رووداوەکانی ھاتوچۆ لە راپەڕین زیادیان کردووە

خراپیی رێگەکانی هاتوچۆ هۆکاری سەرەکین

09:41 - 2024-04-24
ڕاپۆرت
124 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ جێگر خدر

بە وتەی پۆلیسی هاتوچۆی راپەڕین، رووداوەکانی هاتوچۆ لە سنووری ئیدارەی راپەڕین روو لە هەڵکشانن، یەک ئاڕاستەیی و خراپی رێگەکانی یەکتر بەستنەوەی شار و گوندەکان بە یەکەوە هۆکاری سەرەکین.
بەردەوام رووداوی هاتوچۆ 
سەروەر کەمال ماوەی 15 ساڵە شۆفێری خەتی گواستنەوەی شارەکانی ناو ئیدارەی راپەڕینە و دەڵێت، بە دێژایی ئەو هەموو ساڵە ببینەری سەدان رووداوی هاتوچۆی ئەو رێگایانە بووم، بەردەوام ئەو رووداوانە دووبارە دەبنەوە، دەشڵێت، هۆکار زۆرن، بەڵام هۆی هەرە باو یەک ئاڕاستەیی و خراپیی رێگەکانی هاتوچۆن، رێگەی رانیە- قەڵادزێ و رێگەی قەڵادزێ تا سنوور، یان حاجیاوا - سەرکەپکان، حاجیاوا - سەروچاوە، یاخود چوارقوڕنە- قوڕەگۆ، هەموویان یەک ئاڕاستەن، لەگەڵ ئەوەشدا هۆی دیکەش هەن وەک تیژڕۆیی و پابەندنەبوونی شۆفێران بە یاساکانی هاتوچۆوە.
لە ئیدارەی راپەڕین رێژەیەکی زۆری دانیشتوان هەیە، وێڕای ئەوەش بەهۆی نزیکی و پەیوەندیی پتەویان بە ئیدارەی سۆران و شارەکانی کۆیە، دوکان و رواندز، بەردەوام جەنجاڵی بە شەقامەکانی ناو سەنتەری ئیدارەی رانیە لەگەڵ شارەکانی دیکە دەبینرێت، بەڵام شەقامەکان تەسک و خراپ بوون، لە ئاست ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتوان و سەردانیکەرەدا نین. لەناو شارەکان شەقامی پێکەوە گرێدراو کەمن و لە دەرەوەش شەقامەکان تەسک و باریک و پڕ چاڵ و رەگلەن، بێ رووناکی و هێڵی کێشراو و هێماکانی هاتوچۆن.

 

وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی راپەڕین: لە ساڵی 2023 دا  256  رووداوی هاتوچۆ لە ئیدارەی راپەڕین رویداوە و بەهۆیەوە 26 کەس گیانیان لە دەستداوە و 343 کەسیش بریندار بوون

 

 

256 رووداو لە ساڵێکدا
 بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی راپەڕین لە ساڵی رابردوودا 26 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە لەو سنوورە گیانیان لە دەستداوە، عەلی عەبدوڵڵا وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی راپەڕین دەڵێت،  لە ساڵی 2023 دا  256  رووداوی هاتوچۆ لە ئیدارەی راپەڕین رویداوە و بەهۆیەوە 26 کەس گیانیان لە دەستداوە و 343 کەسیش بریندار بوون، بەشێکیشیان بەو هۆیەوە کەمئەندام بوون و بەشێکی جەستەیان لە دەستداوە، دەشڵێت، ئەم ژمارەیە بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیاترە و ژمارەی رووداو و قوربانیان روو لە هەڵکشانە. بە شێوەیەک ساڵی 2022 ژمارەی رووداوەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی راپەڕین 238 رووداو بووە وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی راپەڕین باس لەوەش دەکات، ئەگەر چی ژمارەکە بەو رێژەیە زۆرە نییە، بەڵام دەبێت کار بۆ کەمکردنەوەی بکەین و پێویستە شۆفێرانیش زیاتر پابەندی یاساکانی هاتوچۆبن و ئەو ئامارانەش بە «مەترسی» ناو دەبات.
وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی راپەڕین جەخت دەکاتەوە، لەوەی کە خراپی رێگەکانی گواستنەوەی ناو شارەکان و ئەو رێگایانەی ئیدارەکە بە شارەکانی سلێمانی و هەولێر دەبەستێتەوە هۆکاری سەرەکین، هەروەها پابەند نەبوونی شۆفێران بە یاساکانی هاتوچۆوە هۆی دیکەن، باسی ئەوەش دەکات رێگەکان بەراورد بەو قەرەباڵغی و جموجۆڵە گەرمەی لە ئیدارەکەدا هەیە، وەک پێویست نین و پێویستی زیاتری بە شەقامی پان، جووت ساید و ستانداردی جیهانی هەیە.
پەککەوتنی رێگە سەرەکییەکان
رێگەی دەربەند - قەڵادزێ رێگەیەکی گرنگی هاووڵاتیانی سنووری ئیدارەی راپەڕینە، بە درێژایی 11 کیلۆمەتر شەقامێکی تەسکی خراپ بووی بێ هێماکانی هاتوچۆ، قەڵادزێ بە رانیە دەبەستێتەوە، یەکێکە لەو رێگایانەی ساڵانە ژمارەیەکی زۆری رووداوی هاتوچۆی لێ روودەدات، ئەگەرچی بەرپرسانی ئاوەدانکردنەوەی راپەڕین دەڵێن ماوەیەکی زۆرە داوامان کردووە دەستبکرێت بە فراوانکردن و جووت سایدکردنی، بۆ ئەو مەبەستەش دەرخستەیان رەوانەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کردووە و بڕی 33 ملیار دیناری تێدەچێت، بەڵام تائێستا ئەو بەشەی ماوە راگیراوە و پەکی کەوتووە.
جیا لەوەش زۆرێکی دیکە لە رێگە سەرەکییەکانی راپەڕین بێ کەڵک بوون و پێویستیان بە فراوانکردن، چاککردن و نۆژەنکردنەوە هەیە،  وەک چوارقوڕنە - قوڕەگۆ کە هاتوچۆیەکی زۆری لەسەرە و بەشێکی بێکەڵک بووە، رانیە - سەرکەپکانیش یەکێکە لە رێگە هەرە جەنجاڵەکان، بەهەمان شێوە ئەویش رێگەیەکی پەککەوتووە و لە ناچاریدا دانیشتووانی رانیە و دۆڵی ئاکۆیەتی بەکاریدەهێنن، وێڕای ئەوەی ئەو دۆڵە یەکێکە لە ناوچە گرنگە گەشتیارییەکانی ناوچەکە و گەشتیارێکی زۆر لێیەوە هاتوچۆ دەکات.  بەتێکڕا شەقام و رێگەکانی سنوورەکە پێویستیان بە گۆڕین، فراوانکردن، چاککردن، نۆژەنکردنەوە و دانانی هێماکانی هاتوچۆ و رووناکی و هێڵی سەر شەقامەکان هەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان