شه‌هلا گه‌رمیانی
له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌كه‌دا وه‌ستام، تۆزێك له خۆمم روانی، به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كه‌وه له دایكمم پرسی گه‌ر من بمرم تۆچی ده‌كه‌یت؟ پێش ئه‌وه‌ی دایكم تووڕه بێت به نازێكه‌وه ماچێكم بۆ هه‌ڵدا و له ژووره‌كه چوومه ده‌ره‌وه. رۆژێكی گه‌رم بوو هه‌تاو هێنده به قووڵی خۆی كێشابوو به كه‌مه‌ری شه‌قامه‌كاندا، كه به‌ر له مرۆڤ دره‌خته‌كان قرچه‌ی هه‌ڵوه‌رینی گه‌ڵاكانی هه‌ستپێده‌كرد. گه‌یشتمه نزیكی باخچه‌كه له‌پڕ ده‌نگێك هاته گوێم! نا بۆ كوشتنی ژن. نه‌فره‌ت له بكوژانی ژن. ئاوڕمدایه‌وه بینیم ژماره‌یه‌كی زۆر له ژن چه‌ندین لافیته‌یان به‌ده‌سته‌وه گرتووه و به‌ده‌نگی به‌رز هاوار ده‌كه‌ن و دروشم ده‌ڵێنه‌وه، چه‌ند په‌یامنێرێك هه‌واڵی ئه‌و گردبوونه‌وه‌یه‌یان ده‌گواسته‌وه، لێیان نزیك بوومه‌وه هاوڕێكه‌مم به‌رچاو كه‌وت، رۆیشتمه ته‌نیشتییه‌وه چرپاندم به گوێیدا، چی بووه؟ پێی وتم: تۆ وه‌ره له‌گه‌ڵمان له رێگا بۆت باس ده‌كه‌م. دیاربوو گردبوونه‌وه‌كه له كۆتاییه‌كه‌یدا بوو. له‌گه‌ڵ هاوڕێكه‌م رۆیشتم، سواری ئۆتۆمبێلێك بووین. هێواش هێواش شوێنی مه‌راسیمه‌كه‌مان به‌جێهێشت به‌ره‌و گۆڕستانه‌كه به‌ڕێكه‌وتین، له جامی ئۆتۆمبێله‌كه‌وه سه‌یری ئه‌و كچانه‌م ده‌كرد كه سێڵـفیان له‌گه‌ڵ خه‌ونه‌كانیان ده‌گرت. هاوڕێكه‌م چیرۆكی یه‌كه‌م په‌یوه‌ندی ئه‌و كچه‌ی بۆ گێڕامه‌وه كه به‌ر له مه‌رگ پێی وتبوو خۆشه‌ویستی جگه له جه‌نگێك هیچی تر نییه. رۆژێك دێت ئه‌م خۆشه‌ویستییه ده‌مكوژێت! به‌ده‌م گریانه‌وه چیرۆكی ئه‌و كچه‌ی بۆ ده‌گێڕامه‌وه و ده‌یگوت: بۆچی ده‌بێت ژن له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی بكوژرێت؟ هێنده چووبوومه نێو چیرۆكی ئه‌و كچه‌وه وامده‌زانی ئیتر ژیان تروسكاییه‌كی تێدا نه‌ماوه. ئۆتۆمبێله‌كه له جاده قیره‌كه لایدا و رۆیشته سه‌ر خۆڵه‌كه، ئیدی تێگه‌یشتم كه وا نزیك بووینه‌ته‌وه. دوای چه‌ند خوله‌كێك گه‌شتینه په‌نا گۆڕستانه‌كه، چاومان ده‌گێڕا بۆ گۆڕێكی تازه، ته‌پۆلكه‌یه‌كی گڵی سوور و دوو به‌ردی ناڕێك له‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ری به‌س بوون كه پێمان بڵێن ئه‌وه گۆڕێكی تازه‌یه. من پێش ئه‌وان هه‌نگاوی خێرام نا بۆ سه‌ر گۆڕه‌كه زۆر رامام به‌دیارییه‌وه هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵم هه‌ڵكێشا، بیرم له چیرۆكی ژیان و مه‌رگیان ده‌كرده‌وه. ئیتر ورده ورده ئه‌وانیش هاتن، به‌لافیته و چه‌پكه گوڵه‌كانیانه‌وه ده‌وری گۆڕه‌كه‌یاندا، كامێرامانه‌كان ده‌ستیان كرد به‌چركاندنی وێنه، وێنه له دوای وێنه. ئاوڕم دایه‌وه بۆ ناو گۆڕستانه‌كه، گۆڕه‌كانی ئه‌و ده‌وروربه‌ره زۆری ته‌ختی زه‌وییه‌كه ببوون، هه‌مووشیان ته‌نها دوو به‌ردی سپی ناڕێك له‌سه‌ر و خواریان و هیچی تر، نه ناوێك، نه به‌روارێك له‌سه‌ریان نه‌بوو، سه‌یر بوو به‌لامه‌وه! هه‌نگاو له دوای هه‌نگاو هه‌روا سه‌رنجم ده‌دا، نه گۆڕێك نه دوان نه سیان... هه‌ر هه‌مووی له‌یه‌ك ده‌چوو! له‌وپه‌ڕی گۆڕستانه‌كه چاوم كه‌وته‌سه‌ر دوو پیاو سه‌رقاڵی ناشتنی ته‌رمێك بوون په‌یتا په‌یتا به پشتی خاكه‌ناز گڵه‌كه‌یان ده‌كوتایه‌وه، چاویان له‌سه‌ر قه‌ره‌باڵغییه‌كه‌ی ئێمه بوو خێرا پاچ و خاكه‌نازه‌كه‌یان هه‌ڵگرت و به‌ده‌م خۆته‌كاندنه‌وه هه‌نگاویان ده‌نا. چاوه‌كانم هه‌ڵگڵۆفی به‌ڵكو تارمایی بێت ئاخر بۆچی ته‌نها دوو كه‌س هاتوون و مردوویه‌ك ده‌نێژن؟ هه‌ر بڕوام نه‌كرد، هه‌نگاوم نا به‌خۆمم ده‌گوت به‌ڵكو ئه‌وه تارمایی بێت، كه‌وتبێته به‌رچاوم؟ به ده‌م رێكردنه‌وه به‌ناو گۆڕستانه‌كه‌دا واقم وڕمابوو، ته‌واوی گۆڕه‌كانی له یه‌ك ده‌چوون، وه‌كو ئه‌وه‌ی مردووه‌كانیش هه‌روه‌ك گۆڕه‌كانیان له یه‌ك بچن! ئه‌و هه‌موو پانتاییه گه‌وره‌یه پڕ بوو له گۆڕی ته‌ختی زه‌وی و هه‌ندێك ته‌پۆلكه‌ی خۆڵین دوو دوو به‌ردی سپی ئه‌ندازه‌ی جیاواز ده‌بینران له‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ریان و هیچی تر، هه‌ر هه‌مووشیان نه ناو نه به‌رواری پێوه نه‌بوو! له دڵی خۆمدا وتم: بۆچی ئه‌م گۆڕستانه بێ ناونیشانه؟ دارێك دره‌ختێك به‌دی نه‌ده‌كرا كه‌چی پڕبوو له پاساری به‌لایاندا تێده‌په‌ڕیم پۆلێك گڤه‌ی باڵیان ده‌هات و هه‌ڵده‌فڕین، كاتێ دوور ده‌كه‌وتمه‌وه جارێكی تر ده‌نیشتنه‌وه. بێئه‌وه‌ی ئاوڕبده‌مه‌وه به سه‌رسووڕمانه‌وه هه‌ر هه‌نگاوم ده‌نا، وشكبوونی گژوگیای ناو گۆڕستانه‌كه ئاماژه‌یه‌ك بوو كه هیچ كه‌سێك سه‌ردانی ئه‌م گۆڕستانه ناكات! گوێم له قرچه‌قرچی دڕك و داڵی ژێر پێ و به‌رپێی خۆم بوو كه به‌ر په‌نجه‌كانم ده‌كه‌وت چزووی تیژی دڕكه‌كان ئازاری پێده‌گه‌یاندم، بێئه‌وه‌ی گوێی پێ بده‌م به‌رده‌وام بووم له هه‌نگاونان. به‌سه‌روسووڕمان و گه‌لێك پرسیاره‌وه ده‌مڕوانییه ده‌وروبه‌ری خۆم. چاوم كه‌وته‌سه‌ر گۆڕستانێكی تر هه‌ر له‌و نزیكه، له جێگای خۆم وه‌ستام و به وردی سه‌رنجم دا. هه‌موو گۆڕه‌كان به‌جۆره‌ها به‌ردی نایاب و مه‌ڕمه‌ڕ هه‌ڵبه‌ستراون كێله‌كانیان شێوه ئه‌ندازه‌ی رێك و پێك بوون، هه‌ر هه‌مووشی به جوانی ناوی ته‌واوی مردوه‌كه و رۆژ و مانگ و ساڵی له‌دایكبوون و كۆچكردنی له‌سه‌ر نووسرابوو، چه‌نده‌ها گۆڕیش چوارچێوه‌ی جوان و په‌نجه‌ره و ده‌رگای ئاسن و چه‌تر و جێگای دانیشتنیان بۆ دروست كرابوو، لار و له‌نجه‌ی دره‌خته‌كان و گه‌شانه‌وه‌ی گوڵه‌كان گۆڕستانه‌كه‌ی جوانتر كردبوو. ئاوڕم دایه‌وه بۆ ده‌وروبه‌ری خۆم ئه‌وكات تێگه‌یشتم و گرێ كۆنه‌ی ئه‌م گۆڕستانه‌م بۆ كرایه‌وه، بۆم ده‌ركه‌وت كه سته‌م ته‌نها له ژیاندا نییه به‌ڵكو دوای مه‌رگیش سته‌م جۆرێكی تر خۆی وێنا ده‌كات، ئه‌و ژنانه‌ی له ژیاندا سته‌میان لێكراوه له‌ناو گۆڕیشدا بێ ناونیشانترین مرۆڤن له‌م نیشتمانه‌دا. زه‌نگی مۆبایله‌كه‌م رایچڵه‌كاندم. ده‌ستم برد بۆ جانتا بچوكه‌كه‌م كه چه‌پ و راست كردبوومه شانم سه‌یرێكم كرد هاوڕێكه‌م بوو بێئه‌وه‌ی وه‌ڵامی بده‌مه‌وه زه‌نگه‌كه‌م بڕی و ئاوڕم دایه‌وه بۆلای ئه‌و له دووره‌وه به ده‌ست ئاماژه‌ی بۆ ده‌كردم بگه‌ڕێمه‌وه، ئه‌وكات زانیم چه‌نده دوور كه‌وتوومه‌ته‌وه. دڵم پڕ ببوو، گریان ته‌نگی پێهه‌ڵچنی بووم هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی مرۆڤێك ده‌ستی خستبێته نێو دڵمه‌وه، فرمێسكه‌كانم به‌رچاویان لێڵ ده‌كردم زوو زوو ده‌مسڕین بۆ ئه‌وه‌ی به‌رپێی خۆم ببینم. ویستم بگه‌ڕێمه‌وه ده‌نگی گریانێك هاته به‌ر گوێم بینیم ژنێك راكشاوه و باوه‌شی كردووه به گۆڕێكدا له‌چكه ره‌ش و پرچه ماش و برنجییه‌كه‌ی تێكه‌ڵ به‌خاك و خۆڵه‌كه ببوو، ژنێكی ترم بینی سه‌رتاپا ره‌شپۆش له گۆڕێكه‌وه ده‌ڕۆیشته سه‌ر گۆڕێكی تر و ده‌یلاوانده‌وه هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی گۆڕه‌كان به‌شێك بن له رۆحی ئه‌و ژنه. چه‌ندین ژنی ره‌شپۆشی تر به‌ناو گۆڕه‌كاندا ده‌هاتن و ده‌رۆیشتن به‌ده‌م هاوار و ناڵین و گریانه‌وه. له‌پڕ گێژه‌ڵووكه‌یه‌ك هه‌ڵیكرد، ته‌پ و تۆز ئه‌و ناوه‌ی ته‌نی وه‌ك ئه‌وه‌ی تارماییه‌ك خۆی كێشا بێت به‌م گۆڕستانه‌دا له جێگای خۆم وه‌ستام. گوێم له ده‌نگێك بوو ده‌توت له‌ناو بیرێكی قووڵه‌وه دێت خێراكه وه‌ره‌وه ده‌ڕۆین. به ئه‌سپایی چاوه‌كانم كرده‌وه و سه‌یرێكی ده‌وروبه‌ری خۆمم كرد بیرم لای ئه‌و ژنه بوو، كه ده‌گریا ئاوڕم دایه‌وه بۆلای گۆڕه‌كه له‌وێ نه‌مابوو! سه‌یرێكی ناو گۆڕستانه‌كه‌م كرد هیچ ژنێكی ره‌شپۆشی لێ نه‌بوو، له گۆڕستانه‌كه ده‌رچووم و بۆ دواجار چاوم گێڕا به‌و پانتاییه گه‌وره‌ییه‌دا كه خاكه‌كه‌ی ئه‌و هه‌موو مێیینه‌یه‌ی له ناخی خۆیدا هه‌ڵگرتبوو، ته‌نها ژماره‌یه‌كی زۆر به‌رد ده‌بینران و هیچی تر، بوو بوو به نیشتمانێك له به‌رد هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵم هه‌ڵكێشا و رۆیشتم. چه‌ند جارێك له جامی ئۆتۆمبێله‌كه‌وه ئاوڕمده‌دایه‌وه بۆ گۆڕستانه‌كه، كاتێكیش گه‌یشتینه سه‌ر قیره‌كه چاوم هه‌ر له‌سه‌ری بوو، له‌گه‌ڵ دووركه‌وتنه‌وه‌مان ئه‌ویش ورده ورده له‌به‌رچاو دوورتر ده‌كه‌وته‌وه. ته‌نها ژماره‌یه‌كی زۆر به‌ردی سپی دیار بوون له ژێر تیشكی گه‌رمی خۆره‌كه‌دا ده‌بریسكانه‌وه.