گەورەترین کۆمپانیای مۆبیلیاتی ئەمریکا لە سلێمانی لقی خۆی دەکاتەوە

10:56 - 2024-05-07
ئابووری
163 جار خوێندراوەتەوە
کردنەوەی کۆمپانیای ئاشلی لە سلێمانی

بەئامادەبوونی هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی  و ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی و میوانان، کۆمپانیای ئاشلی ئەمریکی کە یەکێکە لە گەورە کۆمپانیاکانی بواری مۆبیلیات و کەلوپەلی ناوماڵ،  لقی خۆی لە  سلێمانی کردەوە. بە وتەی بەرێوبەری لقەکەش بێت، جگە لە فرۆشتنی مۆبیلیات و کەلوپەلی ناوماڵ، وێستگەیەکیش بۆ ئۆتۆمبیلی کارەبایی تێدایە و کارەبای باڵەخانەکەش لەرێگەی سۆلارەوە دەبێت.

گەورەترین کۆمپانیای ئەمریکایە لە بواری مۆبیلیات
کۆمپانیای ئاشلی ئەمریکی ، لقێکی خۆی لە شاری سلێمانی کردەوە، ئەم لقەش لەلایەن گروپی کۆمپانیاکانی دیوانەوە  دەبرێت بەڕێوە. لەمبارەیە وەلید یونس، بەڕێوبەری کۆمپانیای پێشانگای ئاشلی لە سلێمانی بە  کوردستانی نوێی راگەیاند: کاتێک باسی مۆبیلیات دەکەین لە جیهاندا، ئاشلی یەکێکە لە مارکە و براندە گەورەکانی ئەم بوارە. ئامانجی سەرەکی ئەم کۆمپانیایەش ئەوەیە، کە لە ڕیزی مارکە باشەکانی جیهاندا بمێنێتەوە. هەربۆیە زۆر گرنگی بە جۆر و کوالێتی و شێوەی بەرهەمەکانی دەدات و دەیەوێت باشترین و جوانترین بەرهەم پێشکەش بە کڕیارەکانی لە جیهاندا بکات. وتیشی:  ئەمڕۆ  ئاشلی زیاتر لە 20 کەتەگۆری   باشترین و جوانترین جۆری کەلوپەلی ناوماڵ و ئۆفیسەکانی هەیە. بەرهەمی ساڵانەی دەگاتە   30 ملیۆن  پارچەی هەمەجۆری کەلوپەلی ناوماڵ و ئۆفیسە گشتییەکان.

دۆستی ژینگەیە
لەبارەی گرنگیدانی ئاشلی بە ژینگەوە، وەلید یونس  رایگەیاند: ئەم کۆمپانیایە لە پێشەنگی کۆمپانیاکانی ئەمریکا و جیهانە  بۆ گرنگیدان و پاراستی ژینگە، هەربۆیە  لە بواری « ریسکالین، واتە دووبارە بەکارهێنانەوەی مادەکان» دا، لە ریزی پێشەوەی کۆمپانیاکانی جیهانە.
 ساڵانە 280549 تۆن  ماددەی تەختە و دار و  1.539 تۆن ماددەی ئاسن ریساکلین دەکات. هەروەها  125 تۆن کاغەزی ئۆفیسەکان، 13.206 کۆمپیوتەر ریساکلین دەکات. هەموو ئەمانەش گوزارشت لە گرنگییدانی ئەم کۆمپانیایە دەکات بە مەسەلەی ژینگەپارێزی.

پشت بەکارەبای سۆلار دەبەستێت
لەبارەی ئەم لقە نوێیەی کۆمپانیاکە لە شاری  سلێمانی، وەلید یونس رایگەیاند:  تەواوی وزەی کارەبای ئەم لقەی ئاشلی پشت بە وزەی سۆلار دەبەستێت، کە یەکێکە لە جۆرە باشەکانی دەستکەوتنی کارەبا و دۆستی ژینگەیە. هەروەها  وێستگەیەکی وزەی کارەبا بۆ ئۆتۆمبێلی کارەباییشمان داناوە، کەئەمەش یەکەمجارە لە شاری سلێمانی وێستگەیەک بۆ ئۆتۆمبیلی کارەبایی دابنرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان