قوباد تاڵەبانی و کونسوڵی فەرەنسا گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردن دەکەن

01:46 - 2024-04-02
کوردستان
394 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا کۆبۆوە و لەسەر پرسی هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و چۆنێتی گەشەپیدانی ئابووری هەرێم و چەند پرسێکی دیکە گفتوگۆیان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێشەممە 2ی نیسانی 2024 لە هەولێر بەڕێوەچوو، سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن، جێگری سەرۆک وەزیران جەختیکردەوە لەسەر پێویستیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەو وادەیەی کە لە لایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە دیاریکراوە و رایگەیاند نابێت لەوە زیاتر هەڵبژاردن دوا بکەوێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قسە لەسەر دۆخی ئابووری و چۆنێتی گەشەپێدانی ئابووری هەرێم کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە ستراتیژی بەهێزکردنی کەرتی تایبەت کرد و رایگەیاند، هەموو رێوشوێنێکی پێویست دەگرینەبەر بۆ کارئاسانیکردن بۆ وەبەر‌هێنەران لە کەرتی تایبەت بە تایبەتیش وەبەرهێنان لە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتیاریدا.
هەر لەوبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە کار بۆ ئەوە دەکەن هانی وەبەرهێنەران بدرێت کە لە قەزا و ناحیەکانیش وەبەرهێنان بکەن. وتیشی: بەبێ گەشەپێدانی هاوسەنگ لە شار و ناوچە جیاوازەکاندا، ناتوانرێت ژێرخانێکی ئابووری بەهێز بونیاد بنرێت و گەشەپێدانی راستەقینەش روونادات.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی حکومەت و وڵاتی فەرەنسای کرد کە لە قۆناغە جیاوازەکاندا هاوکاری هەرێمی کوردستانیان کردوە و داواشیکرد بۆ لەمەودواش بە تایبەت لە بواری گەشەپێدانی ئابووریدا حکومەتی فەرەنسا لەڕووی دابینکردنی راوێژکارەوە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان