ئاسایشی دەروونی

11:37 - 2022-06-11
کەلتور
465 جار خوێندراوەتەوە

د. أحمد خالد توفیق
و: رۆزا دڵشاد مەریوانی

یەکێک لەو گرتە ڤیدیۆییانەی رۆژانە پێمدەگات، ئەو کلیپانەیە تێیدا خانمە بێژەرێک لەسەر شەقام دەردەکەوێت و پرسیارێکی ئاسان لە کۆمەڵێک گەنج دەکات، دەبینین ئەو گەنجانە وەڵامی زۆر دەبەنگانە دەدەنەوە و هیچ شتێک نازانن، بەو شێوەیە خەڵکی دەیدەنە قاقای پێکەنین و بەزەییان بە حاڵی خوێندنی ئەم سەردەمەدا دێتەوە، خەمی ئەوە دەخۆن ئای ئەم گەلە چی لێ بەسەرهاتووە، هەروەها بە تەواوەتی لەخۆیان رازیدەبن و سوپاس گوزاردەبن دەربارەی خۆیان و ژیانیان و بە بەختەوەری دەخەون.

 

خەڵکی چەندین سەعات بەدیار زنجیرە دراما تورکییەکانەوە دادەنیشن لە بەرواری دانی قیستەکاندا وەڵامی تەلەفون نادەنەوە.. لە کۆتاییشدا جنێو بە سەرەڕۆیی گەنجان دەدەن و بە دڵخۆشییەوە دەخەون!

 

نوێ نییە
ئەم خووە نوێ نییە..لە وتارێکی کۆندا ساڵی 1971 دەربارەی بەرنامەیەکی جەماوەری نووسیبووم کاتێک بێژەرەکە پرسیار لە یەکێک لە گەنجە قژ درێژەکان دەکات دەربارەی ئەوەی ئایا رەنگی سەگی ئاویی دەریای شین چ رەنگێکە کاتێک بۆ مەلەکردن دەچێتە دەریای سوورەوە..لەوێدا پرسیاری ئەوەم کرد ئایا هەر لە بنەمادا دەریای شین هەیە؟! بەڵام باوکم هاوارێکی کرد بەسەرمدا بێدەنگ بم تاوەکو گوێی لە وەڵامەکە بێت، ئەو گەنجە وەڵامی دایەوە بێگومان رەنگی سەگی ئاویی قاوەییە، لێرەدا خەڵکی دایانە قاقای پێکەنین و چەندین هەفتە رۆژنامەکان گاڵتەیان بەو گەنجە دەکرد.
هەرچەندە بە تەمەن منداڵ بووم، بەڵام دەمزانی ئەو گەنجە بەو رادەیە دەبەنگ نییە و هەستیکردووە تەڵەیەک لە پرسیارەکەدا هەیە و خۆی بۆ ئامادەکردووە یان بڕیاری داوە بە گاڵتەجاڕییەوە وەڵامبداتەوە و وێنای نەکردووە پرسیارەکە بەو راددەیە ئاسان بێت، بەهەرحاڵ ئەو پرسیارە پێوەر نییە بۆ ئاستی رۆشنبیری کەسێک، خەڵکی گەلەکۆمەکێ دەکەن بۆ گاڵتەپێکردن بەو کەسە کەچی پاڵەپەستۆ دەنێنەوە بۆ کڕینی گیا و رووەکی کوڵاو بێ ئەوەی بزانن چییە، ئەو چارەسەرکەرە بە گیای سروشتی بە نرخی زێڕ دەیفرۆشێت یان دەیکەنە قەرەباڵغی بۆ بینین ئەو درەختەی چڵەکانی وەکو ناوی خودایە، جنێو دەدەن بەو کەسەی گومانی لەو داهێنانە هەیە کە نەخۆشی ئایدز دەکاتە کفتە..
لە هەموو جێیەک هەیە
بێگومان بڕواناکەم ئەوانەی ئەو بێژەرە پرسیاریان لێدەکات بەو راددەیە دەبەنگ بن، راستە دەبەنگ لە هەموو جێیەک هەیە، بەڵام بەو ژمارە زۆر و دڵڕەقە نا، بۆیە شیکردنەوەم بۆ ئەو ڤیدیۆیانە ئەوەیە:
-بێگومان دەرهێنەری بەرنامەکە بە تایبەتی ئەو گرتانە هەڵدەبژێرێت کە تێیدا دەبەنگیی دەردەکەوێت و ئەو گرتانەی زیرەکیی دەردەخەن فەرامۆش دەکات.
-هەندێ کەس مێشکیان دەوەستێت کاتێک لە پڕ یەکێک پرسیاریان لێدەکات ..کچێک لە پڕ بێژەرەکە پرسیاری ناوی لێکرد تەماشای کرد ناوی خۆی بیرچۆتەوە.
- جگە لە سامی کامێرا کە دەبێت بیربکەیتەوە لە کاتێکدا  مایکرۆفۆنێکی گەورە نراوە بە دەمتەوە و دەنگی کامێراکە دێت و دەزانیت وێنەی تۆ دەگوازێتەوە بۆ هەموو دونیا، بێگومان مێشکت تووشی شەلەل دەبێت.
- هەندێ جۆر کەس هەیە خۆی بە زیرەک پیشاندەدات بەوەی دەزانێت تەڵە و فێڵێک لە پرسیارەکەدا هەیە، چونکە ناکرێت وەڵامەکەی هێندە ئاسان بێت و دیارە وەڵامە ناسراوەکە وەڵامی پرسیارەکە نییە.
- لە هەندێ ڤیدیۆدا دەبینیت بێژەرەکە زیاد لە پێویست جوانییەکانی خۆی دەرخستووە، بێگومان ئەوە فاکتەری سەرلێشێواندنە، هەمان رۆڵی یاریدەدەری جادووکەرەکەی هەیە کاتێک لەسەر شانۆ واتلێدەکات نەزانیت کەی کەروێشکەکە لە کڵاوەکە هاتۆتە دەرێ.
 لە کۆتاییدا ئەو ڤیدیۆیانە بۆ ئەوە دیزاین کراوە تاوەکو بینەر هەستبکات زۆر ناوازەیە، هەست بە رەزامەندی بکات دەربارەی خودی خۆی لە دیگای ئەوەوەی «من باشم و تۆ باش نیت» شتی زۆر گرنگ هەیە بۆ ئاشتی دەروونیی کەسەکان و بەبێ ئەوانە هەست بە تووڕەیی و دڵەڕاوکێ دەکەن، پیاوێکی ئاسایی بێگومان باوەڕی بەوە دەبێت گەنجی ئێستا سەرەڕۆ و موو نەرمن، فیلمە کۆنەکان بەڕێز بوون و خاوەن چیرۆک بوون، ئێستا خواردنەکان مەترسیدارن و شێرپەنجەیان پێوەیە، هونەرمەندەکان ژیانێکی بەرەڵا دەژین و نەفسی کەسەکان گۆڕاوە..هتد
خەڵکی ئەم قسانە دەکەن، بەڵام دوا کلیپی هەیفا وەهبی تەماشا دەکەن لەگەڵ دوا فیلمی دەرهێنەر سبکی، لە رۆژنامەدا تەنیا لاپەڕەی پرسەنامەکان دەخوێننەوە، چەندین سەعات بەدیار زنجیرە دراما تورکییەکانەوە دادەنیشن و هەموو بۆ نانی ئێوارە خواردن داوا دەکەن بە دلیڤەری، لە بەرواری دانی قیستەکاندا وەڵامی تەلەفون نادەنەوە، بەرتیل دەدەن بۆ بەڕێکردنی مامەڵەی دروستکردنی بینایەکی تەجاوەز، لەسەر میراتیی پەیوەندییان بە خوشک و براکانیانەوە دەپچڕن..لە کۆتاییشدا جنێو بە سەرەڕۆیی گەنجان دەدەن و بە دڵخۆشییەوە دەخەون!
سەرچاوە:
-فەیسبووک #أحمد_خالد_توفيق 


بابەتە پەیوەندیدارەکان