هاووڵاتیی خاوەن ماف و كوردستانی خاوەن قەوارە

10:37 - 2024-04-03
کوردستان
173 جار خوێندراوەتەوە

 تێڕوانینێكی رەوا نییە كە بە هۆی ركابەرێتی و لە ئێستاشدا تای پێشوەختەی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، هێزە سیاسییەكانمان یەكتر بەسەر دوو بەرەی تەواو دژبەیەكدا دابەش بكەن، ئەوەی شەڕی ماف و قووتی هاووڵاتیان بكات و بەهۆیەوە ناچار بە هاوئاهەنگیی سیاسیی زیاتر بێت لەگەڵ حكومەتی فیدراڵدا، بە (نەیار)ی قەوارەی هەرێمی دابنێین!، ئەوەشی كە بەهۆی تەماحی حزبییەوە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی پێ باش نییە‌، بە پەرۆشی بێ ركابەری پاراستنی قەوارەكە.
  ئەم دابەشكارییە، بێسوودە، چونكە نە مێژووی قوربانیدانەكان، بەتایبەتی بۆ هێزێكی سیاسیی وەك (ی.ن.ك)، نە خەباتی حزبی تری گۆڕەپانەكەش، كە لە ئەولەویەتی دابینكردنی مووچە و گوزەراندا بۆ هاووڵاتیان، هاوهەڵوێستی یەكێتین، هیچیان بە مەبدەئی پاراستنی قەوارەی هەرێم ناكۆك نین. هاوكێشەكە، تەنها ئەوەیە كە كوردستان و كوردستانیان، هەردوو وەكیەك، مافیان بەسەر هێزە سیاسییەكانەوە هەیە. ئەگەر دادگای فیدراڵی لە زیاتر لە بڕیارێكدا جەختی لە ماددەی (117)ی دەستووری هەمیشەیی كردبێتەوە كە ناساندنی هەرێمە وەك قەوارەیەكی دەستووری، ئەوا كاری لەپێشینە بۆ پارتە سیاسییەكانمان دەبێتە پاراستنی مافی كوردستانییان. سیاسەتی یەكێتییش هەر ئەمە‌یە: كوردستانێكی خاوەن قەوارە، بەڵام بە هاووڵاتییەكی خاوەن مافیشەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان