زۆرێک لە راگەیەندراوە رەسمییەکان و هاموشۆی وەفدەکان لە میدیا رەسمییەکانی بەغدا و هەرێمەوە، هەستێک دەداتە هاووڵاتیانی پەرۆشی سەقامگیربوونی دۆخەکە، کە ئیتر ئەوە رێڕەوی پێکهاتن و کردنەوەی گرێکوێرەکان رووە و خاڵی کۆتایی دەچێت و خەڵک لە دڵەڕاوکێ رزگاریان دەبێت و دەگەنە خاڵی کۆتایی گەمەکە.
بەڵام لەپڕ لێرە و لەوێ لێدوانێک دەمانهێننەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم و دووبارە دەبێت گەمەکارە سەرەکییەکان بکەونەوە کار بەو هیوایەی دەست بە گەمەی مفاوەزە بکەنەوە و لانیکەم بگەنەوە کەناری ئارامی.
بەشێک لە هەردوولا لە بۆسەدان، نە لە خەمی دۆخی هەرێمدان و نە لەخەمی دۆخی عیراقدا، تەنها حەزی نێرجسییەت و خۆدەرخستن بەرچاوی تاریک کردوون و گوێ بە هیچ نادەن (ئەوەی دەیڵێن نایڵێنەوە) و لە هەستیارترین بارودۆخدا دەسەڵاتدارانی بەغدا لە هەرێم دەوروژێنن و دەیانەوێت لە رێی لێدوانێکی ئیستیفزازییەوە دژی بەغدا یان بەپێچەوانەوە، بە خەڵک بڵێن ماوین و هێشتا ئاگاداری رەوتی رووداوەکانین.
یان بۆ بەرژەوەندیی شەخسی و بەهیوای موجامەلەیەکی کۆنە بەعسییەکان یان بەدەستهێنانی مقاوەلاتێک لە بوارێکدا قسەیەک فڕێ دەدەن و ئاراستە و رێڕەوی نزیکبوونەوە و دانوستانەکان بەرەو خوارەوە دەهێنێتەوە.
کاتی ئەوەیە ئەگەر هەرێم و بەغدا نییەتی نزیکبوونەوە و رێکەوتن و چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانیان هەیە، پێش چوون و هاتنی وەفدەکان بیر لە داخستنی دەمی ئەو کەسانە بکەنەوە کە هەمووجارێک ریسەکە دەکەنەوە بەخوری و دەمانگێڕنەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم، ئەگەرنا دەبێت هەموو خولێکی دانوستان بەشێکی تەرخان بکەن بۆ راستکردنەوە و پۆزش هێنانەوە لەپای لێدوانی هەڵەی کەسانێک جگە لە بەرژەوەندیی خۆیان هیچ بەرژەوەندییەکی گشتی رەچاو ناکەن.