بۆچی نرخ بەرزدەبێتەوە؟

09:53 - 2022-06-12
ئابووری
849 جار خوێندراوەتەوە

فەیسەڵ عەلی*

ئایا بایكۆتكردنی جەماوەری؛ دەتوانێت زیان بە ئابووریی دەوڵەتێك بگەیەنێت، یان پیاوانی كار یاخود بازرگانان ناچار بكات لە بەرزكردنەوەی نرخی كاڵاكانیان پاشگەز ببنەوە؟ ئایا ئەو بایكۆتكردنە جەماوەرییانەی لە هەر رووداوێكدا باسی لێوەدەكرێت بەرهەمی هەبووە؟ ئەوەی تا ئێستا بەدواداچوونی بۆ كراوە، بەڵگەیەكی زانستی لەبارەی ئەم پرسەوە نییە، لە كتێبە ئابوورییەكاندا گفتوگۆیەكەی زۆر دەربارەی حاڵەتەكانی چڕی (Concertation) بەرامبەر بە هەمەڕەنگی هەیە، هەردووكیان پەیوەندییان بە هێزی دانوستكاری نێوان فرۆشیار و كڕیارەوە هەیە، حاڵەتەكان بەمجۆرەن: فرۆشیارێك یان ژمارەیەك فرۆشیار بەرامبەر بە ژمارەیەكی زۆری كڕیاری نا رێكخراو، یان بەپێچەوانەوە یەك كرێكار یان ژمارەیەك كڕیار بەرامبەر بە ژمارەیەكی زۆری فرۆشیاری نا رێكخراو هەیە، بوونی هەر حاڵەتێك لەم دووانە، حاڵەتی قۆرخكاریی كەمینە یان كێبڕكێی قۆرخكاری لێدەكەوێتەوە، ئەمە بۆ كڕیار و فرۆشیاریش راستە، لایەنی بەهێزی ئەم دوو حاڵەتە، نرخ دەیسەپێنێت.
بەرهەمهێنەران كەمن و فرۆشیاران زۆرترن
لێرەدا رەوشی روسیا و ئەوروپا لەبارەی پرسی غازی سروشتی بە نموونە دەهێنینەوە، یەك فرۆشیار بەرامبەر بە ژمارەیەك كڕیار هەیە، مۆسكۆ لەگەڵ ئەوەی لەناو جەنگێكی زۆر قورسدایە، توانیویەتی هێزی خۆی لە نرخاندنی بەرهەمەكەی بسەپێنێت و شێوەی هەناردە و جۆری ئەو دراوەی كە بەرهەمەكەی بە ئەوروپا دەفرۆشێت، دیاری بكات، هەروەها توانیویەتی بە هێزە سەربازییەكەی پارێزگاری لە توانا دانوستكارەكەی بكات، پێشتر لەسەر ئەم بابەتەمان نووسی، بەوەی كامیان پێویستییان بەوی ترە، ئەوكات وتمان زەمەن ئەوە دەسەلمێنێت، ئەمە حاڵەتێكی روونی هێزی دانوستكارە كە قۆرخكاری دەڕەخسێنێت و وا دەكات فرۆشیار نرخ دیاری بكات، ئەمە قۆرخكاری بەرهەمهێنانە، هاوكاتیش توانای سەپاندنی نرخیشە بە هەڕەشەی هێزی سەربازی.
لە بەرامبەریشدا، گروپی ئۆپیك پڵەس هەیە كە كۆمەڵێك بەرهەمهێنن بەرامبەر بە كۆمەڵێك كڕیار، بەرهەمهێنەران كەمن و فرۆشیاران زۆرترن، رەوشی ستراتیجی، كێبركێی قۆرخكارییە، واتە بەرهەمهێنەران سێ بژاردەیان لە بەردەمدایە، كێبڕكێ یان جەنگی نرخ، یان رێكەوتن لەسەر بڕی بەرهەمهێنان، كڕیارانیش تەنیا دەبێ چاودێریی بەرئەنجامەكان بن و گوشار بكەن بۆ ئەوەی دەوڵەتانی بەرهەمهێنی نەوت لە نێوان خۆیاندا رێكنەكەون.
بەرەو داڕمانی نرخ دەچێت
چەندینجار لە نێوان بەرهەمهێنەرانی نەوتدا جەنگی نرخ دروست بووە، وەك ئەوەی لایـەنــەكــان لـــە رەوشـــی ئـەوەی پـێـی دەوتـرێ یــاری گــەمــەدا (Game Theory) بن، هەڵوێستی ستراتیجی لەسەر بنچینەی خوێندنەوەی پێشبینی هەنگاوەكانی ئەوانی تر بونیات دەنرێت، ئەمەش بەرەو داڕمانی نرخ دەچێت، بەڵام بەدیلێكی تر هەیە، ئەویش رێكخستنی كاری بەرهەمهێنەرانە بۆ سوودوەرگرتن لەو رەوشە ستراتیجییەی هەیە، ئەمەش ئەوەیە كە روویدا، ئۆپیك پڵەس لە كاتێكی ئێجگار هەستیاردا، بژاردەیەكی ستراتیجی هەڵبژارد، جێگیركردنی نرخ و هاوسەنگیی نێوان هەردوولای گەمەكە فرۆشیار و كڕیار بوو.
لە ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا، نرخی زۆربەی كاڵاكان بەرز دەبنەوە، بەوەی لەژێر كاریگەریی رەوشی ناجێگریی ئابووریی نێودەوڵەتیدایە، بارزگانان كاریگەرترین توێژی ئابووریی هەرێمی كوردستانن، ئەوانن لەژێر هەموو ناوێكدا دەتوانن نرخی كاڵا و كەلوپەلەكانیان بەرز بكەنەوە، چونكە سیاسەتێكی بازرگانیی دروست كە پشتیوانی لە ئابووریی كوردستان بكات نییە، ئەوەی هاندەری پەیڕەوكردنی ئەم سیاسەتەیە، لاوازی كەرتی بەرهەمهێنانی هەرێمی كوردستانە كە دەبوو حكومەت زووتر و باشتر كاری بۆ بەهێزكردنی بكردایە، چ بە پێشكەشكردنی ئاسانكاریی زۆر بۆ كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی، یان بە گرتنەبەری سیاسەتێكی بازرگانی، خزمەتی ئەو دوو كەرتەی بكردایە، تا بیانتوانیایە بەشێكی پێداویستیی ناوخۆییان بەرهەم بهێنایە، لە بری ئەوەی وەك ئێستا لەژێر كاریگەریی قورسی بازرگانی و بازرگاناندا بین.
بازرگانان سوودیان لەم رەوشە ستراتیجییە وەرگرتووە
ئەم رەوشەی هەرێم، ژمارەیەكی زۆری كڕیاری نا رێكخراوی خستۆتە بەردەم ژمارەیەكی كەمی بازرگان، واتە بەشێک لە بازرگانان سوودیان لەم رەوشە ستراتیجییە وەرگرتووە و كوالێتی وێران و نرخ بەرز دەكەنەوە، بەوەی لە رەوشێكی بەهێزی دانوستكاردان و دەتوانن یاری بە نرخ بكەن و بەرزی بكەنەوە، بەهانەشیان بۆ ئەمە رەوشی ناجێگیریی نێودەوڵەتییە، بە حساب هەر لە بنەچەوە نرخ هەڵكشاوە، دەشی ئەمە بە دیوێكیدا راست بێت، بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی هەزاران تۆن خۆراك و كەلوپەل لە كۆگاكانی هەرێمدا هەبن، بە نرخی هەرزانتر لەوەی ئێستا لە بازاڕەكانی دەوڵەتانی دراوسێ و ناوچەكە هەیە، بە نرخی گرانی ئێستا بە هاووڵاتیان بفرۆشێتەوە، یان هەندێك جار رێگری لە هەندێك هاوپیشەكانی خۆیان دەكەن، لەوەی شتێك نرخ بشكێنێت، واتە بازاڕ بۆ خۆیان قۆرخ دەكەن، لە بەرامبەریشدا هێزی دانوستكاری كڕیارانیش لاوازە بەهۆی نا رێكخراوبوونیان، ناتوانن بەرەنگاری هێزەكەی بەرامبەریان ببنەوە، ئەمەش وایكردووە لە هەرێمی كوردستان نرخ بەردەوام رووی لە هەڵكشان بێت.

* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان

#بازاڕ

بابەتە پەیوەندیدارەکان