چالاکییەکانی ئەنجوومەنی سەوزی چیا لە مەریوان

10:47 - 2024-04-24
ڕاپۆرت
77 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی سەوزی چیا، ئەنجومەنێكی میللیی ناحکومیی ژینگەپارێزییە كە لە ساڵی 1999 لە شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان پێکهێنراوە و كار و چالاكیی مەدەنییانە دەکات و پاش هەوڵێکی زۆر، ساڵی 2008 مۆڵەتی رەسمیی لە وەزارەتی ناوخۆی ئێران وەرگرتووە. 
هەر لە كاتی دامەزرانییەوە بە شێوەیەكی شێلگیرانە درێژەی بە كار و چالاكییەكانی دەدات و زۆر زوو توانی لەناو دڵی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستاندا بە گشتی و پارێزگای سنە و شاری مەریوان بەتایبەتی جێی خۆی بكاتەوە و ببێتە جێی متمانەی خەڵكانێكی زۆر. 
بەهۆی  چالاكییە بەرچاوەكانی «ئەنجومەنی چیا»وە كە خۆنەویستانە سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشە ژینگەییەكانی ناوچەكەیە، بووە بە ئەنجومەنێکی ژینگەپارێزیی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و رچەشكێن بوو بۆ دروستبوونی دەیان ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی دیکە لە رۆژهەڵاتی كوردستان و  زۆربەیان بۆ كار و چالاكییەكانیان راوێژیان بە دامەزرێنەرانی یەنجومەنی چیا دەكرد و تائێستاش هەر بەو جۆرە کار دەکەن.
بەهۆی زۆربوونی كێشە ژینگەییەكان و فراوانبوونەوەی رووبەری چالاكییەكانی ئەنجومەنی سەوزی چیا، راپەڕاندنی باشتری کار و چالاكییەكانیان بەسەر چەند كۆمیتەیەكدا دابەشکردووە كە بریتین لە هەریەک لە:  كۆمیتەی بەرگری لە قەیران، كۆمیتەی پاراستنی مافی گیانلەبەران، كۆمیتەی كەلتوری (چاپەمەنی، بڵاوکراوە،  كۆمیتەی فێركاری،  كۆمیتەی وەرزشی، كۆمیتەی بەڕێوەبەردن، كۆمیتەی پەلەوەرناسی و كۆمیتەی منداڵان.
دوای دابەشكردنی ئەركەكان بەسەر ئەم كۆمیتانەدا، كار و چالاكییەكانی ئەنجومەنەکە زۆر باشتر لە جاران بەرەوپێشچوون.
چالاکییەکانی ئەنجومەنی چیا:
1
-سەردانی گوندەكان و ئاگاداركردنەوەیان سەبارەت بە گرنگیدان بەپاراستنی دارستان و گیانلەبەران و مەترسییەكانی لەناوچوونیان.
2-سەردانی خوێندنگەكانی ناوشار و دەرەوەی شار و بڵاوكردنەوەی زانیاری لەسەر پرسە جیاوازە ژینگەییەكان.
3-هەڵمەتی ئاگاداركردنەوەی گوندنشینان و خەڵكی ناوشاریش سەبارەت بە مەترسییەكانی راوكردن بۆسەر ژینگەی كوردستان بە رۆشتن بۆ گوندەكان و قسەوباس لەسەر ئەو بابەتە و بڵاوكردنەوی سەدان پۆستەر لەسەر ئەم بابەتە. 
بەم بۆنەیەوە زۆر كەس وازیان لە راوكردن هێنا و چەك و تفەنگەكانی راوكردنیان شكاند و ئەوەیان کردە هەڵمەتێكی گشتگیر لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەتایبەتی و ئێران بەگشتی.
4-چاپ و بڵاوكردنەوەی هەفتەنامەی ژینگەیی «چیا» و بڵاوكردنەوەی لە هەموو گوندەكانی ناوچەی مەریوان و هەورامان و چاپ و بڵاوكردنەوەی پاشكۆی هەفتەنامەی چیا بەناوی «دێبەر»  تایبەت بە گوندەكان. هەروەها چاپ و بڵاوكردنەوەی پاشكۆی هەفتەنامەی چیا بە ناوی «داربەڕوو» کە تایبەتە بە منداڵان.
جگە لەوەش چاپ و بڵاوكردنەوەی مانگنامەی كەلتوری، كۆمەڵایەتی، ژینگەپارێزیی «چیا» لە پێنج پارێزگای زاگرۆسنشینی ئێران.
5-هاوكاری و پەیوەندی لەگەڵ بەشی undo نەتەوە یەكگرتووەكان، لقی تاران.
6-دەستپێكردنی هەڵمەتی كوژاندنەوەی ئاگری دارستانەكان لە ساڵی2007 ەوە  و پەیوەندکردن لەگەڵ كۆمیتەی قەیران بە هاوكاریی ئەندامانی ئەنجومەنی چیا و خەڵكی گوندەكان لەم چەند ساڵەدا رۆڵی بەرچاویان گێڕاوە لە كوژاندنەوەی ئاگری دارستانەكاندا، جگە لە مەریوان، ئەنجومەنەکە بەشداربووە لە كوژاندنەوەی ئاگر لە هەورامان، كرماشان، ئیلام و تەنانەت باشووری كوردستانیش.  
بەداخەوە  25/8/2018 دوو كەس لە  دڵسۆزترین و باشترین رۆڵەكانی ئەنجومەنی چیا «شەریف باجوەر و ئومێد كۆنە‌پۆشی»، لەكاتی ئاگر كوژاندنەوەدا  گیانیان لەدەستدا.
7-كۆمیتەی وەرزشیی ئەنجومەنی سەوزی چیا، هەوڵی بڵاوكردنەوەی زانیاری دەدات سەبارەت بە گرنگی ژینگە و وەستانەوە دژی سووتاندنی ئاگری دارستانەكان. 
لە یەكێك لە چالاكییەكانی ئەم كۆمیتەیە و بە مەبەستی راكێشانی بیروڕای گشتی لەسەر مەترسیی سووتاندنی دارستانەكان، بەنیازبوون لەگەڵ گروپی شاخەوانی ئەنجومەنی پاژین-ی بانە سەركەون بۆ سەر كێوی «ئاربابا» لە شاری بانە، كە بەداخەوە لە رێگەدا بۆ بانە ئۆتۆمبێلەکەیان وەرگەڕا و بەو هۆیەوە چواركەس لە ئەندامانی ئەم كۆمیتەیە گیانیان لەدەستدا.
ئەم كۆمیتەیە رۆڵێكی بەرچاوی هەبوو لە یارمەتیدانی خەڵكی لێقەوماوی بوومەلەرزەکەی كرماشان و تەورێز و لافاوەکانی لوڕستان و ئاق قەڵای باكووری ئێران و پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە باشووری ئێران و ...هتد.
8-بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی «رۆژێكم بۆ زرێبار» نزیك دەریاچەی زرێباری شاری مەریوان بەبەشداریی زیاتر لە 10هەزار كەس لە خەڵكی گوندەكانی دەورووبەر و ناوشاری مەریوان و هاندانی جەماوەر لەسەر پاراستنی زرێبار و ئاگاداركردنەوەیان لە مەترسی وشكبوونی.
9-بەشداریكردن لە كۆنفرانسە ناوخۆیی و نێونەتەوەییە جۆراوجۆرەكان لەسەر ژینگە و بابەتە ژینگەییەكان.
هەروەها ئەنجومەنی چیا لە چەند فێستیڤاڵ و كۆنفرانسێکدا خەڵات كراوە لەوانە:
1-خەڵاتی باشترین و چالاكترین ئەنجومەنی ژینگەیی لەسەر ئاستی ئێران لەساڵی 2018.
2-بەدەسهێنانی پلەی یەكەمی «قارەمانی گۆلاو» لە ساڵی 2017.
3-براوەی خەڵاتی یەكەمی « دكتۆر رادمنیش»، لەساڵی 2020.
4-براوەی خەڵاتی یەكەمی كەلتور، ئەدەبی، ژینگەیی « دكتۆر رادمنیش» لە ساڵی 2023 بە بەشداریی زیاتر لە هەزار ئەنجومەن لە سەر ئاستی ئێران.
ئەوە جگە لە وەرگرتنی دەیان خەڵات و رێزلێنانی دیکە لەسەر ئاستی ئێران و پارێزگای سنە.
هەنووکە ئەم ئەنجومەنە نزیكەی دوو هەزار ئەندامی رەسمیی و زیاتر لە 30 هەزار لایەنگری هەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان