کچە یاریزانێکی هەڵبژاردەی عیراق گرفتەکانی وەرزشی کچان باس دەکات

12:12 - 2024-04-02
وەرزش
148 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد ئەحمەد

ڕۆژین محەممەد ساڵی 2006 لە شاری سلێمانی لە دایکبووە، ئێستا خوێندکاری پۆلی 12یە و بەردەوامە لە خوێندن و لەگەڵ ئەوەشدا یاریزانێکی باشی فوساڵی یانەی ئەفرۆدێتی سلێمانی و هەڵبژاردەی عیراقە.
سەرەتا لەسەر دەستی مامۆستا عەباس و لە یانەی سیروانی نوێ دەستی بەم یارییە کردووە، ئێستاش یاریزانی هەڵبژاردەی عیراقە، لە خولی کوردستانیشدا لەگەڵ یانەی ئەفرۆدێت  و لە خولی عێراقیش لەگەڵ یانەی ئەمانەی بەغدا گرێبەستی کردووە.
سەبارەت بەوەی بۆچی ئەم یارییەی هەڵبژاردووە ووتی؛ هەندێک لە یاریزانە ناودارەکانی جیهان لەوانە؛ کریستیانۆ رۆناڵدۆ، مێسی، ڕۆناڵدینهۆ و چەند یاریزانێکی تر وایان کرد ئەم یارییە هەڵبژێرم و خۆشم بوێت، بەتایبەتی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ کە یاریزانی دڵخوازمە.
سەبارەت بە یاریی فوتساڵی کچانی کوردستانیش ووتی؛ لە کوردستان تازە بە تازە بایەخ بەم یارییە دەدرێت، بەڵام بەداخەوە یانەکان زۆر گرنگی بە تیمی کچان نادەن و تەنها تیمەکانی کوڕانیان مەبەستە.

 

بەداخەوە یانەکان زۆر گرنگی بە تیمی کچان نادەن

 

هەروەها ووتی؛ یانەکەمان، یانەی ئەفرۆدێت  گرنگی باشی بە یاری فوتساڵی کچان و وتیمەکانی کچانیش داوە، بەڵام باری دارایی خراپەو ئەگەر باری دارایی باش بووایە، مامۆستا عەباس هەرچەندە سەرقاڵی هەڵبژاردەی کچانی عێراقه، بەڵام دەیتوانی تیپێکی باشتر ئامادە بکات، ئێستاش تیمێکی بەهێزمان ئامادە کردووە، لەداهاتوودا رکابەری نازناوەکان دەکەین.
پرسیاری ئەوەشمان لێکرد کە ئایا ئاستی یاریی فوتساڵی کوردستان چۆنە، ڕۆژین محەمەد ووتی؛ وەرزشی خانمان پێویستی بە پشتگیری هەمە لایەن هەیە، بەڵام زۆر بەداخەوە ئەم پشتگیرییە نییە، گەورەترین گرفت بۆ ئەم یارییە ئەوەیە کە بەرپرسەکان هیچ ئاوڕێک لە یانەکان نادەنەوە، لە ڕوی مادی و مەعنەوییەوە پاڵپشتییان ناکەن.
لە کۆتاییدا ووتی؛ زۆر سوپاستان دەکەم کە وەک رۆژنامەی کوردستانی نوێ و ستادیۆم بەسەرتان کردمەوە، هەرەوها زۆر سوپاسی هەموو ڕاهێنەرەکانم دەکەم کە زۆر ماندو بوون لەگەڵمدا، بە تایبەتی کاک عەباس، هەروەها سوپاسی تایبەتی باوکیشم دەکەم کە هەمیشە هاندەر و پشتگیرم بووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان