ناردنی مووچەی مووچەی خۆرانی هەرێم لە لایەن حكومەتی عیراقەوە بەردەوام دەبێت و ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراقیش دەڵێت، كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەر كراوە و لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی عیراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش دەنێردرێت.
مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق بە پیوكەی میدیای راگەیاند، رۆژی دووشەممە لە لایەن لیژنەی داراییەوە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكرێت، كە ئێستا بەشێوەیەكی كاتی و لە رێگەی بودجەی فیدراڵی بەبێ ئەنجامدانی هەندێك رێكار چارەسەر كراوە.
وتیشی، حكومەتی فیدراڵ هەموو مانگێك لە 18ی مانگەوە بەپێی ریزبەندی وەزارەتەكان دەست بەدابەشكردنی مووچە دەكات و لەوچوارچێوەیەشدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەنێرێت و ناردنی مووچەی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت.
لایخۆیەوە، چرۆ حەمە شەریف، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە پیوكەی میدیای راگەیاند، هیچ كێشەیەك لە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن حكومەتی عیراقەوە نەماوە و مانگانە لە 18ی مانگ تا 30 مانگ مووچە بۆ هەرێم دەنێردرێت.
وتیشی، تاكو (تەوتین)کردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بانكە حكومییەكانی عیراقەوە، بڕیاردراوە بەپێی ئەو لیستەی حكومەتی هەرێم مانگانە دەینێرێت بۆ حكومەتی عیراق، دوای وردبینی لە لایەن وەزارەتی داراییەوە مووچەكانیان بنێرێت.