محه‌مه‌د شێخ حه‌سه‌ن
من ده‌نوسم ئێوه‌ش بیخوێننه‌وه، نوێترین کتێبی نووسەر و رۆژنامه‌نوس مه‌ریوان مه‌سعود-ه و له دووتوێی 288 لاپه‌ڕه‌دا چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه.
كتێبه‌كه ناونیشانێكی سه‌رنجڕاكێشی هه‌یه (من ده‌نووسم، ئێوه‌ش بیخوێننه‌وه) كاتێك خوێنه‌ر ناونیشانه‌كه ده‌بینێت یه‌كسه‌ر سه‌رنجی راده‌كێشێت و له خۆی ده‌پرسێت بۆ بیخوێنمه‌وه؟
له‌هه‌مان كاتدا ئه‌وه له‌لای خوێنه‌ر دروست ده‌بێت كه ئه‌م نوسه‌ره بۆچی داواده‌كات كه ئێمه نووسینه‌كه‌ی بخوێنینه‌وه له‌كاتێكدا باونییه كه نووسه‌ر راسته‌وخۆ داوا له خوێنه‌ر بكات كه نووسینه‌كانی بخوێنێته‌وه، ده‌بێت ئه‌م نهێنییە چی بێت؟
هه‌ر ناونیشانه‌كه واده‌كات كه خوێنه‌ر تامه‌زرۆی خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه بێت و یه‌كسه‌ر به‌رگه‌كه هه‌ڵبداته‌وه وبچێته سه‌ر بابهتهكان .
له‌گه‌ڵ هه‌ڵدانه‌وه‌ی یه‌كه‌م لاپه‌ڕه‌دا چاوت ده‌چێته سه‌ر وێنه‌ی مامۆستایه‌كی خۆشه‌ویست و ئاشنای چاو و دڵمان، بۆیه یه‌كسه‌ر به چاو و به دڵ له‌گه‌ڵ نووسینه‌كه تێكه‌ڵ ده‌بیت و ده‌چیته دنیای بابه‌ته‌كانه‌وه .
وێنه و باسی م. مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس نازانم نووسه‌ر به مه‌به‌ست ئه‌م باسه‌ی خستۆته پێشه‌وه و به یه‌كه‌م بابه‌ت دایناوه، یان هه‌ر واڕێكهوتوه، هه‌رچۆن بێت ئه‌م كاره بۆته ده‌ستپێكی خێر و به‌ره‌كه‌ت وكتێبه‌كه‌ی خۆشه‌ویست كردوه .
نووسه‌ر هه‌وڵیداوه له‌هه‌ر نووسینێكدا سه‌رنجمان بۆ چه‌ند شتێكی ورد و جوان ڕابكێشێت، خوێنه‌ریش به گوێره‌ی سه‌لیقه و تێگه‌یشتنی خۆی شته‌كان وه‌رده‌گرێت و لێیان تێده‌گات .
له باسی دووه‌مدا ناونیشانێكی جوان هه‌ڵده‌بژێرێت و سه‌رنجمان ڕاده‌كێشێت به‌ره‌و وشه‌ی (خاڵۆی رێبوار) چه‌ند ناونیشان و نووسینێكی كوردی جوان و پاراوه كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌لایه‌ن (محه‌مه‌د مه‌ولود مەم) ه‌وه به‌كارهاتوه و له سێبه‌ریدا ته‌نزی نووسیوه .
به‌هه‌مان شێوه مه‌ریوان مه‌سعودیش وشه‌یه‌كی ناسك و جوان بۆ وه‌سفی گۆڤاری هه‌ولــێر به‌كاردێنێت و پێی ده‌ڵێت ( گۆڤاره نازداره‌كه) كه ئه‌مه‌ش وشه‌یه‌كی جوان و پاراوی كوردییه.
ئه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه جیاده‌كاته‌وه له كتێبه‌كانی تر ئه‌و وێنه تایبه‌تیانه‌یه كه بۆ بابهتهكان دانراوه و سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ خوێندنه‌وه‌ی بابهتهكان راده‌كێشێت كه ئه‌مه‌ش له كتێبدا كه‌متر باوه.
گرنگیدان به وێنه
له ده‌ستپێكی به‌شی سێیه‌مدا وێنه‌یه‌كی پیره‌مێردی نه‌مر خوێنه‌ر راده‌گرێ بۆ لێوردبوونه‌وه و رایده‌كێشێ بۆ خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه، سه‌یركه ئه‌و ریش و سمێڵه كوردانه و ئه‌و مشكییه پیاوانه و ئه‌و جله كوردییه ره‌سه‌نه كه له‌گه‌ڵیاندا بۆینباخێكی خوێنه‌وارانه‌ی جوانی به‌ستووه .
ئه‌و وێنه‌یه به‌قه‌د نووسینه‌كه رایگرتم، پاشان سه‌رنجی سهرباسهكهمدا كه نووسراوه (لوتكه‌ی ئه‌خلاقی نامه‌نووسین) ئه‌م ناونیشانه رایكێشام بۆ یادی جاران كه نامه‌نووسین چه‌ند باوبوو چه‌ند هونه‌رێكی جوان بوو چه‌ند جێگه‌ی ئاسووده‌یی و په‌یوه‌ندی نێوان تاكه‌كان بوو، ئه‌وه‌نده‌ش پڕ له ئه‌خلاق و ئه‌ده‌ب و شیعر بوو، نه‌ك ته‌نها نامه به‌ڵكو هه‌موو شته‌كانی رابردوو ئه‌خلاقی لێئه‌چۆڕا بۆیه لێره‌دا به‌كارهێنانی وشه‌ی (لــوتكهی ئــهخلاق) په‌یامێكی جوانه .
گرنگیدان به نامه‌نووسی
نامه و گرنگیدان به‌نامه له‌م كتێبه‌دا به‌رچاوه چونكه نامه‌نووسین له رابردوودا گرنگی زۆری هه‌بووه و جۆرێك بووه له هونه‌ر و په‌یوه‌ندی و ده‌ربڕینی هه‌ست و نه‌ست، 11 نامه لێره‌دا خراونه‌ته روو، ره‌نگه ناسۆرترین نامه‌یان ئه‌و نامه به مینچێنراوه بێت كه گه‌یشته ده‌ستی ساڵح یوسفی و هه‌رگیز نه‌یخوێنده‌وه و كۆتایی به‌ژیانی ئه‌م تێكۆشه‌ره هێنا .
یه‌كێكی تر له‌و نامانه‌ش، ئه‌و نامه پڕ له ئاه وحه‌سره‌ت و پڕ له راستگۆییهیه كه چه‌ند سه‌عاتێك پێش له سێداره‌دان له‌لایه‌ن تێكۆشه‌رێكی كورده‌وه نووسراوه و تیایدا ناخی راسته‌قینه‌ی دوور له رتوشی خۆی ده‌خاته ڕوو داوای دوعای خێر و گه‌ردن ئازادی ده‌كات و داوا ده‌كات خێروخێراتی بۆ بكه‌ن و قه‌رزه‌كانی بۆ بده‌نه‌وه و داوا له‌خوشكه‌كه‌ی ده‌كات با شووبكات تا گوناهبار نه‌بێت.
ئه‌م نامه‌یه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه تێكۆشه‌رانی ئێمه هه‌رچۆن ژیابێتن، به‌ڵام خاوه‌ن سروشتێكی پاك و ساف بوون و به ئیمان و نییه‌تی پاك و سه‌ربه‌رزی و خزمه‌تی نیشتمانه‌وه چوونه‌ته به‌ر په‌تی سێداره و به سه‌ربه‌رزی گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ لای خودا .
له بابه‌تێكی تردا نووسه‌ر ده‌مانبات بۆ لای نوسه‌رو وه‌رگێڕه به‌تواناكان و پێمان ده‌ڵێت: (زۆر جار وه‌رگێڕ ده‌بێته‌وه به نووسه‌ره ئه‌سڵه‌كه خۆی).
لێره‌دا ئێمه تووشی شۆك ده‌كات و پێمان ده‌ڵێت كه ئه‌م نووسه‌رو ئه‌دیبه بلیمه‌تانه‌ی ئێمه چه‌ند له‌خه‌می زمان و ئه‌ده‌بی كوردیا بوون و خۆیان بۆ ماندووكردوه و سه‌روه‌تێكی به‌نرخیان بۆ ئێمه جێهێشتوه ته‌نانه‌ت له‌سه‌ره‌مه‌رگ و له‌سه‌ر (ته‌ختی مردنیش) خه‌می (واو)ه‌كانی نووسینه‌كانیان بووه.
له بابه‌تێكی تــــردا نووسه‌ر گه‌شتێكمان پێده‌كات بۆ بڵاوكراوه و گۆڤاره‌كانی رابردوو هه‌ڵمان ده‌نێ بۆ خوێندنه‌وه و لێوردبوونه‌وه‌ی ئه‌و بڵاوكراوانه‌ی پێشوو به چاوی لێكۆڵینه‌وه و لێ فێربوون ئه‌وه‌تا ده‌نووسێت: (به‌ڕاستی ژماره‌كانی گهلاوێــژ وه‌كو قوتابخانه‌یه‌ك وایه بۆ ئێمه‌ی رۆژنامه‌نووس).
ئه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه جیاده‌كاته‌وه له كتێبه‌كانی تر ئه‌و وێنه تایبهتییانهیه كه بۆ بابهتهكان دانراوه و سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ خوێندنه‌وه‌ی بابهتهكان راده‌كێشێت كه ئه‌مه‌ش له كتێبدا كه‌متر باوه
گرنگیدان به رۆشنبیران
له بابه‌تێكی تردا نووسه‌ر دێت زانایه‌كی ئاینی رۆشنبیر ده‌كاته بابه‌تی نووسینه‌كه‌ی و ئه‌م كه‌سایه‌تیه‌مان پێ ئاشنا ئه‌كات، شێخ محه‌مه‌دی خاڵ وه‌ك رۆشنبیر و نووسه‌ر و وه‌ك قازییه‌ك دێت و ئایین به مانا فراوانه‌كه‌ی ئاوێته‌ی نیشتیمان و نه‌ته‌وه ده‌كات و نموونه‌یه‌كی جوانی (مه‌لا) ی كوردمان پیشان ده‌دات كه پێویسته ئێمه‌ش له‌هه‌موو سه‌رده‌م و زه‌مانێكدا ئه‌م جاۆره مه‌لایانه گرنگیان پێ بده‌ین.
چه‌ند سه‌رنجێك له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته:
له لاپه‌ڕه 42 دێڕی دوودا نووسراوه(چاكێتی) كه پێم وایه به هه‌ڵه نووسراوه و وشه‌كه (چاكیی) ه.
له لاپه‌ڕه 43 نامه‌یه‌كی شێخ ده‌بینین خۆشنووسی و جوانی ده‌ستوخه‌تی سه‌رنجڕاكێشه، سه‌رنج ده‌ده‌ین كه چه‌ند گرنگیان به نامه‌نووسین و خه‌تخۆشی داوه.
له سه‌رجه‌م بابه‌ته‌كانی ئه‌م كتێبه‌دا ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه نووسه‌ر و رۆشنبیرانی رابردوو چه‌ند گرنگیان به نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆشنبیری داوه و له هیچ كات و زه‌مانێكدا لێی دانه‌بڕاون وه‌ك نموونه‌ی (شێخی خاڵ كه قازی بووه، به‌ڵام له نووسین دانه‌بڕاوه، شێخ مه‌حمود له ئه‌شكه‌وتدا رۆژنامه‌ی ده‌ركردوه، حوسێن حوزنی له ده‌ره‌وه‌ی شاره گه‌وره‌كان، كاك ئه‌حمه‌دی شێخ مه‌كتوباتی بۆ هه‌موان ناردوه، فه‌رهاد شاكه‌لی له هه‌نده‌ران كۆڵی نه‌داوه، برایم ئه‌حمه‌د له ئاواره‌ی هه‌ر به‌رده‌وام بووه).
بابه‌تی ل 56 ته‌رخانكراوه بۆ باوكی هێرۆ، كه ئه‌م پیاوه پاش به‌سه‌ربردنی زه‌مه‌نێك له خه‌بات و سیاسه‌ت و سه‌ركردایه‌تی خه‌باتی كورد و هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن زه‌فه‌ری پێدێنێ و ده‌چێته له‌نده‌ن و ئاواره‌یی هه‌ڵده‌بژێرێ، له‌وێش له‌و وڵاته‌دا به‌سه‌ری سپی و چاوی كزه‌وه چاوه‌ڕێی (خه‌به‌رێكی خۆش) ی رێكه‌وتنی هێزه كوردییهكانه تا له گۆڤاره‌كه‌یدا بڵاوی بكاته‌وه.
په‌یوه‌ندی نێوان شاره‌كان
پاشان باسكردنی په‌یوه‌ندی نێوان شاره‌كانی سلێمانی و هه‌ولێر و تازه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌یه كه ئێستا هه‌وڵ بۆ له‌ناوبردنی هه‌یه، باسی په‌یوه‌ندیی نێوان رۆشنبیر و كه‌سایه‌تیه‌كانی وه‌ك پیره‌مێرد و كاك ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ مه‌لا ئه‌فه‌ندی.
خۆزگه كه‌مێكیش باسی ئه‌و بڵاوكراوه‌ی (فتی العراق) یش بكرایه .
له بهشێكیتردا ئاشنا ده‌بین به نووسه‌رێك و زانایه‌كی تر كه به‌داخه‌وه ئێمه زۆر له كه‌سه چالاك و خوێنده‌واره‌كانی خۆمان پشتگوێخستوه و نایانناسین كه ئه‌وڕه‌حمانی حاجی مارف یه‌كێك له‌وانه‌یه، له‌م بابه‌ته‌دا سه‌رنج ده‌ده‌ین كه ئه‌م نووسه‌ره دێت ره‌خنه له كه‌سایه‌تییه‌ك و نووسه‌رێكی وه‌ك شێخ محه‌مه‌دی خاڵ ده‌گرێت و هه‌ڵه و كه‌موكوڕی فه‌رهه‌نگه‌كه‌ی بۆ راست ده‌كاته‌وه و كه‌سایه‌تی شێخی خاڵ رێگر نابێت له‌وه‌ی كه به‌سه‌ر كهموكوڕیهكاندا باز بدات و ته‌نها وه‌سفی بكات.
هه‌روه‌ك قازی محه‌مه‌دیش له وه‌سێتنامه‌كه‌یدا پێمان ده‌ڵێت:
وه‌رن بۆ ره‌زامه‌ندی خودا ده‌س له دوژمنایه‌تی یه‌كتر ههگرن و یه‌كبگرن و پشتان به یه‌كتری قایم بكه‌ن، له به‌رامبه‌ر دوژمنی زوردار و زاڵمدا ڕاوه‌ستان و به‌خۆڕایی خۆتان به دوژمن مه‌فرۆشن.
دوژمن هه‌ر ئه‌وه‌نده ئێوه‌ی ده‌وێ تاكاری خۆی پێتان جێبه‌جێ ده‌كات و دواتر قه‌ت به‌زه‌یی پێتان نایه‌ت و له‌هه‌ر هه‌لێكدا بێت، قه‌ت لێتان نابورێ.
دوژمنانی نه‌ته‌وه‌ی كورد زۆرن، زاڵم و زۆردارن، بێ به‌زه‌یی و بێ ویژدانن، ڕازی سه‌ركه‌وتنی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك یه‌كێتی و پێكه‌وه بوونه.