وردەکاریی پڕۆسەی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم

12:49 - 2024-04-20
کوردستان
222 جار خوێندراوەتەوە

بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌خۆران، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مانگانه‌ پێویستی به‌ نزیكه‌ 100 ملیار دینار هه‌یه‌، وته‌بێژی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌ڵێت: "بڕ‌یاره‌كانی دادگای فیدراڵی پاڵپشتییه‌كی باشه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم".
ماوه‌ی 8 ساڵه‌ مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان پله‌به‌رزكردنه‌وه‌یان راگیراوه‌و به‌پێی به‌دواداچوونێكی  PUKMEDIA، به‌شێكی زۆری مووچه‌خۆرانی هه‌رێم له‌و ماوه‌یه‌دا دوو تا سێ پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌یان فه‌وتاوه ‌و سوودمه‌ندنه‌بوون له ‌گۆڕینی ناونیشانی وه‌زیفی، حكومه‌تی هه‌رێمیش لێبڕینی شاراوه‌ی له‌گه‌ڵیان ئه‌نجامداوه‌ و مافی دارایی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌یانی پێنه‌داون.
سه‌میر هه‌ورامی، وته‌بێژی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ PUKMEDIAی راگه‌یاند: "پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ پڕۆسه‌یه‌كی ئاسان نییه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ 8 ساڵه‌ پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران نه‌كراوه‌، ده‌بێت دۆسێی هه‌موو فه‌رمانبه‌ران وردبینی بكرێت، ره‌نگه‌ پڕۆسه‌كه‌ دوو تا سێ مانگی بوێت".
ئارام عه‌بدوڵڵا، به‌ڕ‌ێوه‌به‌ری گشتیی بودجه‌ له‌ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمی كوردستان به‌ PUKMEDIAی راگه‌یاند: "داوامان له‌ به‌ڕ‌ێوه‌به‌رایه‌تی ژمێریاری وه‌زاره‌ته‌كان كردووه‌ هه‌تا 1-5-2024 ئاماری پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م مووچه‌خۆرانمان بۆ بنێرن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵبده‌ین له‌گه‌ڵ دارایی عیراقدا گفتوگۆی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌خۆران ده‌ستپێبكه‌ین".
وتیشی، "پلە‌به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم پێویستی به‌ نزیكه‌ی 100 ملیار دینار هه‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی خشته‌ی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ خشته‌ی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌خۆرانی عیراق جیاوازه‌، پێویسته‌ له‌ گفتوگۆكانماندا له‌گه‌ڵ عیراق ئه‌و پرسه‌ش یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه‌، هه‌ركاتێك به‌غدا ره‌زامه‌ندی دا له‌سه‌ر ده‌سپێكردنه‌وه‌ی په‌له‌به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌خۆران وه‌ك وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم ده‌ستبه‌جێبه‌جێكردنی رێكاره‌كان ده‌كه‌ین".
به‌ڕ‌ێوه‌به‌ری گشتی بودجه‌ له‌ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌خۆران، گرفتی نه‌بونی مووچه‌خۆری پله‌نزم بۆ حكومه‌تی هه‌رێم دروست ده‌بێت، چونكه‌ له‌گه‌ڵ پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ ناونیشانی وه‌زیفی مووچه‌خۆره‌كه‌ش گۆڕ‌انكاری به‌سه‌ردا دێت و بۆشایی وه‌زیفی له‌ دام و ده‌زگا حكومه‌ییه‌كاندا دروست ده‌بێت، كه ‌پێویسته‌ چاره‌سه‌ر بكرێت".

#مووچە‌

بابەتە پەیوەندیدارەکان