خۆمانە و خێزانیی

رێز لە خانمە دەستڕەنگینەکان بگرن

10:44 - 2024-04-28
کەلتور
67 جار خوێندراوەتەوە

(1)
چەند کچۆڵەیەکی دەم بەخەندە و کەمێك شەرمن لە یەکێک لە بازاڕەکاندا نمایشی کاری دەستیی بابەتێکیان کردووە من لە بەردەمیدا لاوازم، ئەویش کوپ-ی کاری دەستە، بێهودە دەستم دایە دانەیەکیان وامزانی کێشی قورسە، بەڵام سوکەڵە و ناسک، وێنەی کچۆڵەی ناسکی تێدا نەخشێنراوە قژیان بە میوەی جۆراجۆر رازاوەتەوە، یەکێکیان وتی״خوشکەکەم دیزاینی دەکات و بۆمان دروستدەکەن، ئێمەش مارکێتینی بۆ دەکەین لەڕێی سۆشیال میدیاوە دەیفرۆشین״ ئالوودەبوونم بە کڕینی کوپی جوان بۆ خۆم و ئازیزانم تێمدا جووڵا، دانەیەکم کڕی بە نرخێکی زۆر گونجاو هەرچەند چای تێدا دەخۆمەوە بیرەوەریی کڕینی ئەو کوپەم دێتەوە یاد.

 

ئەو کچانە لەو نەوەیەن کە پێیان دەڵێن بێ دەسەڵات و جیلی سەردەمی تەکنۆلۆجیا، بەڵام لەبیری دەکەن ئەوان لەو نەوەیەن رۆژانە قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان ئێخەی گرتوون

نموونەکان زۆرن رەنگە بپرسن چۆن بوویت بە خاوەنی جووتێ کڵاشی ژنانەی رازاوە بە نەخشونیگاری جوانەوە بە هەمانشێوە خانمێکی زمان شیرین لە شاری هەولێرەوە بە نرخێکی زۆر گونجاو داوامکرد و بۆی ناردم، ئەگەر لە هەر وڵاتێکی دیکە کارێکی دەستیی لەو شێوەیە بکڕیت دوو هێندەی ئەو نرخەی پێدەدەیت، ئەی ئەو شیتەکەی بۆ جلی کوردی ئەم بەهارە کڕیوومە چەندە ناسکە و نرخەکەشی چەندە گونجاوە، ئەوەش خانمێکی شیرین بۆی دروست کردم.
ئەو کچە گەنجانە هەر لەو نەوەیەن هەندێ کەس پێیان دەڵێن بێ دەسەڵات و جیلی ئایفۆن و سەردەمی تەکنۆلۆجیا، بەڵام لەبیری دەکەن ئەوان لەو نەوەیەن چاویان لە وڵاتێکدا هەڵهێناوە رۆژانە قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان ئێخەی گرتوون، بەڵام بایکۆتی خوێندن و دەوام و بێ مووچەیی و بێ کاریی چۆکی پێ دانەداون، بەڵکو حەز و خولیاو دنیای خەیاڵاتیان کردۆتە راستی و چاوەڕێی دەستی کەس ناکەن، خۆیان کارەکتەر و کەسایەتی خۆیان دەنەخشێنن و رووبەڕووی قەیرانەکان دەوەستنەوە، دەڵێن: بەڵێ ئێمە نەوەی نوێی ئەم خاکەین و وەک هەر نەوەیەکی دیکە بەشی خۆمان داهێنانمان پێیە.
ژمارەی ئەو کچۆڵە دەستڕەنگینانە زۆرن جگە لەخۆیان و خێزانەکانیان رەنگە هیچ پاڵپشتێکیان نەبێت، لە پەراوێزی ژیاندا هەوڵدەدەن خۆیان پێکبێنن، رەنگیشە لەو نێوەندەدا لە کڕین و فرۆشتنی کاڵاکانیاندا غەدریان لێبکرێت و کەسانی نەفس نزم هەوڵی ئیستیغلالکردنیان بدەن، خۆزگە لەبیرمان دەبوو ئەوان کچ و خوشک و ئازیزی خێزانەکانیانن و ئێمەش بەو جۆرە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان