ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردی لەسەرجەم رۆژنامەنووس و میدیاكارانی كوردستان پیرۆزبێت، سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی هەموو ئەو قەڵەمە ماندوونەناسانە دەكەین كە لە رابردوودا هەوڵی بەرەوپێشچوونی رەوتی رۆژنامەگەری و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگەیان داوە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان باوەڕی تەواوی بە ئازادیی كاری رۆژنامەوانی و مافی بەدەستهێنانی زانیارییە، بەهەموو شێوەیەكیش دژی بەرتەسككردنەوەی سنوورەكانی ئازادی و پێشێلكردنی مافی رۆژنامەنووسان دەوەستێتەوە و بە هەڕەشەیەكی جدیی دەزانێت لەسەر دیموكراسی و وێنای هەرێمی كوردستان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، كە بەداخەوە لە ماوەی رابردوودا هەرێمەكەمان بەهۆی چەند حاڵەتێكی لەوشێوەیەوە رووبەڕووی رەخنەی توند بووەوە.
لە رابردوودا بەهەمووشێوەیەك پاڵپشت و پشتیوانیی رۆژنامەنووسان بووین، ژینگەیەكی ئازادمان فەراهەم كردووە و داوامان لە رۆژنامەنووسان كردووە بوێربن و ئازادانە رەخنەمان لێبگرن، بە رەخنەكان گەورە دەبین و بەخۆماندا دەچینەوە. لە داهاتووشدا بەهەمان رۆحییەتەوە بەردەوام دەبین و پارێزەری مافی رۆژنامەنووسان دەبین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان