كۆتایی هەفتەی رابردوو د.عەقیل مفتەن سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی عیراق سەردانی سلێمانی كردو چەندین چالاكی چڕوپڕ و گفتوگۆ و دیداری وەرزشیی لە سلێمانی كردووە.
ئەم سەردانەی بۆ سلێمانی مایەی خۆشحاڵی توێژی وەرزشكارانە بەگشتی و بە تایبەتیش وەرزشكارانی سلێمانی، چونکە وەرزشكارانی سلێمانی و كوردستان هیوایەكی زۆریان لەسەر ئەو سەردانە بنیاتناوە بەوەی سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی عیراق هێندەی بۆیكراوە، چاوی بە واقیعی حاڵی وەرزشی شاری سلێمانی كەوتووە و گیرو گرفتەكانی بۆ باسكراوە، دڵنیاشین لێپرسراوانی وەرزشیی شارەكە، خەمی وەرزشیی شارەكەیان گەیاندۆتە بەڕێزی.
هەموومان دەزانین كە وەرزشی سلێمانی لە ئاستێكی باشدایە، تیپی كوڕان و كچانی لە چەندین خولی گرنگی عیراقدا بەشدران، تیپی كچانی زانكۆی سلێمانیش بەم دواییە پاڵەوانی گۆڕەپان و مەیدانی زانكۆكانی عیراق بوون، چەندین وەرزشكاری كوڕ و كچی سلێمانی بە قەز او ناحیەكانیشییەوە لە هەڵبژاردەكانی عیراقدان، دواترین چالاكی گرنگیش كە سلێمانی لەئامێزی گرت، دووەمین فێستیڤاڵی وەرزشیی لیژنەی یەكسانی نێوان هەردوو رەگەزی نێرو مێی سەر بە لیژنەی ئۆڵۆمپی عیراق بوو کە سلێمانی ئامێزی بۆ كردەوە و كچانی سلێمانی لەم فێستیڤاڵەدا پشكی شێریان بەركەوتبوو، سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی عیراق خۆی چاودێریی ئەم فێستیڤاڵەی كرد و ئامادە بوو.
لەمانەش گرنگتر ئەوەبوو كە سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی عیراق سەردانی مەیدانیی كۆڵێجی پەروەردەی وەرزشیی زانكۆی سلێمانی كرد و بەش و یاریگاو شوێنەكانی تایبەت بەم كۆڵێجەی بەسەر كردەوە، لەگەڵ زانكۆی سلێمانیشدا یادداشتێكی لێكتێگەیشتنیان ئیمزا كردووە بۆ كاری پێكەوەیی هاوبەش، ئەمانە هەمووی مایەی دڵخۆشی و گەشبینی هەموو لایەكەو بەو هیوایەی بەرهەمی باشی هەبێت و ببێتە هاندەرێكی باش بۆ ئەوەی زیاتر گەشە بەوەرزشی سلێمانی بەتایبەتی و كوردستان بەگشتی بدرێت و هەموان چاوەڕوانی بەرهەمەكانی ئەم دیدارەی سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی عیراق دەكەین.