״پارێزگاری بەوەکالەت و هەندێک هێزی عیراقیش بە ناڕاستەوخۆ لە خزمەتی ئەوانەدان״

شوانەكانی كەركوك ناچارن چەک لەگەڵ خۆیاندا ببەن

09:57 - 2024-04-15
ڕاپۆرت
347 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی دانیشتوانی گوند و ئاواییەكانی دەوروبەری كەركوك ئەوەیە زۆرێکیان خاوەنی زەوی و زاری كشتوكاڵین و ئاژەڵداریشن ‌بەو هۆیەشەوە وێڕای راپەڕاندنی ئەرکی کشتوکاڵ و خزمەتی زەوییەکانیان، ئەرکی شوانكاری و  لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیشیان لە ئەستۆدایە، بەڵام لەدوای پڕۆسەی ئازادیی عیراق بەگشتی و جەنگی دژبە تیرۆری داعشەوە بەتایبەتی، لە گوندەکانی سنووری باشوور و خۆرئاوای کەرکوک ئاستەنگ و گرفت بۆ شوانکارەکان و مەڕ و ماڵاتەکەیان دروست بووە بەهۆی هەڕەشەی پاشماوەکانی داعش لەلایەک و ئەو چەتە و رێگرانەش کە دۆخی لاوازی ئەمنیی ئەو ناوچانەیان قۆستۆتەوە، بۆیە زۆرێک لە شوانەکان ناچارن چەک لەگەڵ خۆیاندا ببەن بۆسەر کارەکەیان.  
هەر چەندە ئێستا بەشێوەیەكی رەسمی داعش هیچ پێگەیەکی جوگرافییان بەدەستەوە نەماوە، بەڵام ناوە ناوە سەرهەڵدەدەن و خەڵكی ناوچەكانی كەركوك تووشی دڵەڕاوكێ دەکەن و لە ماوەی رابردووشدا چەندین كارەساتی دڵتەزێنیان خوڵقاندووە، لەوانە؛ رفاندن و كوشتن و تاڵانكردنی مەڕو ماڵاتەكان، هەر ئەوەشە شوانەكانی گوندەکانی دەوروبەری كەركوكی ناچارکردووە بۆ پاراستنی خۆیان و ئاژەڵەکانیان هەمیشە چەكیان لە شاندا بێت.
ناوە.. ناوە دەردەكەون
لەو رووەوە مەحمود عەلی، کە یەکێکە لەو هاووڵاتیانەی کاری شوانی دەکات لە گوندی یەنگیجەی سەربە قەزای داقوق، دەڵێت: لەدوای راماڵینی داعشەوە لە ناوچەكەمان کەمێک ناوچەکە هێور بۆوە، بەڵام هێشتا لێرە و لەوێ لە شێوەی مەفرەزەی چەكداریدا هەڵدەكوتنە سەر گوند و ئاواییەکانی دەوروبەر و دەست لە مرۆڤ و ئاژەڵ و تاڵانكاریش ناپارێزن.
 وتیشی: لەمساڵدا چەندین رووداوی دڵتەزێن روویانداوە و چەندین هێرشیان لە شەواندا كردۆتە سەر گوندەكان ‌و زیانی زۆری داراییان بە خەڵکەکەی گەیاندووە و بەو هۆیەشەوە بەشێك لە دانیشتوانی ئەو گوندانە كۆچیان کردووە و ناوچەکەیان چۆڵکردووە.
ئەو هاووڵاتییە شوانکارە روونیشیکردەوە کە بۆ لەوەڕاندنی مەڕو ماڵاتەكانیان لە دەوروبەری ئاواییەكەیان دەبێت بەردەوام چەكیان بەشانەوە بێت لانیکەم بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆیان بكەن و وتی: هەندێك جار ئەو چەكدارە پەڕەوازانە پرسێتی تینیان بۆ دەهێنێت، بۆیە پەلەماری ئێمە و ئاژەڵەكانمان دەدەن و ئێمەش ئێستا بۆ بەرگری لە خۆمان چەكمان  پێیە، چونكە ئەگەر وانەکەین ئەوا غافڵگیرمان دەكەن و هێرش دەكەنە سەرمان.

 

هەندێك جار ئەو چەكدارە پەڕەوازانە پرسێتی تینیان بۆ دەهێنێت، بۆیە پەلەماری ئێمە و ئاژەڵەكانمان دەدەن و ئێمەش ئێستا بۆ بەرگری لە خۆمان چەكمان پێیە

 

هەندێک خەڵکی گوندە عەرەبەكان سیخوڕیی دەكەن
هەر لەوبارەیەشەوە عەبدوڵڵا مەجید، کە یەكێكی ترە لە شوانەكانی ناوچەی سەرگەڕان، دەڵێت: ئێمە لە مێژە ئاشنایەتیمان لەگەڵ گوندنشینە عەرەبەكاندا هەیە و تەنانەت ژن و ژنخوازییش لە نێوانماندا هەیە، بەڵام بەداخەوە هەندێکیان ژێر بەژێر سیخوڕی بۆ ئەو چەكدارانەی داعش دەكەن و شەوانە شوێنی شوانەكان بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەكانیان ئاشكرا دەكەن، چونكە هەندێجار لە كاتی بەروڕووبوونەوەماندا لەگەڵ داعشدا، بە ئاشكرا ئەو جۆرە كەسانە لەگەڵ چەكدارەكاندا دەبینین كە هەندێکیان ئاشنایەتیشمان لەگەڵیاندا هەیە و مەڕو ماڵاتە تاڵانكراوەكان لە گوندەکانی ئەوان دەبینینەوە كە لە ئێمەی دەبەن لەكاتی روبەڕوبوونەوەكانماندا.
دەسەڵاتەكانی پارێزگار لە بەرژەوەندیی ئەوانە
کەسێکی دیاری گوندی چەخماخە کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە لەسەر هێرشەكانی چەكدارانی داعش و عەرەبە هاوردەكان بۆسەر گوندەیان، رایگەیاند: لەدوای رووداوەكانی ساڵی 2017ەوە دەسەڵاتی پارێزگا و هێزە ئەمنییەكان و عەرەبە هاوردەكان و داعش سێ كوچكەیەكی هێرشكردنیان دروستكردووە و وتیشی: هەر جارەی بەبیانوویەك و لەژێر ناوێکدا هەڵدەكوتنە سەر گوندەکانمان و هەوڵی داگیركردنی زەوی و زەوتکردنی ئاژەڵەکانمان و جێگیركردنی عەرەبە هاوردەكان دەدەن و لەپاڵ ئەوەشدا شوانەكانمان بۆ لەوەڕاندنی مەڕو ماڵاتەكانیان تووشی ناڕەحەتی ‌و دەربەدەرییەكی زۆر دەبنەوە كە هەندێکجار رووداوی دڵتەزێنی كوشتن و برینداركردنیشی لێدەكەوێتەوە.
روونیشیکردەوە کە ئامانجیان لەو دۆخە ئەوەیە كە زێدی باو باپیرانمان چۆڵ بكەین بۆ عەرەبە هاوردەكان كە ئەمەش بە زیانی گەورە لەسەر گوندەکانمان دەكەوێتەوە و هیچ لایەنێكیش وەک پێویست پشت و پەنامان نییە.
باسیشی لەوە كرد کە زۆرجار هێرشەكانیان لەو كاتانەدا دەكەن كە كاتی تۆوكردن و كێڵانی زەوییەكانە، یان كاتی دروێنە و كۆكردنەوەی بەروبوومەكانە و هەندێكجاریش ئاگر لە زەوییە كشتوكاڵییەكانمان بەردەدەن ‌و رەنجی هەموو ساڵەكەمان بەفیڕۆ دەدەن ئەم كارەشیان بە پاڵپشتی پارێزگاری بە وەكالەتی كەركوك دەکەن تا پڕۆژەكانیان جێبەجێ بكات بۆ سەرخستنی مەرامەکەیان کە پڕۆسەی  بە عەرەبكردنە لە كەركوك و دەوروبەری.
هەندێک لایەنی تریش  پاڵپشتیانە 
گەیلان قادر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، رایگەیاند: ئێمە وەكو پەرلەمانتارانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زۆربەی هەوڵەكانی بە عەرەبكردنمان لە كەركوك پووچەڵ كردۆتەوە، بەڵام بەداخەوە بە پاڵپشتی هەندێك لە عەرەبە شۆڤینییەكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران جارێكی تر دەیانهێننەوە بۆ داگیركردنەوە و هێرشكردنە سەر خێزانە کوردەکانی ئەو گوندانە، بۆیە ئێستا گوندەکانی كەركوك و دەوروبەری لە بارێكی دەروونیی ناخۆشدان و شوان و جووتیارانی گوندەكان بەردەوام لە هەوڵی خۆپاراستندان تا بتوانن  بژێویی رۆژانەیان دابین بکەن، ئێمەش دڵنیایان دەكەینەوە كە پشت‌و پەنایان دەبین و لە هیچ كەسێكی قبووڵ ناكەین دەستدرێژیی بكەنە سەریان.

#کەرکوک #راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان