400 هەزار پێوەری زیرەك دانراوە

سەعاتەکانی كارەبای نیشتمانی بەخواستی هاووڵاتیان نییە

09:55 - 2024-04-28
ڕاپۆرت
71 جار خوێندراوەتەوە

 

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد


بۆ رێگەگرتن لە زیاد بەكارهێنان یان بەفیڕۆنەدانی وزەی كارەبای نیشتمانی لەلایەن هاووڵاتیانەوە، لەماوەی رابردوودا وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان پڕۆژەی دانانی پێوەری زیرەكی بۆ هاوبەشانی کارەبا لە تەواوی هەرێم جێبەجێ كرد.
بەهۆی ئەو پێوەرە زیرەکەوە هاوبەشانی کارەبا بڕی پێویستی بەکار‌هێنانی کارەبایان بۆ دیاری کراوە و هەر هاوبەشێک لەو رێژەیە زیاتر بەکاربهێنێت کە لەلایەن لایەنی بەرپرسەوە بۆی دیاریکراوە، ئەوا کارەباکەی دەکوژێتەوە.

بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم: خواست بۆ كارەبا حەوت هەزار مێگاواتە، بەڵام توانای بەرهەمهێنان نزیكەی 3700 بۆ 4000 مێگاواتە

کارەبای نیشتمانی  دوای پێوەری زیرەک
لە سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆژەکە و دانانی پێوەرەکە بۆ هاوبەشان، لایەنی بەرپرس لە وەزارەتی کارەبا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە پەیڕەوکردنی ئەم سیستمە دەبێتە هۆی زیادبوونی سەعاتەکانی کارەبای نیشتمانی، بەڵام ئەوە راست نەبوو و هێشتا کارەبا بە تایبەت لە وەرزەکانی زستان و هاوین کە زیاتر هاووڵاتی پێویستی پێیەتی بەپێی خواست نییە.
ئاسۆ سادق  هاووڵاتییەکی هەولێرە و دەڵێت، پێش دانانی سیستمی پێوەری زیرەك لە وەرزەکانی هاوین و زستاندا تەنیا حەوت بۆ هەشت سەعاتێك كارەبای نیشتمانی بە خەڵك دەدرا، بەڵام دوای دانانی پێوەری زیرەک پێدانی سەعاتەکانی کارەبای نیشتمانی بۆ نیوەی پێشووتر کەمی کردووە.
وتیشی، هاووڵاتی دەیەوێت هۆکارەکەی بزانێت لە کاتێکدا پێشتر بەبیانووی زیاد بەکارهێنانی بڕی کارەبای نیشتمانی سەعاتەکانی کارەبای کەمکردبووەوە، بەڵام دوای دانانی پێوەری زیرەک ئەو بیانووەی نەماوە و بڕی بەکارهێنانی کارەبای لەلایەن هاووڵاتیانەوە کۆنترۆڵ کردووە ئەوە بێجگە لەوەی لە وەرزە زۆر پێویستەکاندا بڕەکەی ئەوەندە کەمە ناتوانیت سەرجەم ئامێرەکانی ماڵەکەت بەیەکەوە کار پێ بکەیت.

 بەردەوام هاوبەشی كارەبا زیاد دەكات‌ و  ئەو بڕە كارەبایەی پێوەری زیرەک گلیداوەتەوە دەیدەینە هاوبەشە نوێیەکان و بەشی ئەوە ناکات سەعاتەکانی پێدانی کارەبای پێ زیاد بکەین

قۆناغی دووەمی  دانانی پێوەری زیرەک
هەر هاوبەشێکی کارەبا زیاتر لە بڕی دیاریکراو بەکاربهێنێت، بۆ چەند خولەکێک کارەباکەی دەکوژێتەوە و پاشان ئۆتۆماتیکی هەڵدەبێتەوە، بەڵام ئەگەر جارەکانی کوژانەوە زیاتر بکات ماوەی دووبارە هەڵکردنەوەی کارەباکە زیاتری پێ دەچێت.
ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم لە وەزارەتی كارەبای هەرێم رایگەیاند، تائێستا وەك قۆناغی یەكەم زیاتر لە 400 هەزار ئامێری پێوەری زیرەك لە هەرێمی كوردستان دانراوە، پڕۆسەكە قۆناغی دووەمی ماوە كە بریتییە لە دانانی نزیكەی 500 هەزار پێوەری تر، هەروەها لەبەر کەمیی ژمارەی پێوەرەکان تائێستا بۆ قەزا و ناحیەکان دانەنراوە و ئەگەر لە داهاتوودا بودجەمان بۆ دابینكرا ئەوكات قۆناغی دووەمی دانانی پێوەرەكان دەستپێدەكەین.
هەر ئامێرێکی پێوەری زیرەک توانای 60 ئەمپێر کارەبای هەیە و ئەگەر لەلایەن هاوبەشێکەوە هەوڵی دەستکاریکردنی بدرێت پێی دەزانرێت و رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
سەبارەت بەگلەیی هاووڵاتیان لەوەی بڕی پێدانی سەعاتەکانی کارەبای نیشتمانی دوای دانانی پێوەری زیرەک زیادی نەکردووە وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرا، ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم دەڵێت، پێوەری زیرەک ناتوانێت هەموو كێشەكان چارەسەر بكات، بەڵكو دەتوانێت هەندێك بەكارهێنانی نادروست كۆنترۆڵ بكات، بەڵام گرفتە گەورەكە ئەوەیە بەردەوام هاوبەشی كارەبا زیاد دەكات بەشێوەیەك ئەو بڕە كارەبایەی پێوەرەكە گلیداوەتەوە دەیدەینە هاوبەشە نوێیەکان و بەشی ئەوە ناکات سەعاتەکانی پێدانی کارەبای پێ زیاد بکەین.
سەبارەت بەپێدانی کارەبا بە شارەکانی تری عیراق کە بووبێتە هۆی کەمبوونەوەی کارەبا لە هەرێم بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم دەڵێت، ئەو بابەتە پەیوەندیی بە سووتەمەنی و نەبوونی پارە هەیە، ئەو كارەبایەی بەو شارانە دەدرێت هی ئەو وێستگانەیە كە ئێمە ناتوانین پارە و سووتەمەنییان بۆ دابین بكەین، چونكە خواست بۆ كارەبا حەوت هەزار مێگاواتە، بەڵام توانای بەرهەمهێنان نزیكەی 3700 بۆ 4000 مێگاواتە. 
بەپێی ئامارێکی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم ئێستا لە هەرێمی کوردستان نزیكەی یەک ملیۆن و 900 هەزار هاوبەشی کارەبا هەیە و بەردەوامیش ئەو ژمارەیە زیاد دەکات. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان