نوێنەرانی کورد دەنگ بەبەشێک لە بڕگەکانی پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراک نادەن

11:08 - 2022-06-08
عیراق
514 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراک کۆدەبێتەوە، پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێت، "ھەوڵ ھەیە پێشنیازە یاساکە تێپەڕێنرێت و ھەرێمی کوردستانیش لەو بڕە پارەیەی بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان دیاریکراوە بێبەشکراوە".

کۆردۆ عومەر ئەندامی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، ئەمڕۆ کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدانە بە پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراک، ھەرچەندە تێبینی لەبارەی پێشنیازە یاساکەوە ھەیە بەڵام ھەوڵ ھەیە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و تێپەڕێنرێت.

باسی لەوەشکرد، ھەرێمی کوردستان بێبەشکراوە لەو بڕە پارەیەی بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان دیاریکراوە، بۆ ئەوەش ھەوڵی زۆریان دا بەشێک لە پڕۆژەکانی سایلۆ و بەنداوەکان بێبەش نەکرێن و بڕێکیان بۆ دیاری بکرێت بەڵام ئامادەنین پشکی ھەرێمی کوردستان دیاری بکەن، بۆ ئەوەش پەرلەمانتارانی کورد دەنگ لەسەر ئەو بڕگەو ماددانە دەدەن کە لە بەرژوەندی ھاووڵاتیانە و ئەو بڕگەیەش کە بۆ دیاریکردنی بڕی 8 تریلیۆن دینار بۆ پەرەپێدانی ھەرێمەکان و ھەرێمی کوردستانی لێ بێبەشکراوە، دەنگی پێنادەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان