مەكتەبی سیاسی بەسەرپەرشتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبووەوە و دیسانەوە تەئكیدی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و مەبدەئیی یەكێتی كردەوە كە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندایە لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا لە (10/6/2024).
لە كۆبوونەوەكەدا، كە دوێنێ لە دەباشان بۆ تاوتوێكردنی دوائامادەكارییەكان و بەرنامەی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی لەم بوارەدا بەڕێوەچوو، هەڤاڵان بە تێكڕا لەگەڵ پابەندێتیی هەموولایەك بوون بەو وادەیەی كە لەلایەن سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانەوە بڕیاری لێدراوە و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراقیش ئامادەكاریی پێویستی بۆ كردووە.
كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی، لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و ئەزموونی دیموكراتی كوردستان، كە خەونی لەمێژینەی گەلەكەمانە و خەباتێكی بێوچانی بۆ كراوە، هەروا جەختی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی ئازاد و دیموكرات كردەوە، كە پابەندبوون بە وادە راگەیەندراوەكانی هەڵبژاردنیش بەشێكە لە ئاماژە جەوهەرییەكانی پاك و بێگەردیی پڕۆسەكە.
مەكتەبی سیاسی، هەڵوێستی روون و ئاشكرای یەكێتی تەئكیدكردەوە كە ئەمڕۆ داخوازیی هاووڵاتیان بۆ مووچە و بودجەی ئاوەدانی و بوژاندنەوە تەنها و تەنها لەڕێگەی پەرلەمان و حكومەتێكی نوێوە دەكرێت، كە پشتبەستوو بە بڕیاری خەڵكی كوردستان دەتوانێت پێداگریی لەسەر مافە دەستوورییەكانی كوردستان و شایستە داراییەكانی گەلەكەمان بكات و لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ دانوستانێكی دادپەروەرانە و ئازایانەی لەسەر بكات.
لەلایەكی دیكەوە، پامێلا جەی هاك جێگری كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان و لە میانی دیدارێكدا لەگەڵ دارا خەیلانی ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، دووپاتیكردەوە كە «ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پشتگیری لە هەڵبژاردنێكی ئازاد و شەفاف و دادپەروەر لە هەرێمی كوردستان دەكات و بە پڕۆسەیەكی گرنگ بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك و پاراستنی قەوارەی هەرێم دەزانێت».