێگەرددا، كە دروشمی سەرەكیی یەكێتی بووە، ئازادانە نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان