راپۆرتی: هێمن ئه‌حمه‌د
ماوه‌ی شه‌ش مانگە هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق كۆتایی هاتووه‌و گشت پارێزگاكان پارێزگار و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگایان هه‌ڵبژاردووه ته‌نها كه‌ركوك و دیاله نه‌بێت، هۆكاره‌كه‌ش بۆ ململانێ سیاسییه ناوخۆ و ئه‌قلیمێكانی ده‌وروبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه كه بوونه‌ته هۆكاری ناسه‌قامگیری پارێزگاكه له‌هه‌موو بواره‌كاندا به‌تایبه‌تی كارگێڕی و ئابووری و بازرگانی و خزمه‌تگوزاری.
له پارێزگای كه‌ركوك، به‌هۆی قووڵبوونه‌وه‌ی كێشه‌و ململانێ سیاسییه‌كانی نێوان حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان و نزیكیی رێژه‌ی ده‌نگی لایه‌ن و پێكهاته‌كان له هه‌ڵبژاردنه‌كان كێشه‌كان قووڵتربوونه‌ته‌وه.
نه‌بوونی متمانه
په‌روین فاتیح، ئه‌ندامی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، به كوردستانی نوێ-ی رایگه‌یاند: ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه چه‌ند جارێك لایه‌نه سه‌ركه‌وتووه‌كانی هه‌ڵبژاردنی پارێزگای كه‌ركوك، دانیشتنیان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق كردووه، به‌ڵام تاكو ئێستاكه نه‌گه‌یشتووینه‌ته ئه‌نجامێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌رباره‌ی رێككه‌وتنی لایه‌نه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی پارێزگار و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا.
وتیشی: هه‌موو لایه‌نه براوه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا نه‌یانتوانیوه وه‌كو پێویست بگه‌نه ئه‌نجامێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه، بۆ رێككه‌وتن له‌نێوان خۆیاندا و ئه‌و رێككه‌وتنه ژێراوژێرانه‌شی كه كراون، خه‌ریكه ده‌گەنه بێئه‌نجام، نه‌بوونی متمانه‌ش له‌نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان هۆكاری سه‌ره‌كیی نه‌گه‌یشتنه به‌رێكه‌وتن.
رێككه‌وتنه‌كان بێ ئه‌نجامن
باسی له‌وه‌شكرد و وتی: ئێمه وه‌كو كورد له‌سه‌ره‌تادا رێككه‌وتنی سه‌ره‌تاییمان بۆ دروستكردنی هاوپه‌یمانییه‌ك له‌نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و كورسی كۆتای مه‌سیحییه‌كان كرد، به‌ڵام تاكو ئێستاكه نه‌گه‌یشتوینه‌ته بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه، بۆ لایه‌نه كوردییه‌كان و له‌ملاو له‌ولا ده‌نگۆی جۆراو جۆر بڵاو ده‌بێته‌وه.
لایه‌نه عه‌ره‌بی و توركمانییه‌كانیش له‌ڕووكه‌شدا باسی رێككه‌وتن و هاوپه‌یمانیی خۆیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام وه‌كو كاركردن و به‌رنامه‌ی دیاریكراویان تاكو ئێستاكه له كۆبوونه‌وه‌كانیاندا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق نه‌گه‌یشتوون به‌ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆ. به‌ڵام لایه‌نه توركمانییه‌كان كورسی كه‌میان هه‌یه‌و له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هاوپه‌یمانێتیدا له‌گه‌ڵ لیسته عه‌ره‌بییه‌كان داواكارییه‌كانیان له‌قه‌باره‌ی خۆیان زۆر زیاتربوو، بۆیه عه‌ره‌به‌كانیش ناتوانن هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵیاندا ببه‌ستن و بتوانن داواكاریی هه‌ردوولایان جێبه‌جێ بكه‌ن.
پارێزگار به نۆره بێت
په‌روین فاتیح، ده‌شڵێت: ئه‌ندامانی لیستی عه‌ره‌بیش پێشنیاری ئه‌وه‌یان كردووه هه‌ڵبژاردنی پارێزگاری كه‌ركوك به‌نۆره بێت له‌نێوان خۆیان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌ڵام ده‌یانه‌وێت دوو ساڵی یه‌كه‌م بۆ ئه‌وان بێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئه‌و پێشنیاره‌ی ره‌تكردۆته‌وه‌و ده‌یه‌وێت چوار ساڵ وه‌كو مافی هه‌ڵبژاردن خۆی پارێزگار به‌ڕێوه ببات.
ئه‌جێندا ده‌ره‌كییه‌كان ئاسته‌نگن
هاوكات د.ئه‌حمه‌د كه‌ركوكی، ئه‌ندامی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، به‌كوردستانی نوێ-ی رایگه‌یاند: ئه‌وه‌ی جێی داخه تاكو ئێستا نه‌توانراوه پێكهاته هه‌ڵبژێردراوه‌كان بگه‌ن به‌ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆ، بۆیه هه‌موو لایه‌نه‌كان له قه‌یرانێكی سیاسی گرێدراون، به‌شێك له‌لایه‌نه‌كانیش ده‌یانه‌وێت ئه‌جیندای ده‌ره‌كی له‌نێو پارێزگادا جێ به‌جێ بكه‌ن و قه‌باره‌ی هه‌ندێ لایه‌ن له‌ئاستی خۆیاندا فراوانتر بكه‌ن، بۆیه گه‌یشتن به ئه‌نجامی یه‌كلاكه‌ره‌وه ئه‌سته‌م ده‌بێت و ده‌بێت لایه‌نه سیاسییه‌كانی عیراق رێككه‌وتن بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی پاریزگاری كه‌ركوك.
پرۆژه‌ی هاووڵاتیانیش وه‌ستاوه
هاووڵاتی سه‌نگه‌ر حه‌سه‌ن، دانیشتووی گه‌ڕه‌كی ده‌روازه‌ی كه‌ركوك، ده‌ڵێت تا ئێستا خزمه‌تگوزاری سه‌ره‌تایی بۆ كۆڵانه‌كه‌یان نه‌گه‌یشتووه، دووپاتیشیده‌كاته‌وه كه: ماوه‌ی شه‌ش مانگه هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق ئه‌نجامدراوه، به‌ڵام له كه‌ركوك لایه‌نه‌كان نه‌گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن ئه‌مه‌ش زیانی به‌ژیان و بژێوی رۆژانه‌ی هاووڵاتیان گه‌یاندووه.
پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری پێویستی به‌بڕیاری ئه‌نجومه‌نه
وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی عیراق له یه‌كێك له‌چاوپێكه‌وتنه‌كانیدا ئه‌وه‌ی خستۆته‌ڕوو كه كاریان به‌پرۆژه‌ی دامه‌زراندنی ژماره‌یه‌كی زۆر له مامۆستا هه‌یه، به‌ڵام تاكو ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك هه‌ڵنه‌بژێردرێت ئه‌وان ناتوانن كار له‌پرۆژه‌كانی دامه‌زراندن بكه‌ن، جگه له‌مه‌ش گه‌لێك پرۆژه‌ی تر هه‌یه كه پێویسته ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بڕیاری له‌سه‌ر بدات بۆ جێبه‌جێكردن و به‌ئه‌نجام گه‌یاندن، چونكه پارێزگاری به‌وه‌كاله‌تی ئێستای كه‌ركوك ئه‌گه‌ر له‌ڕووی یاساییه‌وه سه‌یر بكرێت، بۆی نییه به‌هیچ جۆرێك كاروباره كارگێڕییه‌كان ئه‌نجام بدات تا ئه‌وكاته‌ی ئه‌نجومه‌نێكی نوێ و پارێزگارێكی نوێ دیاری ده‌كرێت.
هاوپه‌یمانیی عه‌ره‌بی داوای پۆستی پارێزگار ده‌كاته‌وه
سه‌لوه ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانیی عه‌ره‌بی، به‌كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: ئێمه وه‌كو هاوپه‌یمانیی عه‌ره‌بی چاوه‌ڕێی سازانی سیاسیی گشت لایه‌نه‌كانین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش دووباره ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك له‌لایه‌ن محه‌مه‌د شیاع سودانی هه‌یه بۆ رێكه‌وتنی گشت لایه‌نه سیاسییه‌كانی كه‌ركوك، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موومان له‌یه‌ك ئیداره‌و یه‌ك ئه‌نجومه‌ن كار بكه‌ین، چونكه له كه‌ركوك سێ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی هه‌یه له‌گه‌ڵ كه‌مینه‌كان.
بڕیاره‌كانی هه‌ڵبژاردنی عیراق یه‌كلایی نه‌كردۆته‌وه
سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی پارێزگاری كه‌ركوك، ئه‌و ئه‌ندامه عه‌ره‌به‌ی ئه‌نجومه‌ن وتیشی: هه‌موو پێكهاته‌كان حه‌ز ده‌كه‌ن پارێزگار بۆ خۆیان بێت، راسته ئێمه له ساڵی 2017ه‌وه پۆستی پارێزگاری كه‌ركوكمان لایه، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا كار بۆ گشت پێكهاته‌كانی شاره‌كه به‌بێ جیاوازی كراوه‌و هه‌ر كارێكیش بكه‌یت، لایه‌نی ئه‌رێنی و نه‌رێنی ده‌بێت، به‌ڵام ئێمه ئه‌رێنیمان زیاتر بووه، بۆیه ئێمه دووباره داوای پۆستی پارێزگار ده‌كه‌ینه‌وه.
باسی له‌وه‌شكرد راسته یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به ته‌نیا پێنج كورسی به‌ده‌ستهێناوه له‌پاڵ كورسی مه‌سیحییه‌كان، به‌ڵام ده‌ستور و یاسای هه‌ڵبژاردن دیاری نه‌كردووه، كام پێكهاته كورسی زیاتری به‌ده‌ستهێنا ده‌بێت ئه‌و پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك وه‌ربگرێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی روونكردۆته‌وه ده‌بێت گشت پێكهاته‌كانی كه‌ركوك به‌شداربن له‌م پرۆسه‌یه ئه‌م كاره‌ش پێویستی به سازانی لایه‌نه‌كان هه‌یه، چونكه ئێمه‌و توركمان هاوپه‌یمانێتیمان راگه‌یاندووه و رێژه‌ی كورسییه‌كانیشمان شه‌ش كورسییه.
قه‌واره‌كان هیچ بڕیارێكیان نه‌داوه
ئه‌حمه‌د ره‌مزی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، له‌سه‌ر لیستی به‌ره‌ی توركمانی، به‌كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: تائێستا هیچ رێككه‌وتنێك له‌نێوان قه‌واره هه‌ڵبژێرداوه‌كانی كه‌ركوك بۆ هه‌ڵبژاردنی پارێزگار و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا نه‌كراوه، به‌لام تاكو ئێستا سێ كۆبوونمانه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كردوه، به‌ڵام هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بووه و چاوه‌ڕێ بڕیاری سه‌رۆك وه‌زیرانین بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌م كێشه‌یه.
وتیشی: هیوادارین كێشه‌كه‌ی ئێمه‌ش وه‌كو پارێزگای دیاله‌ی لێ نه‌یا، چونكه تاكو ئێستاكه نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئه‌نجامێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه و كێشه‌ی تێكه‌وتووه.