سەرۆك كۆماری عیراق: هەر دەستدرێژییەك دژبە شارەكانی عیراق رەتدەكەینەوە

04:31 - 2024-04-22
کوردستان
373 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف جەمال رەشید، سەرۆك كۆماری عیراق پێشوازیكرد لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا و وەفدێكی یاوەری.
لە دیدارەكەدا، كە لە كۆشكی بەغدا بەڕێوەچوو، سەرۆك كۆمار و هاوتا توركییەكەی گفتوگۆی دووقۆڵییان كرد لەبارەی بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و میكانیزمەكانی پەرەپێدانی هاریكاری لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا، هەروەها جەختیانكردەوە لە پێویستی هاوئاهەنگی و كاری هاوبەش بۆ گەیشتن بە چارەسەری گونجاو بۆ كێشەكانی پەیوەست بە ئاسایش و ئابووری و ئاو، بەشێوەیەك كە خزمەت بە خواستەكانی هەردوو گەلی عیراق و توركیای دراوسێ بكەن.
لە دیدارەكەدا هەردوو سەرۆك جەختیان لە گرنگی چڕكردنەوەی هەوڵەكان كردەوە بۆ بەهێزكردنی ئاسایشی سنوور و رووبەڕووبونەوەی ئاڵنگارییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و ژینگە و قەیرانی ئاو و سوودوەرگرتن لە شارەزایی و ئەزموونی توركیا لەم بوارەدا. 
هەروەها دووپاتیانكردەوە، پێویستە دەستبەجێ پەلامارەكان بۆسەر غەزە رابگیرێن و پشتیوانی لە گەلی فەڵەستینی برا بكرێت بۆ بەدەستهێنانی هەموو مافە رەواكانی، كە بە شەرعییەتی نێودەوڵەتی مسۆگەركراون. هەروەك هانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان دا بۆ چڕكردنەوەی هەوڵەكانی بۆ زیادكردنی هاوكارییە مرۆییەكان بۆ فەڵەستینییەكان لە غەززە و كاركردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی كۆتایی بۆ دۆزی فەڵەستین لەپێناوی بەرقەراركردنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
هەر لە دیدارە دوو قۆڵییەكەدا باس لە دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە و گرنگی كەمكردنەوەی گرژییە بەردەوامەكان كرا، لەپاڵ ئەوەشدا پشتبەستن بە بنەمای لێكتێگەیشتن و دیالۆگی بنیاتنەر بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان وڵاتانی ناوچەكە، تاووتوێكران.
لە وتووێژە بەرفراوانەكانی هەردوولادا پرسە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەكان و پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات و رێگاكانی بەهێزكردنی بازرگانی و هاندانی دەرفەتی وەبەرهێنان و دۆسێی ئاو، تاوتوێكران. 
سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە، كە عیراق چاوی لە باشترین پەیوەندییە لەگەڵ توركیای دراوسێ لەسەر ئاستە جۆراوجۆرەكان و بە پەرۆشە بۆ چەسپاندنی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی برا و دۆست، كە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەكان بكات لە بوارەكانی مێژووی و ئابووری و بازرگانی و رۆشنبیری. هەروەها جەختیكردەوە لەسەر گرنگی گرتنەبەری دیالۆگ بۆ یەكلاكردنەوەی پرس و بابەتە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوو وڵات، كە خاوەن سەرچاوەی سروشتی و مرۆیی گەورەن و پێویستە وەبەرهێنانیان تێدابكرێت لەپێناو بەدیهێنانی پەرەپێدانی گشتگیر و گەشەسەندن.
سەرۆك كۆمار ئاماژەی بە گرنگی كاركردنی هاوبەش و هاوئاهەنگی كرد بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی هاوبەشی هەردوو وڵات و ناوچەكە. ئاماژەی بەوەشكرد، كە عیراق بەكارهێنانی خاكەكەی وەك سەرچاوەیەك بۆ دەستدرێژی یان هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێ رەتدەكاتەوە، هەروەك هەر دەستدرێژییەك یاخود پێشێلكارییەك دژبە شارەكانی عیراق رەتدەكەینەوە، لەم چوارچێوەیەشدا جەختیكردەوە لەسەر پێویستی رێزگرتن لە سەروەریی عیراق و ئاسایشی نیشتمانی.
سەرۆك كۆمار ئاماژەی بەدۆسێی ئاو و ئەو قەیرانە كرد، كە عیراق دووچاری هاتووە لە ئەنجامی كەمبونەوەی گەیشتنی ئاو لەڕێی رووبارەكانی دیجلە و فورات و كاریگەرییەكانی لەسەر هەموو چالاكییەكانی ژیان. 
جەختیشیكردەوە لەسەر پێویستی چارەسەركردنی دۆسێی ئاو و مسۆگەركردنی پشكی دادپەروەرانە بۆ عیراق بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی و سودوەرگرتن لە ئەزموونەكان لە بەڕێوەبردنی دۆسێی ئاو و بنیاتنانی بەنداوەكان و هاوئاهەنگی و راوێژ لەبارەی پڕۆژە و دامەزراوەكان، كە لەسەر رووبارەكانی دیجلە و فورات دروست دەكرێن.
هەروەها سەرۆك كۆمار گرنگی دەستپێكردنەوەی كاری لیژنە هاوبەشەكان و چالاككردنی بەندەكانی رێكەوتننامە و یاداشتنامەكانی لێكتێگەیشتنی دووپاتكردەوە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی دۆستایەتی و هاریكاری. روونیشیكردەوە، كە عیراق سوورە لەسەر تەواوكردنی پڕۆژەی رێگای پەرەپێدان، كە وڵاتانی كەنداو لەڕێگەی توركیاوە بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە و سوودی گەورەی ئابووری دەبێت و جوڵەی بازرگانی فراوان دەكات.
لەلای خۆیەوە، سەرۆكی توركیا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانیكردنی عیراق و ستایشی پێشكەوتنەكانی عیراقی كرد لەسەر ئاستە جیاوازەكاندا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان گرنگی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و پێویستی پەرەپێدانیانی لە سەرجەم بوارەكاندا دوپاتكردەوە. جەختیكردەوە، كە توركیا پشتیوانی لە عیراق دەكات لە شەڕی دژبە تیرۆر و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاری ئەمنی و ژینگەیی و ئابووری. هەروەك ئاماژەی بەوەكرد كە هەردوو وڵات پەیوەندی نایابیان هەیە لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا، كە خزمەت بە هاریكاری و هاوئاهەنگی هاوبەش دەكات و سود بە هەردوو گەلی عیراق و توركیا دەگەیەنێت.
سەرۆكی توركیا رایگەیاند، كە وڵاتەكەی لە پێداویستییە ئاوییەكانی عیراق تێدەگات و بە پەرۆشە بۆ هاریكاریكردن لەم بوارەدا لەڕێگەی لیژنە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات. ئاماژەی بەوەشدا، كە عیراق ناوەندێكی گرنگە لە بازرگانیدا بۆ توركیا و باشترە میكانیزمەكانی هاریكاریی بازرگانی و ئابوری پەرەپێبدرێت.
بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان، پڕۆژەی رێگای پەرەپێدانی بە گرنگ بۆ وڵاتانی ناوچەكە و هەردوو وڵات وەسفكرد و جەختیكردەوە، كە توركیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیكردنی عیراق بۆئەوەی پڕۆژەكە بەزووترین كات تەواو بكات و ئامانجەكانی ئابوری و پەرەپێدان بۆ گەلانی ناوچەكە، بەدیبهێنێت.

# سەرۆك كۆماری عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان