لەم ھەفتەیەدا لیژنە ھاوبەشەکانی ھەرێم و عیراق بۆ چارەسەری کێشەی نەوت دەستبەکاردەبن، وەزیری نەوتیش دەڵێت، ھەوڵەکان بەو ئاراستەیەن نەوت رادەستی سۆمۆ بکرێت و کێشەکە بەیەکجاری چارەسەر بکرێت.
لەوبارەیەوە حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند، لە رێگەی دوو لیژنەی ھاوبەشەوە، کە یەکێکیان ھونەری و ئەوەی دیکەیان یاساییە، لەگەڵ حکومەتی ھەرێم گفتوگۆدەکەن بۆ رادەستکردنی نەوتی ھەرێم بە وەزارەتی نەوتی عیراق لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە.
ئەوەشی خستەڕوو، رەنگە لەم ھەفتەیەدا کۆبوونەوەیەکی لیژنە ھاوبەشەکان بکرێت، بۆ درێژەدان بە گفتوگۆ و دانوستاندنەکان بە ئامانجی چارەسەرکردنی یەکجارەکی کێشەی نەوتی ھەرێم بەجۆرێک نەوتەکە رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت بەمەبەستی ھەناردەکردنی.
وەزیری نەوتی عیراق باسی لەوەشکرد، ھەرێم لە ئێستادا 375 ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرھەمدەھێنێت، کە 45 ھەزار بەرمیلی بۆ پاڵاوگەکان دەڕوات و ئەوەی دیکە کە دەمێنێتەوە دەبێت رادەستی وەزارەتی نەوت بکرێت، بۆ ئەوەی لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە ھەناردە بکرێت.