لەیادی 48 ساڵەی دامەزراندنی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستاندا، پیرۆزباییەكی گەرم لە خوێندكاران و لاوانی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتن و داهاتوویەكی گەشتان بۆ دەخوازم.
هەمیشە پێمانوابووە خوێندكاران و لاوان رۆحی ئەم كۆمەڵگەیەن و هەموو گۆڕانكاری و پێشكەوتنێك لەسەر دەستی ئەوان دێتەدی. هەر لەبەر ئەو هۆكارە و لەژێر رۆشنایی خواستەكانی ئەمڕۆیان، بڕیارماندا بە سیستمێكی جیاواز و سوودوەرگرتن لە توانا و لێهاتوویی خوێندكاران، كۆمەڵەی خوێندكاران نوێ بكەینەوە و بە بەرنامە و ستراتیژێكی جیاوازەوە درێژە بە كارە زانستی و رۆشنبیرییەكانی بدات و ببێتە وێستگەیەك بۆ پێگەیاندنی نەوەیەكی داهێنەر و بەدیهێنانی خواستەكانیان.
وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی سەرپەرشتیكردنی كۆمەڵەكە، شانازییەكی گەورەیە بۆ من تاوەكو بتوانم هاوشانی لاوانی وڵاتەكەم هەوڵ بۆ داهاتوویەكی گەشتری وڵاتەكەمان بدەم، هاوكاریانبم بۆ پاراستنی ماف، بەدیهێنانی خواستەكانیان و دروستكردنی گۆڕانكاریی ریشەیی لە كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا.
شاد و سەرفرازبن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان