ئا: نەسرین كوردە
ژنانی گومناوی کاروانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان لێرەدا باسی خەباتی ژنی تێکۆشەری ماندونەناس و دڵسۆزی گەل و نیشتمان و کوردستان دەکەین کە هاوکاری باوک و هاوسەر و براو کوڕیان بوون وەک تەتەری ناو شاخ و شار خۆڕاگری و خەباتی خۆیان دەگێڕنەوە.
لەگەڵ شۆڕشی نوێ گەڕاینەوە و پەیوەندیمان كردەوە و درێژەمان بە خەباتی نهێنی دا لە رێگەی كۆبوونەوەی نهێنی لە ماڵەكانمان و كۆكردنەوەی ئابوونە و دوورینی جل و بەرگ بۆ پێشمەرگە و كۆكردنەوەی پێویستییە پزیشكییەكان و دەمانناردنە دەرەوە
صدیقە قادر شەریف محەمەد
ژنێکی دیکە لەو ژنە شۆڕشگێڕانە صدیقە قادر شەریف محەمەد خاڵە لە ساڵی 1941 لەدایکبووە و وەکو خۆی باسی لێوەدەکات لە ساڵی 1953 دا پەیوەندیکردوە بە حزبی شیوعی کوردستانەوە و لە ساڵی 1955 دا بووە بە ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەروەها لەگەڵ دروست بوونی شۆرشی نوێ تائێستا لە نێو ریزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندایە.
صدیقە لەبارەی خەباتی خۆیەوە دەڵێت: لە نێو بنەماڵەیەكی نیشتمانپەروەر لەدایك بووم باوكم و مامەكانم لەگەڵ ( شێخ مەحمودی حەفید ) بوون باوكم كە بە مامە قالە ناسرابوو لە زۆربەی شەڕەكان ئەو سەردەمەدا بەشدار بووە.
هەمیشە بە خۆشەویستی و نیشتمانەوە پەروەردە كراوین، كوردستان پێش هەموو شتێك بووە لە ژیانماندا، لە ساڵی 1953 لەگەڵ كچانی ئامۆزام (ئافتاوی حاموشی ئاغا و حەلاوی حاموشی ئاغا) و هاوڕێی دێرینم (حەبێ-ی حەمە عەزیز) لە گەڕەكی (باخی شێخ لەتیف) بووین پەیوەندیمان كرد بە حزبی شیوعی-یەوە لە رێگەی (كاك حەمە ئەمینی ئاسنگەرەوە).
هەروەها دەڵێت: لە ساڵی (1954) دا لەگەڵ (فائق فارس عەزیز) كە ناسراوە بە (وەستا نامیقی ئسپرینگ چی) بووینە هاوسەری یەکتر ماڵە خەزورانم زۆر دڵسۆزی خاك و كورد و كوردایەتی بوون داینەمۆی دروست بوونی (پارتی) بوون ئەو كاتە لە كەركوك دادەنیشتن بەهۆی خەزورمەوە كەلەشەریكەی نەوتی ئیشی دەكرد بەو هۆیەوە (لقی سێ)ی پارتی دیموكرات لە ماڵی خەزورما بنیاتنرا، ئیتر لێرەوە لەگەڵ مێردەکەم دەستمانكرد بەكاری نهێنی بۆ پارتی و بەیاناتمان بڵاودەكردەوە و پێویستی پێشمەرگەمان لە دەرمان و پێویستی پزیشكییەكان كۆدەكردەوە و دەماننارد بۆ دەرەوە.
ئەو ژنە لەدرێژەی قسەکانیدا باس لەوەدەکات کاتێک لە ساڵی (1963) دا (مەنعە تەجەولە گەورەكە) روویدا هەركەسێك سەر بە پارتی بوایە دەستگیر دەكرا و زۆربەی هاوڕێ و دراوسێكانمان وەكو (نامیق ئاغا و خاڵە رەشە و دوو مامۆستا لە خوێندنگەكەی چوارباخ گیرا و هەموویان لە (حامیە) رەمیكران، ئێمەش ماڵمان بەجێهێشت نزیكی هەفتەیەك نەمان وێرا بێینەوە ماڵەكەمان كە گەڕاینەوە ماڵمان تاڵان كرابوو، پاشان بەردەوام بووین بە كاری نهێنی لە ساڵی 1974 بەر لە نسكۆی شۆڕش ئەمری گرتنم بۆ دەرچوو بوو من نەمزانی بوو لە بازاڕ بووم سەیارەیەك لێی یام لە خەستەخانە كەوتبووم هاتن بۆ دەستگیركردنم سستەرەكان منیان شاردەوە تەبەڵەیان بە ناوێكی ترەوە بۆ پڕكردمەوە، لە هەمان ساڵدا دەربەدەربووین و چووینە خێوەتگاوە لە ئێران هەموو كەسوكار بۆ ماوەی چەند ساڵێك لەوێ ماینەوە.
شۆڕشی نوێ
لەگەڵ دروستبوونی (شۆڕشی نوێ) گەڕاینەوە و پەیوەندیمان كردەوە و درێژەمان بە خەباتی نهێنی دا لە رێگەی كۆبوونەوەی نهێنی لە ماڵەكانمان و كۆكردنەوەی ئابوونە و دوورینی جل و بەرگ بۆ پێشمەرگە و كۆكردنەوەی پێویستییە پزیشكییەكان و ناردنە دەرەوە لەگەڵ خوشك و هاوڕێ و كوردپەروەری دێرینم خوالێخۆش بوو ( بەهێ مەعروف و ست ئەنجووم و نەسرین كۆیی) چەندینجار لە ماڵی خۆماندا ژنانمان كۆدەكردەوە بەهۆی ئەوەی (سەرۆك شانە) بوو لەماڵی ئێمە كۆبوونەوە دەكرا لە خەبات، بەهۆی ئەوەی خۆم نەمدەتوانی بنووسم و بخوێنمەوە (عائیشە رەسول) هاوكارم بوو لە نووسینەوەی كۆبوونەوەكان، هەموو ئەو پێداویستیانەی كۆمان دەكردەوە بەهۆی (حاجی نامیق) ی هاوسەرم و حاجی رەفیق مامە قالەی برام و حەمە سەعید حەمەی فەقێ ئەورەحمان و عەلی مەلا رەشید دەیانگەیاندە پێشمەرگە، بیروباوەڕی كوردایەتی كاریگەری لەسەر ماڵ و مناڵیشم هەبوو بە جۆرێك هەموو كاری رێكخستنە نهێییەكانیان دەكرد واتە هەر لە سەرەتای تەمەنیانەوە بوون بە كادرو ئەندامی شانە نهێنیەكانی ناو شار لە ساڵی (1981) (رزگار فائق فارس)ی كورم دەستگیركراو ماوەی یەك ساڵ لە (ئەمنی عامەی كەركوك) لە ژێر تەعزیب و ئەشكەنجەدا بوو تا ساڵی 1982 ئازاد كراو دواتر چووە دەرەوە بوو بە پێشمەرگە لە تیپی 57 ی سەرگرمە لەلایەن (محەمەد غەریب)ی ئامۆزام كە ناسراوە بە ئازادی سەرگرمە سەرپەرشتی ئەكرد.
صدیقە قادر شەریف باس لە دەستگیرکردن و شەهیدبوونی کوڕەکەی دەکات و دەڵێت: هەروەها (هیوا فائق فارس) ی كوڕم، لە ساڵی 1983 دەستگیر كراو دوای حوكمی 7 ساڵ لە ئەبوو غریب ساڵی 1984 لە مفاوەزاتەكەیا دیل بە دیل گۆڕایەوە پاشان ساڵی 1985 دووبارە دەستگیركرایەوە لەگەڵ دوو هاوڕێی رێكخستنی خۆیدا بەناوەكانی (ئارام حەمە لاو كەریم و سەردار عوسمان ) لە دوای چەند مانگێك لە ئەشكەنجەدان لەبەردەمی ئامادەیی رۆشنبیری كوڕان لە (17 / 12 / 1985 ) گوللە باران كران و چوونە كاروانی شەهیدانەوە، دواتر بە ماڵ و مناڵەوە دەستگیركراین دوو كوڕم (بورهان و هێمن ) و هەرسێ كچەكەم ( جوان و كوێستان و ئاڤێستا دەستگیركراین و لە زیندانەكانی انضباط خانە و سجنی سەرەوە پاشان سجنی خەندەق لە شاری سەماوەی خوارووی عێراق بۆ ماوەی چەند ساڵێك زیندان كراین و دواتر بە دەست بەسەری لە شاری سەماوە هێشتینیانەوە لەوێ منداڵەكان دەستیان بە خوێندن كرد بە زمانی عەرەبی ماڵمان دانایەوە تا لێبوردنی گشتی ( 8 / 8 / 1988) جارێكی تر گەڕاینەوە كوردستان، دووبارە لەگەڵ ( بەهێ خان ) دەستم كردەوە بە كاری نهێنی و بەشداربووم لە كۆبوونەوەكانی ژنان لە دوای راپەرینیش لەبارەگای یەكێتی ژنانی كوردستان بەشدار دەبووم لە كۆبوونەوەو رێپێوانەكان، لە شەڕی برا كوژیدا كۆمەكی بریندارو خواردنمان بۆ هێزی پێشمەرگە كۆدەكردەوە خۆم و كچەكەم لەگەڵ دوو ژنی رێكخستندا.