مەكتەبی سكرتاریەت پێشمەرگەی دێرین بەرزانی تەمینی بەسەركردەوە

10:26 - 2024-04-03
کوردستان
106 جار خوێندراوەتەوە

لەسەر راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال، دوێنێ مەكتەبی سكرتاریەت سەردانی پێشمەرگەی دێرین هەڤاڵ بەرزان حەسەن ناسراو بە (بەرزانی تەمین)یان كرد.
لەو بەسەركردنەوەیەدا، مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال، رۆڵ و پێگەی هەڤاڵ بەرزان-یان بەرزنرخاند كە لەماوەی ژیانی پێشمەرگایەتیدا وەك قارەمانێكی كوردایەتی چەندینجار بریندار بووە و لە ساڵی 1988 بەچەكی كیمیایی لە شاناخسێ برینداربووە و تائێستاش لێكەوتەكانی ئەو رووداوە سەخت و تراژیدیایانەی ژیانی پێشمەرگایەتی بەجەستەیەوە ماوە و لەگەڵی دەژی، بەڵام سەرباری هەموو ئەو نەهامەتیانە وەك تێكۆشەرێك بە ورەیەكی بەرز ماوەتەوە و بۆ ساتێكیش پشتی لە گەلەكەی نەكردووە، كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە چاوی رێزەوە لەو مێژووە پرشنگدارەی هەموو ئەو تێكۆشەرانە دەڕوانێت كە بەشێكی گرنگ بوون لە سەرخستنی شۆڕشی نوێ، وەك مەكتەبی سكرتاریەتیش بە ئەركی خۆی دەزانێت لە خزمەتی هەموو ئەو هەڤاڵانەدا بێت كە بەشێك بوون لە خەباتی چەكداری.
لەبەرامبەردا، هەڤاڵ بەرزانی تەمین، ئەم بەسەركردنەوە و ئاوڕدانەوەیەی بە هەنگاوێكی ئەرێنی وەسفكرد بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە ژیان و گوزەرانی هەموو ئەو تێكۆشەرانەی رۆژانێك ژیانی خۆیان بەخشی بە شۆڕشی كوردایەتی و دووپاتیشكردەوە كە وەك هەمیشە لە خزمەتی رێبازی سەرۆك مام جەلال و كوردایەتیدا دەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان