لیژنەی ناوبژیوانانی ئیسپانیا گوێ لە یانەی بارسیلۆنا دەگرێت

10:26 - 2024-04-25
وەرزش
62 جار خوێندراوەتەوە

رەوەز ئیسماعیل


یاریی كلاسیكۆی نێوان بارسا و ریاڵ كە شەوی یەكشەممەی رابردوو 21/4 لە یاریگای سانتیاگۆ بیرنابیۆ لە مەدرید كرا، بۆتە كێشەیەكی گەورە و بەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا و سەرۆكی لالیگا و لێپرسراوانی وەرزشیی ئیسپانیای گرتووە.
یارییەكە 3-2 بەسودی ریاڵ مەدرید كۆتاییهات، بەڵام لە یارییەكەدا چەند هەڵەیەكی ناوبژیوانی بینران و رویاندا، ئەو هەڵانە جوانییەكانی كلاسیكۆی شێواند، ئەو هەڵانە لەهەر یارییەكدا رووبدەن نابێت لە یارییەكی جیهانی گەورەی وەك كلاسیكۆدا رووبدەن، ئەو هەڵانە ناوبژیوانی یارییەكە و ناوبژیوانی ژوری ڤاریشی رووبەڕووی رەخنەیەكی زۆر كردۆتەوە، زۆربەی رەخنە و سكڵاكانیش بەزۆری لەلایەن یانەی بارسیلۆناو دەزگاكانی راگەیاندنی سەر بەم یانەیەوە دەگیرێن بە تایبەتیش لەلایەن هەردوو رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ و سپۆرتی كەتەلۆنییەوە.
یەكەم كاردانەوە لەلایەن ئەو دوو رۆژنامەیەوە بوو، پاشان چەندین شیكەرەوەی یارییەكان لە ئەوروپا و دواتر چاڤی راهێنەر و  دواین كەسیش سەرۆكی یانەی بارسیلۆنا بوو ئەمیش هاتە سەرخەت و لێدوانێكی رەسمی توندی لەوباریەوە داو بەدەق ووتی:ئەگەر بێتو یەكێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا و لالیگا و تیپاسی سەرۆكی لالیگا وەڵامی سكڵاكانمان نەدەنەوە، ئەوا سكاڵاكانمان بۆ لێپرسراوانی باڵای تۆپی پێی ئەوروپا و جیهان بەرزدەكەینەوە، تەنانەت ئەگەر پێویست بكات ئەوا لە چەند دادگایەكیش سكاڵا تۆمار دەكەین.

 

ئێستا سكاڵاكانی بارسا بەهەند وەرگیراون، دوا هەواڵ ئەوەیە كە سەرۆكی یانەی بارسیلۆنا بڵاویكردۆتەوەو دەڵێت: خەریكە دواكاری و سكاڵاو رەخنەكانمان جێی خۆیان دەگرن

لەلای خۆشیانەوە یانەی ریاڵ مەدریدیش بەهەمان شێوە سكاڵایان هەیە، دەڵێن ئەو گۆڵەی كریستینسن بەسەر دەیكات فاوڵ بووە و لەكاتی سەرلێدانەكەدا هەردوو دەستی دەخاتە سەر پشتی تۆنی كروز.
بارسیلۆنا سێ حاڵەتی كردووە بە چەكی سكاڵاكەیان، یەكەمیان ئەوەیە دەڵێن ئەوتۆپەی لامین یامال ئاڕاستەی گۆڵی كردووە و گۆڵچی ریاڵ دەیكاتەوە دەرەوە، گۆڵ بووە و تۆپ بەتەواوی چۆتە ئەودیوی خەتی ناوگۆڵ، بەڵام ژووری ڤار و ناوبژیوان رەتی دەكەنەوە، دووەمیشیان ئەوەیە كاتێك كاماڤینگا لە دەقیقەی 34 ی یارییەكەدا لە لامین یامال دەدات، كاماڤینگا دوا بەرگریكار بووە و دەبوو بەكارتی سوور بكرایەتە دەرەوە، سێیەمیشیان ئەوەیە كاتێك رۆدیگێر لەناوچەی سزادا لە فێرمین لۆپێز دەدات و بەشان دەیخات، پەنالتی بووە و ناوبژیوان و ژووری ڤار هیچیان نەكردووە، لەمانەش گرنگتر ئەوەیە لەدەقیقەی 18 دەدا ئەو پەنالتییەی بۆ ڤازكێز دەگیرێت گوایە كۆبارسی لە ڤاسكێزی داوە پەنالتی نەبووە.
ئێستا سكاڵاكانی بارسا بەهەند وەرگیراون، دوا هەواڵ ئەوەیە كە سەرۆكی یانەی بارسیلۆنا بڵاویكردۆتەوەو دەڵێت: خەریكە دواكاری و سكاڵاو رەخنەكانمان جێی خۆیان دەگرن، ئەوەشی راگەیاندووە كە لیژنەی ناوبژیوانانی یەكێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا پێیان راگەیاندوون با وەفدێكی یانەی بارسا سەردانی بارەگاكەیان بكات و پێكەوە سەیری سەرجەم ڤیدیۆكان بكەن و گوێ لە تەواوی تۆمارە دەنگییەكانی نێوان ناوبژیوان و ناوبژیوانی ژووری ڤار بگرن و بەهەردوولا بڕیارێكی گونجاو بدەن.
لاپۆرتای سەرۆكی یانەی بارسیلۆنا ئەوەشی راگەیاندووە، ئەگەر هات و سكاڵاكانیان سەریگرت و رەخنەكانیان لە ناوبژیوانانی یارییەكە تەواو بوون، ئەوا لەدادگاش سكاڵایەكی تر دژیان تۆمار دەكەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان