چیرۆكی خانمە راگەیاندنكارێكی بوێر

09:37 - 2024-04-25
ئەدەب و هونەر
77 جار خوێندراوەتەوە

نەرمین عوسمان محەمەد



لەسەرەتای ئەمساڵدا و لە رێكەوتی 1/28 دا زنجیرە درامای "بین السطور" لە كەناڵەكانی MBC و چەند كەناڵێكی دیكەی عەرەبی نمایش كرا و ماوەی مانگێكی خایاند. ئەم دراما عەرەبییە لە درامای كۆری "MISTY"یەوە وەرگیراوە و نمایشە عەرەربییەكەی لە دەرهێنانی "وائل فرج" و هەریەك لە "ضبا مبارك، احمد فهمی، محمد علا‌ء، ناردین فرج، سلمی أبو ضیف" و چەند ئە كتەرێكی دیكە رۆڵیان تێدا گێڕاوە. لە دوای نمایش كردنی "10" ئەڵقەی یەكەمی، دراماكە بووە ترێند و زۆرترین بینەری هەبووە بە تایبەتی لەسەر پلاتفۆرمی "شاهد" ی عەرەبی.

چیرۆكی دراماكە
دراماكە باس لە خانمە راگەیاندنكارێكی لێهاتووی بەناوبانگ دەكات لە یەكێك لە كەناڵە تەلەفزیۆنییە ناسراوەكاندا كار دەكات و بەرنامەیەكی كۆمەڵایەتی جیاواز پێشكەش دەكات،  تێیدا چاو نەترسانە كێشە و بابەتە زەقەكانی كۆمەڵگاكەی دەخاتەڕوو، بەرنامەكەی بەناوی "بین السطور"ەوەیە و توانیویەتی پێگەی كۆمەڵایەتی خۆی هەبێت، بەڵام لەناوەڕاستی كاركردنی ئەم خانمە لەبەرنامەكەدا ئەو كەناڵە تەلەفزیونییەی بەرنامەكەی پەخش دەكات، بڕیاری وەستاندنی پەخشی بەرنامەكە دەدات بە بیانوی ئەوەی بەرنامەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەنگدانەوەی كەمە، بەڵام كاتێك بەڕێوەبەری كەناڵەكە ئەم بڕیارە بە"هند"ی خانمەپێشكەشكاری بەرنامەكە رادەگەیەنێت لە وەڵامدا هند پێیان دەڵێت :" بەرنامەكەم ناوەستێنم." و لەوپێناوەدا بەردەوام بوونی بەرنامەكەی و بەرز بوونەی ئاستی بینەردا لە پلاتفۆرمە كۆمەڵایەتییەكانی سەردەمدا ئەو میوانداری كەسایەتی و وەرزشەوانێكی ناوداری ئەمریكی دەكات بە رەچەڵەك خەڵكی میسرە، هەرچەندە هاوكارانی پێیدەڵێن ئەو وەرزشكارە هەرگیز چاوپێكەوتن لەگەڵ كەناڵە میدیاییەكاندا ناكات، بەڵام "هند" سوور دەبێت لەسەر بڕیاری خۆی و دەڵێت وەڵامی وەرزشكارەكە بۆ من جیاواز دەبێت، بە چاوپێكەوتنەكەم قایل دەبێت، هەرواش دەبێت، لە ئاكامدا دەتوانێت بگاتە ئەو وەرزشكارە و چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵدا دەكات، بەڵام ئەو چاوپێكەوتنە دەبێتە مایەی ئازارێكی زۆر بۆ ئەو خانمە راگەیاندنكارە و هەموو لاپەڕەكانی ژیانی رابردووی ئەم خانمە هەڵدەداتەوە بە هۆی ئەوەی ئەو وەرزشكارە بەناوبانگە لە رابردوودا خۆشەویستی ئەم خانمە بووە و لە ئەنجامی هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی ئەو مێژووە و لە ئەنجامی سەركێشی و سەرەڕۆیی وەرزشكارەكە خۆیدا وەرزشكارەكە دەكوژرێت و یەكێك لەو كەسانەی بە كوشتنی وەرزشكارەكە تۆمەتبار دەكرێت، ئەم خانمەیە كە دواجار و لە كۆتایدا و لە دوای زنجیرەیەك لە رووداوی ئالۆز ئەم خانمە ئازاد دەكرێت، دەردەكەوێت هاوسەرەكەی ئێستای ئەم خانمە، خۆشەویستە كۆنەكەی كوشتووە.

 

دراماكە باس لە خانمە راگەیاندنكارێكی لێهاتووی بەناوبانگ دەكات لە یەكێك لە كەناڵە تەلەفزیۆنییە ناسراوەكاندا كار دەكات

 


لایەنە هونەرییەكانی كارەكە

ئەم درامایە هەندێك تایبەتمەندی هونەریی هەیە كە بەراستی دەبێتە هۆكاری ئەوەی بینەران و رەخنەگران سەرسامی بن لەوانە بەكارهێنانی تەكنیكی"فلاش باك" بەهاتووچۆ كردن لەنێوان ئێستا و رابردوودا لە رێگەی شەپۆلێك لە یادگاری و رووداوەوە و لەچوارچێوەی كەشێكی تامەزرۆكەر ونادیارەوە هەروەها ئەم درامایە لەلایەن وەرشەیەكی نووسینەوە (كۆمەڵێك نووسەر)ەوە لە رووی درامیەوە چارەسەركراوە و تەكنیكی"فلاش باك"ە كە لەچوارچێوەی چوار سەردەمی جیاوازدا بەكارهاتووە و ئەم ئەزموونە پڕە لە گرەو هەر لەسەرەتای بونیادنانی دراماكەوە پشتی بەهاوسەنگی نێوان رووداوەكان و ناساندنی كارەكتەرەكانی كارەكە بەستووە، تا دەگاتە گەمەكردن بەخەتە درامییەكانی نێو هەر ئەڵقەیەك لەپێناو دروستكردنی دۆخێك لەتامەزرۆیی و وێڕای دووبارە بوونەوەی تێمای دراماكە، بەڵام بەشێوەیەكی زۆر سەرنجڕاكێش و لەچوارچێوەیەكی درامی لەگەڵ ریتمی رووداوەكاندا دەستكاری كراوە بەبێ هیچ زیادەڕەوییەك لەهەڵچونی ئەكتەرەكان لەبەردەم كامێرادا ئەمەش وەكو سەركەوتنێك بۆ دەرهێنەر هەژمار دەكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان