چاڤی دەمێنێتەوە

12:08 - 2024-04-02
وەرزش
76 جار خوێندراوەتەوە

تیشكۆ

چاڤی ئەلۆنسۆی ئیسپانی و راهێنەری یانەی بایەر لیڤەركوزن، ئەمساڵ یانەی بایەری هێناوەتەوە سەر رێگایەكی راست و كردویەتییەوە بەو یانەیەی بتوانێنت ئەمساڵ ركابەری لە سەر نازناوەكانی ئەڵمانیا و ئەوروپاش بكات.
ئێستا ئەم یانەیە لە سەرجەم ئەو خولانەی بەشداریی تیادا دەكات، هیچ یارییەكی نەدۆڕاندووە، لە پلەی یەكەمی ریزبەندیی خولی وڵاتەكەیدایە، لە یۆرۆپا لیگدا گەیشتۆتە قۆناغی چارەكی كۆتایی خولەكە و رووبەڕوی یانەی وێستاهم یونایتدی ئینگلیزی دەبێتەوە، لە خولی جامی ئەڵمانیاشدا گەیشتۆتە دوو یاریی پێشكۆتایی خولەكە و سبەی چوار شەممە بەرامبەر یانەی فۆرتۆنا دۆسڵدۆرف یاریی دەكات، لەم سێ خولەشەدا تائێستا هیچ یارییەكی نەدۆڕاندووە و ئەمەش خۆی بۆخۆی ریكۆردێكە تایبەت بەم راهێنەرە.
بەر لە كۆتاییهاتنی ئەم وەرزە و لەسەر ئەم ئەنجامە باشانە، زۆرجار باسی ئەوە دەكرا كە ئەلۆنسۆ وەرزی ئایندە رەنگە لەم یانەیە نەمێنێت، چەند یانەیەكی وەك لیڤەرپوڵ و بایرن مونشن و چەند یانەیەكی تریش چاویان لەوە بوو كە وەرزی ئایندە بیكەنە جێگرەوەی راهێنەرەكانیان، بەڵام لە دواین هەواڵدا كە رۆژنامەكانی ئەڵمانیا بڵاویانكردۆتەوە، ئەم راهێنەرە ئیسپانییە لەگەڵ یانەكەی لەسەر ئەوە رێككەوتووە وەرزی ئایندەش راهێنەری یانەكە بێت و سەرجەم ئەو هەواڵانەی رەتكردەوە كە باسیان لەوە دەكرد ئەمساڵ یانەكەی جێدەهێڵێت.
خۆیشی لەم رووەوە بە كەناڵەكانی راگەیاندنی ووتووە كە لە بایەر دەمێنێتەوە و نیازی نییە بچێتە هیچ یانەیەكی تر، هەروەها وتی: لەگەڵ ئیدارەی یانەكەم گەیشتوینەتە رێككەوتن و لە هەفتەی فیفای رابردوودا ئەم مەسەلەیەم لەگەڵدا باسكردوون و ئەوانیش پێیان باش بووە و بایەر باشترین شوێنە تا تیایدا بمێنمەوە.
سەبارەت بەوەی هەردوو یانەی لیڤەرپوڵ و بایرن مونشنیش چاوەڕوانی ئەو بوون ووتی: ئەوان دوو یانەی مەزنن، من پەیوەندیی باشیشم لەگەڵیاندا هەیە، بەڵام ئێستا من لە یانەیەكم كە خۆم پێم خۆشە و هەرگیز بیر لە رۆیشتن ناكەمەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان