خەڵاتی زێڕینی بلە، پێشكەش بە 10 كەسایەتی كرا

سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی: هەر كورد بووین و هەر كورد دەبین

11:39 - 2024-04-24
کوردستان
82 جار خوێندراوەتەوە

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

دوێنێ 23/4، لە هۆڵی تەلاری هونەر لە سلێمانی، لەیادی 24مین ساڵیادی ماڵئاوایی مامۆستا برایم ئەحمەد شاعیر و نووسەر و رۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار و بیرمەندی گەورەی كورد، بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق، خاتوو گەلاوێژ، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق، ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی ی.ن.ك و لێپرسراوانی حزبی و حكومی، ژمارەیەكی زۆر لە میوانانی هەر چوار پارچەی كوردستان، رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی زێڕینی بلە بەڕێوەچوو، تێیدا 10 كەسایەتی كە لە بوارە جیاوازەكاندا خزمەتی میللەتی كوردیان كردووە، خەڵاتەكەیان پێبەخشرا.
دابەشكردنی خەڵاتەكان
هەر لە رێوڕەسمەكەدا، خەڵاتەكان بەمشێوەیە دابەشكران:
خەڵاتی یەكەم بەخشرایە مامۆستا ئیبراهیم ئەمین باڵدار لە بواری پەروەردە و دانانی ئەلف و بێی كوردی، خەڵاتەكەش لەلایەن ئەحمەد ئازاد باڵدار كوڕەزای مامۆستا ئیبراهیم ئەمین باڵدارەوە، وەرگیرا.
خەڵاتی دووەم بەخشرایە مامۆستا عەلی ئەكبەر مورادی لەپای خزمەتە گەورە و گرنگەكەی بە میوزیكی كوردی.
خەڵاتی سێیەم بەخشرایە د.ئەختەر نەجمەدین لەپای خزمەتكردنی بە توشبوانی شێرپەنجە لە كوردستان.
خەڵاتی چوارەم بەخشرایە هونەرمەندی گەورەی كورد ناسری رەزازی لەپای خزمەتكردنی بە هونەری رەسەنی كوردی و خزمەتكردن بە زاری كوردی.
خەڵاتی پێنجەم، بەخشرایە خالید عەلی موراد جاف كە كاری گەورەی كردووە لە كۆكردنەوەی بەڵگەنامەكان بۆ سەلماندنی كوردستانیبوونی كەركوك.
تەنزنووسی دیاری كوردستان و رۆژنامەی كوردستانی نوێ، د.شێركۆ عەبدوڵڵا، خەڵاتی شەشەمی  زێڕینی بلەی وەرگرت لەپای خزمەتكردن بە بواری نووسینی تەنز و هێنانی بۆناو راگەیاندنی كوردی.
هونەرمەندی ناسراوی كورد، سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی، خەڵاتی حەوتەمی پێبەخشرا لەپای خزمەتكردن بە بواری هونەری كوردی و خەڵاتەكەش لەلایەن راشید بابە شەهابی كوڕەزای هونەرمەندەوە، وەرگیرا.
خەڵاتی هەشتەم، بەخشرایە د.جوان حەمی لەپای ئەو خزمەتە گەورەیەی بە بریندارانی شەڕی دژی داعشی كردبوو لە سوریا، خەڵاتەكە لەلایەن سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، بەخشرایە د.جاویدان كەمال، دواتر د.جوان لە كورتە ڤیدیۆیەكدا كە تۆماركرابوو، سوپاسی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشنی كرد بەهۆی دەستنیشانكردنی بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە.
دوای پێشكەشكردنی خەڵاتەكەش، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە وتەیەكدا پێشنیاری بۆ ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن كرد «بۆ ساڵی داهاتوو یەكێك لە خەڵاتەكانی زێڕینی بلە بە شەهید عەبدۆ ببەخشرێت، چونكە شەهیدی هەموو كوردستانە، هاوكات پشتیوانییەكیشە بۆ هەموو خوشك و براكانمان لە سوریا و هەموو كوردێك كە خەبات دەكات بۆ كوردستانێكی سەربەرز، لەگەڵ ئەوەشدا وەك پەیامێك رایگەیاند: هەر كورد بووین و هەر كورد دەبین.
پاشان، خەڵاتی نۆیەم بەخشرایە فەهیمە محەمەد ئەمین ناسراو بە حاجی فەییم، وەك كەسوكاری ئەنفال و خەڵاتەكەش لەلایەن خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەدەوە پێشكەشكرا.
خەڵاتی دەیەم بەخشرایە د.عەلی بەدرخان وەك سینەماكاری گەورەی كورد لە میسر و خەڵاتەكەش لەلایەن د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراقەوە، پێشكەشكرا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان