ئیمان ئامێدی: پێویستە كاری جدی بكرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران

12:25 - 2024-04-15
کوردستان
76 جار خوێندراوەتەوە

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

بڕیارە ئەمڕۆ دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەستپێبكرێتەوە و بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكەش «دەنگدانە لەسەر دوو پڕۆژەیاسا و خوێندنەوەی یەكەمە بۆ سێ پڕۆژەیاسای دیكە». ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش ئاشكرایدەكات كە «هەوڵەكان بەردەوامن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران».
ئیمان ئامێدی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: ئەو پڕۆژەیاسایانەی بڕیارە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دەنگی لەسەر بدرێت، هەمواركردنەوەی یەكەمی یاسای چاودێریی خاوەن پێداویستی تایبەت، دەنگدان لەسەر هەمواركردنەوەی یەكەمی یاسای بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی لەشفرۆشییە، كە تا ئێستا گفتوگۆكان بەردەوامن و چەندین پێشنیاز بۆ چۆنیەتی دەنگدان لەسەر هەمواركردنەوەكەی خراوەتەڕوو، هەروەك خوێندنەوەی یەكەم بۆ سێ پڕۆژەیاسا (قەرەبووكردنەوەی ئەو كەسانەی لەسەردەمی رژێمی بەعسدا بەشێك لە ئەندامانی جەستەیان لەدەستداوە، گەڕانەوەی موڵك و ماڵی ئەوانەی بەبڕیاری رژێمی بەعس لێیان داگیركراوە، هەمواركردنی دووەمی دەزگای زیندانیانی سیاسی ساڵی 2006) دەكرێت و هەوڵدەدەین هەرێمی كوردستان لە هەموو ئەو قەرەبووانە سوودمەندبن و خەڵكی كوردستان لێی بێبەش نەكرێن.
لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانیشەوە، ئیمان ئامێدی، دەڵێت: ئەو پرسە یەكێكە لەوانەو پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران لە دوای پشووەكانەوە یەكلایبكاتەوە و ژمارەیەك پڕۆژەیاساش هەن پێویستی بە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانە تا بخرێتە بەرنامەی كارەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان