لایەنەکانی کەرکوک چاوەڕوانی یەکلاکردنەوەی پۆستەکانی پارێزگاکەن

12:21 - 2024-04-13
کوردستان
398 جار خوێندراوەتەوە

حزب و لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک چاوەڕوانی سێهەمین کۆبوونەوەن لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عیراقدا بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگاکە و یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک.
ئەحمەد فاتیح، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "دوای گەڕانەوەی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە ئەمریکا، لایەنە براوەکانی کەرکوک جارێکی دیکە بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگاکە و یەکلاکردنەوەی پرسی پۆستی پارێزگاری کەرکوک کۆدەبنەوە".
وتیشی، "چاوەڕوان دەکرێت لەو کۆبوونەوەیەدا پرسی ئەنجومەن و پارێزگاری کەرکوک یەکلایی بکرێتەوە، چونکە لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق، لە ئێستادا تەنها پارێزگای کەرکوک ماوە ئەنجومەنی پارێزگاکە کارابێت و پارێزگار دەستنیشان بکات".
هاوكات پێشتر دووجار، به‌ ئاماده‌بوونی بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، لایه‌نه‌ سیاسییه‌ براوه‌كانی كه‌ركوك له‌ به‌غدا بۆ تاوتوێكردنی هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێیی كه‌ركوك و دیاریكردنی پارێزگارو سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك کۆبوونەتەوە و بڕیاریشە دوای گەڕانەوەی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە ئەمریکا جارێکی دیکە لایەنە براوەکانی کەرکوک لەسەر مێزی گفتوگۆ لە بەغدا کۆببنەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زۆرترین دەنگی لە پارێزگای کەرکوک بەدەستهێناوە و بە مافی خۆی دەزانێت پۆستی پارێزگاری شارەکە وەربگرێت بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن.

#کەرکوک

بابەتە پەیوەندیدارەکان