یادەوەریی وەرزشی

10:02 - 2024-04-23
وەرزش
46 جار خوێندراوەتەوە
#یانەی سلێمانی 1990

خەسرەو گورون

104


لە ژمارەی پێشووی ئەم زنجیرە باسانەمدا باسی چوار یاریی دۆستانەی تیپەكەمانم كردبوو (تیپی یانەی سلێمانی)، ئەو یارییانەش بۆ خۆ ئامادە كردنمان بوو بۆ خولی جامی یانەكانی عیراق.
خولی جامی یانەكانی عیراق، یانە پلە یەك و پلە دوو پلە سێیەكانی ئەوكاتی سەرتاسەری عیراق تیایدا بەشدارییان دەكرد، قورعە بۆ یانە بەشدارەكان دەكرا و سیستمی یارییەكان چونە دەرەوە بوو لە ئەنجامی دوو یاریی چوون و گەڕانەوە بەرامبەر ئەو یانەیەی بۆت دیاریی دەكرا، ئێمە تیپی یانەی سلێمانی لە ئەنجامی قورعەدا بەر یانەی مینا كەوتین، یانەی میناش ئەوكاتە یەكێك بوو لە یانە بەهێزەكانی خولی پلە یەكی عیراق و ئێمەش لە خولی پلە دوودا بووین، یەكەم یاریی كە یاریی چوونمان بوو لە یاریگای سلێمانی رۆژی 5/10/1990 و یاریی گەڕانەوەشمان 12/10/1990 لە بەسرە كرد، لەم باسەی ئەمجارەدا باسی یاریی چوونمان دەكەم كە لە یاریگای خۆمان كردوومانە.

 

 


یاریگای سلێمانی بۆ ئەم یارییە سەرجەم مەدرەجەكانی لێوان لێو بووبوون لە هاندەران،  بەجۆرێك ئامادەبوونی ئەو ژمارە زۆرەی هاندەران چاوەڕوان نەكراوبوو

رۆژی 5/10/1990 یاریی چوونمان بەرامبەر یانەی مینا لە خولی جامی یانەكانی عیراقدا كرد، یارییەكە لەیاریگای سلێمانی كردمان، سەعات 3 ی عەسر فیكەی دەستپێكردنی بۆ لێدرا، تیمێكی ناوبژیوانی لە شاری كەركوكەوە هاتبوون بۆ بەڕێوەبردنی یارییەكە، یاریگای سلێمانی بۆ ئەم یارییە سەرجەم مەدرەجەكانی لێوان لێو بووبوون لە هاندەران،  بەجۆرێك ئامادە بوونی ئەو ژمارە زۆرەی هاندەران چاوەڕوان نەكراوبوو، ئێمە وەك یانەی سلێمانی بە درێسی سوور و ئەوانیش بە درێسی شینەوە یارییان دەكرد.
حەمە بچكۆل و عومەر خەتاب راهێنەرانی ئێمە بوون، مامۆستا ئازاد وەهاب و خوالێخۆشبوو فەهمی فەفێ رەشیدی قەشان ئیداری و بەڕێوەبەرانی تیپەكە بوون، خوالێخۆشبوو دكتۆر عەتا چارەسەركەری پزیشكی تیپەكەمان بوو.
لەم یارییەدا هەردوو راهێنەر بەپلانی 4-4-2 یارییان كرد، سەرەنجامیش تیپی مینا توانی 3-1 یارییەكە بباتەوە، پێكهاتەی سەرەكی تیپەكەشمان بۆ ئەم یارییە بەمشێوەیە بوو:
*گۆڵپارێز: رزگار عەلی.
*بەرگری: خەسرەو گورون-كاپتنی تیپ، ئامانج سەید برایم، تەنیا حسەن تەنیا، نەوزاد مستەفا.
*ناوەند: كاوە سدیق، سەڵاحی شێخ ئەمین، ئالان قادر، ئومێدی شێخ حسێن.
*هێرشبەر:حەمەی كەریم، بەختیار رەشید.
تیپی مینا لە دەقیقەكانی 3 و 5 دا گۆڵی یەكەم و دووەمی خۆیانە كرد، حەمەی كەریم لە دەقیقەی 61 دا گۆڵی سێیەمی یارییەكەی كرد و ئەنجام بوو بە 2-1 بۆ یانەی مینا، بەڵام تیپی میوان لە دەقیقەی 75 دا گۆڵێكی تریشیان كرد و یارییەكەیان 3-1 بردەوە.
لەم یارییەدا هەردوو راهێنەر ئەم گۆڕانكارییانەیان كرد، كاژاو كەمال بۆ شوێنی تەنیا، جەعفەر تۆفیق بۆ شوێنی ئالان، نازم عەرەب بۆ شوێنی بەختیار، ئەم یاریزانانەش یەدەكی تیپەكەمان بوون (رەفیق عەلی، زانا عەلی ئاسكە، شوان عەتوف، داخل جەبار، ئالان محەمەد، شەماڵ ئەحمەد، دێرێ لەتیف، خوالێخۆشبوو هەرسین رەسوڵ عەلی)، دواتر رۆژی 12/10/1990 یاریی گەڕانەوەشمان لە بەسرە كردو لە ژمارەی داهاتوودا باسی ئەم یارییەش دەكەم.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان