مەعروف مەجید*
رۆژی کیمیابارانکردنی «شێخ وەسان و بالیسان» لەلایەن رژێمی بەعسەوە، بە رۆژی ژینگەی کوردستان دیاری کراوە، کە بۆ یەکەمجار ئەو چەکە قه‌ده‌غه‌كراوە بەرامبەر ئەو ناوچانە بەکارھێنرا و لە ئێوارەی 16/4/1987دا ئەو ناوچانە کیمیاباران کران.
سه‌ره‌تای شێواندنی ژینگەی كوردستان
وێرانكردنی ژینگەی کوردستان لەساڵانی هه‌شتاكانەوە ده‌ستیپێكرد هه‌ر لە راگواستنی گونده‌كان و ناونانییانەوە به ناوچەی قه‌ده‌غه‌كراو، ئه‌مه یه‌كه‌م هه‌نگاو بوو. به تایبه‌تیش دوای ساڵی 1988 كه شاڵاوەکانی ئەنفال بەڕێوەچوو و بووەهۆی خاپووركردنی 4500 گوند و زۆربەیان كانی و سه‌رچاوەکانی ئاویان وشكکران، جگە لە ره‌ز و باخی چێنراو و سرووشتی سه‌ره‌رای نەهێشتنی ئاژه‌ڵ و باڵنده کە بەهۆی نەمانی سەرچاوەی خۆراکیانەوە ئەوانیش ناوچەکەیان چۆڵکرد، هەموو ئه‌مانه ده‌كرێت به یه‌كه‌م هەوڵ و هه‌نگاو بۆ وێرانكردنی ژینگەی كوردستان دابنرێن.
لە دوای راپه‌رینیشەوە ده‌رفه‌تی باش هاته‌ئاراوه تا جارێكی تر گونده‌كان و سروشتەکەی ئاوه‌دان بكه‌ینه‌وه، بەڵام ئێمه‌ش وەک پێویست گرنگیمان بە ژینگە نەدا و زۆربەی ناوچە سروشتییەکانمان کرد بە ناوچەی نیشتەجێ بوون.
حكومه‌ت و خه‌می ژینگه
لە دوای ساڵی 1992 ەوە تا ساڵی 2008 شتێك نه‌بوو به ناوی وه‌زاره‌ت یان ده‌ستەی پاراستنی ژینگه و ده‌رچوونی یاسایی ژماره 8ی تایبه‌ت به ژینگه، چه‌ندین یاسای تایبه‌ت بۆ پاراستنی ژینگه ده‌رچووه، به‌ڵام به‌شێك لە‌و پێشێلكارییانەی كه پێشتر به‌رامبه‌ر به ژینگه كراون هی پێش ئه‌و یاسایەن.
ئەگەرچی ئێستا ده‌سته‌یه‌ك هه‌یه بەناوی ژینگەوە، به‌ڵام لە ئاستی تموحاتی ژینگه‌دۆستاندا نییه، چونکە جگە لە‌و دەستەیە لەڕووی ئیدارییەوە شۆڕنەبۆتەوە بۆ شار‌و شارۆچکەکان.
مه‌ترسییه ژینگەییەکان
هه‌رێمی كوردستان چه‌ند مه‌ترسیه‌كی گه‌ورەی لەڕووی ژینگەوە تێدایە، پێده‌چێ ئه‌گه‌ر هه‌وڵ بدرێت چاره‌سه‌ركردنیان ئاسان بێت وەک:
*كه‌می رێژەی سه‌وزایی
به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌می بەشێک لە هاووڵاتیان و حكومه‌تەوە هێشتا هیچ ئامارێكی رەسمی نییه كه هه‌رێمی كوردستان رێژەی سه‌وزایی ستانداردی جیهانیی تێپەڕاندبێت، بگره هه‌ندی ئامار و داتا مایەی نیگه‌رانیین كه به‌شێكی زۆر لە شار و شارۆچكه‌كان رێژەکە‌یان ناگاته ژمارەی په‌نجه‌كانی ده‌ست، به تایبه‌تی لە ناوچەکانی سنووری گه‌رمیان.
وته‌بێژی ده‌ستەی ژینگه ده‌ڵێت: رێژەی سه‌وزایی لە هه‌رێمی كوردستان بەجیاوازیی ناوچەکانەوە لە 10 ٪ تا 18 ٪ ، به‌ڵام ئه‌م ئامارانه پشتڕاست نه‌كراونه‌ته‌وه و به‌شێك لە‌و ئامارانەش هی ساڵی 2015یه كه لە‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كشتوكاڵه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه.
پێشترش به پێی ئامارێكی ده‌ستەکە لە ساڵانی 2010-2019 یه‌ك ملیۆن دۆنم دارستان لە هه‌رێمی كوردستان به هۆی تۆپبارانی وڵاتانی ئیقلیمییەوە سووتان.
بەڕێوبه‌ری پاوان و دارستان لە وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ئاماژه به‌وه ده‌كات کە هه‌رێم خاوه‌نی دوو ملیۆن و 500 هه‌زار دۆنم دارستانی سروشتی و 35 هه‌زار و 490 دۆنم دارستانی ده‌ستكرده، ته‌نها لە ماوەی 10ساڵی رابردوودا، ملیۆنێك و 265هه‌زار و 258 دۆنم دارستان سووتاون، كه نزیكەی 50 ٪ی دارستانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به ده‌ستكرد و خۆڕسكەوە لە‌ناوچوون.
*زۆر بوونی ئۆتۆمبێل:
یه‌كێكی تر لە‌و گرفتانەی كه ئێستا بوونەته هۆی پیسكردنی ژینگه، گواستنه‌وەی تایبه‌ته، كه به‌پێی ئاماره‌كان ته‌نها ئه‌و ئۆتۆمبیلانەی لە هەرێمدا تۆماركراون دوو ملیۆن و 400 هەزار ئۆتۆمبیلن. جگه لە‌وانەی بێ سه‌ره‌تا و ژماره‌یان هی شاره‌كانی دیکەی عیراقە، ئه‌مه‌ش هۆكارێكه بۆ پیسبوونی هه‌وا، لەکاتێکدا لە سه‌رجه‌م پارێزگاكانی دیکەی عیراق 7 ملیۆن ئۆتۆمبیل هەن.
ئێمه وەک پێویست گرنگیمان بە ژینگە نەدا و زۆربەی ناوچە سروشتییەکانمان کرد بە ناوچەی نیشتەجێ بوون
*زبڵ و پاشماوه خۆراکییە بەکاربراوەکان
یه‌كێكی تر لە گرفتەکانی ژینگە بوونی پاشماوەی رۆژانه‌یه لە شار و شارۆچكه‌کان و ته‌نانه‌ت گونده‌كانیش کە لە ساڵێكدا بە دوو ملیۆن و 628 هەزار تۆن مەزەندە دەکرێت و بە گوێرەی ئامارەكانیش رۆژانە لە هەرێمدا بڕی 7200 تۆن خۆڵ و خاشاك فڕێدەدرێت.
تێچووی پاره‌ی كۆكردنه‌وه‌ی خۆڵ و خاشاک
وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم ئاماژەی به‌وه داوە کە لە بواری گرێبەستەکانی کۆکردنەوە و چارەسەری خاشاکدا، ژمارەی گرێبەستەکان لە 28 گرێبەستەوە زیادیکردووە بۆ 32 گرێبەست و خەرجی مانگانەی کۆمپانیاکانی ئەو بوارەش لە 11.8ملیار دینارەوە کەمکراوەتەوە بۆ 9.6.
چاره‌سه‌ری گرفتەکە:
دەبێت حكومه‌تی هه‌رێم پلانی هه‌بێت بۆ دانانی كارگەی ریسایكلین تا خۆڵ خاشاك و پاشماوەکان دووبارە سوودیان لێ وەبگیرێتەوە.
به‌مەش دوو ئامانج ده‌پێكرێت لەلایەك لەڕووی ژینگە و تەندروستییەوە كارێكی باش دەبێت و لەلایەكی دیكەشەوە لەڕووی ئابوورییەوە سوودی دەبێت.
ئێستا لە چه‌ند شوێنێك كارگەی ریسایكلین هه‌یه، به‌ڵام وه‌ك پێویست نییه، چونکە هێشتا خۆڵ و خاشاكێکی زۆر رۆژانه لە‌لایه‌ن تیمه‌كانی پاككردنه‌وەوە ژێر خاك ده‌كرێن یا لە ده‌ره‌وەی شاره‌كانی فرێده‌درێن و دواتر به‌شێكی لە‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه ده‌سوتێنرێن و به‌شه‌كەی تریش تێكەڵ به سه‌رچاوه‌كانی ئاو ده‌بن کە بۆ داهاتوو گه‌وره‌ترین مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژینگه دروست ده‌كات.
کاریگەریی کەم ئاوی لەسەر کەمبوونەوەی سەوزایی
بەهۆی ئەوەی ئێستا زۆربەی جیهان و کوردستانیش بەدەست کەمئاوییەوە دەناڵێنن، ئەوە گرفتێکی گەورەی بۆ بە سەوزیی هێشتنەوەی ژینگە دروستکردووە بەو پێیەی زۆرتر حکومەت و هاووڵاتیانیش لە خەمی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەدان، ئەو لایەنەی ژینگە تاڕادەیەک فەرامۆش کراوە، ئەوە جگە لە دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەویی و کەم بارانی کە کاریگەریی قورسی لەسەر ژینگە بەجێهێشتووە.
فراوانبوونی زەویی نیشتەجێبوون و کەمبوونەوەی سەوزایی و پاوان
دەستەی ئاماری هەرێم رایگەیاندووە کە ژمارەی دانیشتوان گەیشتۆتە شەش ملیۆن و 556 هەزار و 752 کەس بۆ ساڵی 2023 و کە یه‌كێك لە گرفته‌كانی ژینگەش زۆربوونی رێژەی دانیشتوانە و شێوازی دروستکردنی یه‌كەکانی نیشته‌جێبوونیش وەک پێویست رەچاوی مەرجە ژینگەییەکانی تێدا ناکرێت و لەسەروو ئەوەشەوە حکومەت بۆ زیادکردنی زەویی نیشتەجێبوون په‌نا ده‌باتە به‌ر کەمکردنەوەی زه‌وییه كشتووكاڵییه‌كان و زۆرێک لە‌و زەوییانەش دەدەنە كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌ت بۆ دروستكردنی یه‌كەی نیشته‌جێبوون، سەرەڕای ئەوەش به‌شێك لە كارگه و كۆمپانیاكان په‌نایان بردۆته به‌ر زه‌وی كشتوكاڵی بۆ دروستكردنی كارگه لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان.
گرفتی دیکەش ماون باسیان بكه‌ین وەک راوکردن، زۆربوونی دووکەڵ و پاشماوەی کارگەکان، بوونی پاڵاوگەی نایاسایی، پاشماوەی نەخۆشخانەکان.
*سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە.