كورد و رۆژی نیشتمانیی وەرزش

12:15 - 2024-04-16
وەرزش
51 جار خوێندراوەتەوە

زاگرۆس نانەكەلی 

 

رۆژی 6–ی مانگی نیسانی هەموو ساڵێك رۆژی نیشتمانیی وەرزشە لەپێناو گەشە پێدان و ئاشتی، بێگومان ئەم بڕیارە لە كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە دانیشتنی گشتی (96)  رۆژی 23/8/2013 دەرچووە تا ببێتە رۆژی نیشتمانی وەرزشیی لەپێناو گەشە پێدان و ئاشتی، كەچی ئێمەی كورد  تا ئێستاش نازانین بەشێوەیەكی ئەكادیمی رۆژێك دەستنیشان بكەین و ئێمەش وەك گەلانی دنیا ساڵانە یادی ئەم بۆنەیە بكەینەوە.
سەرەتا با بە وتەیەكی تۆماس كارلین دەست پێ بكەین كەدەڵێت: هەر كەسێک تەندروست باش بێت هیوایەكی باشی هەیە، هەر كەسێکیش هیوای باشی هەبێت هەموو شتێكی هەیە.
لەزۆربەی وڵاتان رۆژی نیشتمانیی وەرزش پشووی رەسمییە، رۆژەکە شێواز و نزیكبوونەوە و نەریتێکی شارستانییە كە وڵاتە پێشكەتووەكان پەیڕەوی دەكەن بۆ بەرژەوەندیی وڵات و هاووڵاتیان، ئەمەش لەپێناو هزر و ئاگای باش و چالاكی جەستەیی كە ئەمەش دەبێتە هۆكاری كەم بوونەوەی تووش بوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان.
ئەی كورد رۆژی نیشتمانی وەرزشیی هەیە؟ زۆر بەسانایی نەخێر!، پێتان سەیر نەبێت، نەتەوە یەكگرتووەكان تائێستا کیانێکی بەتۆ رەوا نەبینیوە، كەواتە ناشكرێ تۆ رۆژی نیشتمانی وەرزشیی خۆت نەبێت و بەشدار بی لەرۆژی نیشتمانی وەرزشیی كە رێكەوتی 6–ی مانگی نیسانی هەموو ساڵێکە.
با پرسیارێکی تریش بکەین، ئایا كورد وەرزشی كردووە، یاخود وەرزشی هەیە؟ بەڵێ كورد یەكەم و پێشەنگ بووە لە وەرزشدا، ومێژوویەکی زیندووی هەیە، ئەم باسە بۆ كات و ساتی خۆی، بەڵام چۆن ئێمەش رۆژی نیشتمانیی وەرزشییی خۆمان بكەینەوە، یاخود چ رۆژێك دەستنیشان بكەین؟.
بۆ ئەمە دووبارە دەبێت چاو بەمێژووی سوارچاكانی خۆمان لەچوار پارچەی لەتكراوی کوردستاندا بخشێنینەوە و بگەڕێین و لێكۆڵینەوە توێژینەوە و بەدواداچوون بكەین، بزانین چ وەرزشکارێکی كچ یاخود كوڕ توانیویەتی لە مێژووی میللەتەكەماندا ئەنجامێكی نێودەوڵەتی بەدەستبهێناوە تا ئەو مێژووە بكرێـت بە رۆژی نیشتمانی وەرزشیی، ئەگەرنا یەكەم كورد كەی و لەكوێ دەستی بەوەرزش كردووە، ئەو رۆژە بکرێتە رۆژی نیشتمانیی وەرزشیی، ئەگەر ئەوەش نەبوو، كۆنترین هەڵبژاردەی كوردستان چ هەڵبژاردەیەكە، ئەو مێژووە بكرێت بەرۆژی نیشتمانی وەرزشیی، یان ئەنجامێكی مێژوویی گرنگی یاریزانێك یاخود یانەیەك  لە بۆنەیەكی نێودەوڵەتیدا، ئەوانە دەكرێت بكرێن بە رۆژی نیشتمانی وەرزشیی کوردستان.
رۆژی نیشتمانیی وەرزشیی رۆژی كاركردن و كۆكردنەوەی تێكڕایی هاوڵاتیانە لە ژن و پیاو و پیر وگەنج ومنداڵ وخاوەن پێداویستی تایبەت،  بۆ ئەوەی ئەم رۆژە پڕبكەین لە وەرزش و لەش ساغی و گیانی وەرزشیی و خۆشەویستی تا نەوەكان بتوانن وەرزشییان خۆش بوێت، هەروەها وخۆشەویستی و رۆحی وەرزشیی لە پێناوی وئاشتیدا بکەینە پەیامی پێکەوەیی و بە جیهاندا بڵاوی بكەینەوە.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان