مانگی تەممووز یەكەم گەشت بەڕێدەخرێت

پەنابەرانی نایاسایی لە بەریتانیاوە بۆ رواندا

11:34 - 2024-04-24
جیهان
76 جار خوێندراوەتەوە

ئاری مەحمود قەرەداغی - سویسرا

حكومەتی بەریتانیا بەربەستەكانی بەردەم یاسای دیپۆرتكردنی پەنابەرانی بەرەو رواندا لابرد كە ماوەیەك بوو لە هەردوو ژووری پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا مشتومڕی لەسەربوو. 
لەوبارەیەوە حكومەتی لەندەن بە سەرۆكایەتیی ریشی سوناك، سەرەڕای ناڕەزاییەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە و رێكخراوە مەدەنییەكان، پەنابەرانی نایاسایی بە فڕۆكە دەگوازێتەوە بۆ ئەفریقا و بڕیاریشە لە چەند هەفتەی داهاتوودا یەكەم گەشتی فڕۆكە بەرەو كیگالی بەڕێبخرێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەم بڕیارە بەر لە شەش مانگ لەلایەن دادگای باڵای بەریتانیاوە رەتكرابۆوە و راگیرابوو بەوپێیەی كە رواندا وڵاتێكی سەلامەت نییە، بەڵام لەندەن پێچەوانەكەی راگەیاندووە.
لەلایەكی دیكەوە، لۆرد كارلایل لە ئەنجومەنی لۆردان دەڵێت: كاری ئێمە پاراستنی دیموكراسییە، بەڵام كاتێك حكومەت سیاسەتی خۆی لە سەرووی یاساوە دادەنێت، ئەمە رەفتارێكە كە بەریتانیا خۆی زۆر وڵاتی دیكەی پێ سەرزەنشت دەكات، بەڵام بەوپێیەی پارتی پارێزگاران زۆرینەی پەرلەمانیی هەیە، سوناك توانی یاساكە تێپەڕێنێت.
لەوبارەیەشەوە سەرۆك وەزیران رایگەیاندووە: یەكەم گەشت لە مانگی تەمموزدا دەستپێدەكات و لە ئێستاوە فڕۆكە ئامادەكراوە بە لیستی سەرنشینەكانەوە و 500 پاسەوانیش ئامادەن بۆ یاوەریی پەنابەرە نایاساییەكان بۆ رواندا، لەندەنیش بۆ ئەو مەبەستە 400 ملیۆن دۆلاری ناردووە بۆ رواندا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان