بەڵێنەکانی کاتی هەڵبژاردن جێبەجێ دەکرێن

لەسەر ئەرکی یەکێتی، سەرجەم گەڕەكە كوردنشینەكانی كەركوك كۆنكرێت دەكرێن

11:39 - 2024-04-25
ڕاپۆرت
326 جار خوێندراوەتەوە
کۆنکرێتکردنی گەڕەکێکی کەرکوک لەلایەن تیمی ئەندازیاری یەكێتییەوە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد


لەسەر ئەركی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرجەم گەڕەكە كوردنشینەكانی كەركوك كە بێبەش كراون لە خزمەتگوزارییەكانی كۆنكرێت، ئاوەڕۆ و ئاوی خواردنەوە ئێستا بۆیان جێبەجێ دەکرێت لەگەڵ تەواوکردنی ئەو پڕۆژانەی بە تەواونەکراوی بەجێ هێڵراون.
شاسوار محەمەد کە لەدوای پڕۆسەی ئازادیی عیراقەوە دانیشتووی گەڕەكی كوردستانە لە شاری کەرکوک   لە وەرزی زستاندا بەدەست قوڕ و لیتە و هاوینیش بەدەست تۆز و خۆڵەوە گیریان خوارد بوو ئەوە جگە لەوەی مێروو هەراسانی کردبوون بەهۆی ئەوەی کۆڵانەکەیان گڵ بوو وتی، لە ماوەی رابردوودا تیمی ئەندازیاری یەکێتی سەردانی کردین وەک ئەوەی پێش هەڵبژاردن بەڵێنیان پێ دابووین خاوەنی بەڵێنەكەی خۆیان بوون و دەستیان بە كۆنكرێت كردنی گەڕەکەکەمان کرد و لەو دۆخە خراپە رزگارمان بوو کە تێیدا بووین.


ئاسۆ مامەند: لەلایەن یەکێتییەوە بە چەند قۆناغێک خزمەتگوزاری دەگەیەنرێتە تەواوی گەڕەکە کوردنشینەکان

خزمەتگوزاری بۆ سەرجەم گەڕەکەکان
خزمەتگوزارییەکەی یەکێتی بۆ سەرجەم گەڕەکە کوردنشینەکانە، عەلی خورشید ماوەی شەش ساڵە دانیشتووی گەڕەكی سێكانیانە لە شاری کەرکوک وتی، خۆشحاڵم بە سەردانی تیمی ئەندازیاری یەکێتی بۆ گەڕەکەکەمان و هێڵکاریکردن و ئامادەکردنی بۆ کۆنکرێت کردن کە هەنگاوێکی نوێیە و جێی دەستخۆشییە.
ئەندازیار عەبدولسەلام عارف لێپرسراوی پڕۆژەكانی مەكتەبی سیاسی لە كەركوك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: یەكێتی، بڕی پێنج ملیار و 600 ملیۆن دیناری بۆ پڕۆژەی كۆنكرێت كردنی گەڕەكەكانی (كوردستان، پەنجاعەلی، باروتخانە، رەحیماوا، شۆراو، سێكانیان، گورگەچاڵ، ناحیەی پردێ و سەرچنار) تەرخان كردووە و ئێستا بەشێك لە خزمەتگوزارییەكان گەیەنراونەتە گەڕەكەكان و كۆنكرێتیان بۆ كراوە.

خزمەتكردنی هاووڵاتیان ئەرکی یەکێتییە 
رۆژی 22ی نیسان، ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری كەركوك - سەڵاحەدینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە هاوڕێیەتی ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی و پەرلەمانتاران و كادرانی پێشكەوتوو، سەردانی ئەو گەڕەكە کوردنشینانەی كەركوكیان كرد كە تائێستا پڕۆژەی خزمەتگوزارییان پێنەگەیشتووە و بەڵێنیدا لە زووترین كاتدا لەسەر ئەرکی یەکێتی پڕۆژەیان پێبگەیەنێت.
ئاسۆ مامەند لەوبارەیەوە  رایگەیاند، لەلایەن یەکێتییەوە بە چەند قۆناغێک خزمەتگوزاری دەگەیەنرێتە تەواوی ئەو گەڕەکە کوردنشینانەی لە چەند ساڵی رابردوودا خزمەتگوزارییان پێ نەگەیشتووە.
وتیشی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خزمەتكردنی هاووڵاتیانی كەركوك بە ئەركی سەرشانی خۆی دەزانێت و ئێمەش درێغی ناكەین لە خزمەتكردنیان و بە گوێرەی توانا چارەسەری گیروگرفتەكانیان دەكەین.

 150كۆڵان کۆنکرێت کراون
سەنگەر حەسەن دانیشتووی گەڕەكی دەروازەی شاری كەركوكە و ئەوانیش وەک گەڕەکە کوردنشینەکانی تری شارەکە خزمەتگوزارییان پێ نەگەیشتووە و وتی،  داوا لە تیمی ئەندازیاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كەركوك دەكەین هاوشێوەی گەڕەكەكانی تری شارەكە كە ئێستا سەرقاڵی كۆنكرێت كردنن، گەڕەكەی ئێمەش بەسەر بكەنەوە و كۆنكرێتمان بۆ بكەن، چونكە بەرەو وەرزی هاوین دەچین و تۆز و خۆڵ هەراسانی كردووین.
هاوکات ئەندازیار عەبدولسەلام عارف، بەرپرسی پڕۆژەكانی مەكتەبی سیاسی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا 150 كۆڵانی كوردنشین لە گەڕەكە جیاجیاكانی شارەكە كۆنكرێت كراون، بەشێك لەو پڕۆژانەش بە هاوبەشی ئیدارەی كەركوك جێبەجێكراون.
وتیشی، بێجگە لەو پڕۆژانە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بڕی ملیارێك و 500 ملیۆن دیناری تەرخانکردووە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ناحیەكانی شوان و قەرەناو و بەڵێنیش دەدەین بەردەوام بین لە گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ سەرجەم گەڕەکەکان.

بەرپرسی پڕۆژەكانی یەکێتی: بڕی پێنج ملیار و 600 ملیۆن دینار بۆ كۆنكرێت كردنی گەڕەكە کوردنشینەکان تەرخانکراوە

سەرجەم پێکهاتەکان سوودمەند دەبن
دەستکردن بە گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکە کوردنشینەکانی سنووری پارێزگای کەرکوک دوای ئەوە هات كۆمەڵێك لە دانیشتووانی ئەو گەڕەكانە سەردانی مەكتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان لە كەركوك كردووە و داوای خزمەتگوزارییان كرد بۆ گەڕەكەكانیان، دواتر لەسەر راسپاردەی ئاسۆ مامەند تیمی ئەندازیاری مەكتەبی سیاسی كەركوك سەردانی گەڕەكەكانیان كرد و لە كێشە و گرفتەكانیان كۆڵییەوە و دەستکرا بە جێبەجێکردنی داواکارییەکان.
هاوکات پەروین فاتیح ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رایگەیاند، بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پێكبهێنرێت و هاوشانی تیمە ئەندازیارییەکەی یەکێتی، یەكەم هەوڵمان گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزارییە بۆ گەڕەكە كوردییەكانی شارەکە، لەبەرئەوەی ماوەی حەوت ساڵە لەلایەن ئیدارەی ئەم شارەوە ئەو گەڕەكانە فەرامۆش كراون و هیچ پڕۆژەیەكی خزمەتگوزارییان تێدا جێبەجێ نەكراوە.
وتیشی، لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەڵێن دەدەین بە دواداچوونی تەواو بۆ سەرجەم کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتیان بەبێ جیاوازی بکەین و خزمەتگوزاری بگەیەنینە هەموو گەڕەکەکان تا گشت پێكهاتەكان بێبەش نەبن.

#کەرکوک #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان