«بە دانانی پارێزگارێكی كورد، بەشێكی زۆر لەو گرفتانە چارەسەر دەبن»

سەرگەڕان، رێگەنادرێت عەرەبی هاوردە پێشێلكاریی بكات

11:56 - 2024-05-07
کوردستان
67 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا

 

بەپێی وتەی لێپرسراوی كۆمیتەی دووبزی یەكێتی «ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی چاندن و دروێنە، گرفتی زۆر بۆ جووتیارانی كورد لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان دروست دەكرێت. ئەمساڵیش هەڕەشە لە جووتیارانی سنوورەكە كراوە دروێنەی بەرهەمەكانیان نەكەن».

لە وەرزی دەروێنەدا، جووتیارانی كورد رووبەرووی ئاستەنگ دەكرێنەوە
رەمەزان عوسمان لێپرسراوی كۆمیتەی دووبزی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: هەوڵەكان بەردەوامن بۆ چارەسەركردنی كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی سنووری ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە قەزای دووبز، كە ساڵانە جووتیارانی كورد بەتایبەتی لە وەرزی دەروێنەدا رووبەرووی ئاستەنگی عەرەبە هاوردەكان دەبنەوە. وتیشی: بەڵێنمان پێدراوە ئەو بڕیارانە هەڵوەشێنرێنەوە كە پێشتر بۆ رێگریی لە جووتیارانی كورد دەركراون، بەوەش جووتیارانی كورد وەك مافی شەرعیی خۆیان و خاوەنی راستەقینەی زەوییەكان، دەست بە دروێنەی بەرهەمەكانیان بكەن.

توانراوە رێگریی لە چەندین پێشێلكاریی دژ  بە گوندە كوردنشینەكان بكەن

ئەوەشی خستەڕوو «تا ئەو بەڵێنانەی دراون وەك خۆی جێبەجێبكرێن، پێویستمان بە هاوكاری و پاڵپشتی زیاتری نوێنەرانی كورد لە بەغدا و وەزیری كشتوكاڵی هەرێم و سەرۆكی دەستەی گشتیی ناوچە دابڕێنراوەكان و حزبە سیاسییەكانی كوردستان هەیە، وەك ئەوەی لە رابردوو بۆ ئەم پرسە و چەند پرسێكی دیكە رۆڵیان هەبووە و توانیویانە رێگریی لە چەندین پێشێلكاریی دژ بە گوندە كوردنشینەكان بكەن».

رێگەچارەسەری پێشێلكارییەكان 
ئەوەشی پێوتین: بۆ چارەسەركردنی گرفتی زەویی جووتیارانی سنوورەكە، كە لە ساڵی 2017وە سەریهەڵداوە، پێویستی بە چەند هەنگاوێك هەیە لە جێبەجێكردنی ماددەی 140 و دەستپێكردنەوەی قەرەبوو بۆ عەرەبی هاوردە تا بگەڕێنرێنەوە شوێنەكانی خۆیان، پێویستیشە دۆسیەی ئەمنیی كەركوك و دەوروبەری بدرێتەوە دەست پۆلیس و بەهۆی سەپاندنی پارێزگاری بەوەكالەتیش، كە هەماهەنگی لەگەڵ بەشێك لە فەرماندە سەربازییەكاندا هەیە، گرفتی زۆر بۆ جووتیارانی كورد دروستكراوە، چارەسەری گرنگیش بۆ ئەوە دەستبەكاربوونی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و هەڵبژاردنی پارێزگارێكی كوردە، كە هەنگاوەكان خێراتر دەچنە پێشەوە و ئەو گرفتانەی لە حەوت ساڵی رابردوودا بۆ سنوورەكە دروستكراون، بەشی زۆری چارەسەر دەبن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان