مەدلولی پشت ئیدیۆمەکەی قوباد تاڵەبانی

09:59 - 2024-04-21
کوردستان
207 جار خوێندراوەتەوە
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کوردستان

دەلیل جەمال


لەدیداری سلێمانیدا قوباد تاڵەبانی بە ئیدیۆمی (نەوت بەڵایە) فۆکسی میدیای و ئاراستەی تێڕوانینی باوی سیاسی و ئابووری گۆڕی.
چونکە ئیدیۆم دوو خوێندنەوەی هەیە واتە (دال و مەدلول).
خوێندنەوەی یەکەم ئەو خوێندنەوە و تێڕوانینەیە کە لەڕووکەشدا دەبینرێت و دەخوێنرێتەوە، نەوت بەڵا نییە بەڵکو نیعمەتە و  ئاراستەی جیهان دەگۆڕێت، کاریگەری گەورەی لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و  دەسەڵات و سیاسەت هەیە، گەلانی خاوەن سامانی نەوت لەپێشکەتن و گەشەکردندن، ئەی بۆچی قوباد تاڵەبانی وەهای گوت؟

نەوت نەک نیعمەت نەبوو بەڵکو هەرێمی گەڕاندەوە چوارگۆشەیەکی ترسناک، ئێستا  هەموان دەڵێن خەتەری جدی لەسەر قەوارەکەش هەیە

پێش هەناردەکردنی نەوت
بۆ یەکەمجار و بەڕوونی قوباد تاڵەبانی تیشکی خستەسەر مەدلولی ئیدیۆمەکە،  پێش دەرهێنانی نەوت و ئابووری سەربەخۆ و رێککەوتنی هەرێم و وڵاتان و کۆمپانیاکانی نەوت، هەرێمی کوردستان لەڕووی ئابووری و گەشە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا و کاریگەری لەسەر حکومەت و سیاسەتی بەغدا چۆن بوو؟ بێگومان لەئەوجی عەزەمەتدا بوو.

دوای سەربەخۆ هەناردەکردنی نەوت، چی روویدا؟
بەجۆرێک لەجۆرەکان نەوت بوو بە بەڵا بۆ میللەت و بوو بە نیعمەتیش بۆ کۆمەڵێک کەس و حزبێکی دیاریکراو، چونکە تەواوی رێککەوتن و داهات و قازانج لای لایەنێک و چەند کەسێک بوو، ئەمەش هۆکاری سەرەکی لاسەنگ بوون و تێکچوونی باڵانسی هێز بوو لەهەرێمدا .
قوباد تاڵەبانی زۆر بە قەناعەت و ئاگایانەوە ئەم قسەیەی کرد، لەقووڵایی کێشە و گرفتەکانەوە ئاماژەی بەوەدا نەوت بەڵایە، ئامانجی قسەکەشی مەدلولەکەیە.
چونکە ئێمە لەنەوتدا چیمان چنییەوە؟ زیاد لە سی ملیار دۆلار قەرز، پاشەکەوتی مووچە و لێبڕین و دواتر نەدانی چەند مانگی مووچەخۆران، وەستانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و داڕمانی سەرخان و ژێرخانی ئابووری هەرێم، شکستپێهێنانی خەونی گەورەی میللەتێک، تێکچوونی پەیوەندیییە نێودەوڵەتییەکان، تا گەیشتین بەوەی هەرێم لەدەرەوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان مامەڵەی بەنەوتەوە کردووە و راگرتنی نەوتی هەرێم لەسەر بڕیاری نێودەوڵەتی و بەئاگاداری دۆستانی ئەم هەرێمە بوو.
نەوت نەک نیعمەت نەبوو بەڵکو هەرێمی گەڕاندەوە چوارگۆشەیەکی ترسناک، ئێستا  هەموان دەڵێن خەتەری جدی لەسەر قەوارەکەش هەیە.
 بۆ ناکرێت، لە مەدلوولی قسەکەی قوباد تاڵەبانی تێبگەین؟ کە کەسی سیاسیی و دوربین دەتوانێت وەک خۆی لێی بڕوانێت و پێداچوونەوە بکات، بەڵێ نەوت بەڵایەک بوو تەواوی ئەوەی بوونیادنراو درووستکرا، رووخاو ئەوەیشی ماوە خەتەری لەسەرە، چونکە نەوت نەبوویە سامانی نیشتمانی، نەبوویە پرسی گەورەی میللەت، خەڵکیش وەک پێویست لێی سودمەند نەبوو، لەپشتی ئەم پڕۆسەی نەوتەوە زۆر بابەتی هەستیار و خراپ ئەنجامدران، لەڕووکەشدا بەڵێ بەشێک لەلایەنی سیاسیی و کەسایەتی ئاگاداری ناردنی نەوت بوون، بەڵام لەجەوهەردا کەسێک نییە بزانێت لەپشتەوە چی گوزەری کردووە.
ئێمە لەنەوتدا
چیمان چنییەوە؟ 

زیاد لە سی ملیار دۆلار قەرز، پاشەکەوتی مووچە و لێبڕین و دواتر نەدانی چەند مانگی مووچەخۆران، وەستانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و داڕمانی سەرخان و ژێرخانی ئابووری هەرێم

زۆر هاوکێشەی بە دیوی خراپدا گۆڕی
نەوت زۆر هاوکێشەی سیاسیی و ئابووری بەدیوی خراپدا گۆڕی، دەرئەنجامی کۆنترۆڵکردنی نەوت لەلایەن حزبێک و لەناو حزبیشدا چەند کەس و کۆمپانیایەک ئەمەی هێنایە پێشەوە، کە ئێستا هەرێمی تا لێواری داڕوخان و کەوتن بردووە.
قوباد تاڵەبانی لەم مەدلوولەوە دەڵێت نەوت بەڵایە، چونکە دەزانێت بەم سیاسەتەی کە هەیە بۆ نەوت، دەرئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە. ئەم رستەیەی قوباد تاڵەبانی لە دوو دەمی جیاوازدا دەخوێنرێتەوە، دەمی رابردوو کە بینیمان و ئێستا لە ناو باج و قوربانی ئەو سیاسەتەی نەوتین.
دەمی ئایندە، کە دەتوانرێت، سوود لە هەڵە و پەڵەکان وەربگیرێت و سیاسەتێکی روون و شەفاف بۆ نەوت دابڕێژرێت و لەئەگەری گەڕانەوەی دووبارە چانسی هەناردەکردنەوەی نەوت لەلایەن هەرێمەوە کاری لەسەر بکرێت و نەوت ببێتە پرسی میللەت و بەجددی بکرێتە سامانی نیشتمانی .
وەک چۆن لەتێگەشتنی باودا دەزانین نەوت سامانێکە هەرمیللەتێک هەیبێت، دەچێتە ناو نەخشەی جیهانی و بەتەنیشت نەوتەوە پرسی گەورەی نیشتمانی دەتوانێت چارەسەربکات. ئایا هەرێم توانی نەوت بکاتە سەرچاوەی گەورەی پرسەکانی دیکە؟ بێگومان نەخێر
نەوت چەکی دووسەرە ئەگەر بەسیاسەتێکی ڕوون و وەک سامانی نەتەوە مامەڵەی لەگەڵ نەکەیت بێ گومان سەری دیکەی ئەم پرسە دەبێتە بەڵاو کوشتنی خۆت، بۆئێمە سەرە خراپەکەیمان هەڵبژارد. هەربۆیە قسەکەی قوباد تاڵەبانی ئەو مەدلوولەیە کەدەکرێت بخوێنرێتەوە و کاری لەسەر بکرێت. بە ئیدیۆمێک پێیوتین سیاسەتی نەوتی هەرێم هەڵەیەکی گەورە و نەزانانەبوو، بۆئەوەی نەوت نیعمەت بێت و نەبێتە بەڵا واز لەو سیاسەتەی ڕابردوو بهێنن بۆنەوت....

بابەتە پەیوەندیدارەکان