سۆزان مەنسور: سودانی، پرسە ئەمنی و دارایی و ئیقلیمییەكان باس دەكات

09:49 - 2024-04-14
عیراق
77 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران، رایدەگەیەنێت: تەوەری سەرەكیی بەرنامەی كاری سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ ئەمریكا، پەیوەندی بە پرسی ئەمنی و ئابووری و كێشە ئیقلیمییەكانەوە هەیە.
سۆزان مەنسور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی یەكێتی، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: سەردانەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ ئەمریكا و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە و كاربەدەستانی دیكە، گرنگی و بایەخی خۆی هەیە و ماوەیەكە ئامادەكاری بۆ دەكرێت. وتیشی: بەگوێرەی ئەو بەرنامەیەی بۆ سەردانەكە و دیداری لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا دانراوە، باس لە پرسی كۆتاییهاتنی ئەركی هاوپەیمانی لە عیراق  و  پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانی عیراق و ئەمریكا لەڕووی ئەمنی و سەربازی، پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكان لەڕووی ئابووری و قەرزەكانی سەر عیراق دەكرێت، هەروەها دۆسێكانی ئیقلیمی بەتایبەتی شەڕی غەززە تەوەرێكی تری گفتوگۆكان دەبێت.
لەبارەی پرسی مووچە و بودجەی هەرێم و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، وتی: جگە لەو بابەتانەی لە بەرنامەی كاری سەردانەكەی سەرۆك وەزیراندا هاتووە، دیار نییە باس لە پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا لەگەڵ هەرێم بكرێت، وتیشی: لەو باوەڕەدا نیم لە سەردانەكەی سودانی-دا، باسی مووچە و بودجەی هەرێم بكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان