بەڕێزان لە سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی پێشكەوتنخوازی كورد لە سوریا
بەبۆنەی 65 ساڵەی دامەزراندنی پارتەكەتان «پارتی دیموكراتی پێشكەوتنخوازی كورد لە سوریا» پیرۆزبایی گەرمتان ئاڕاستەدەكەین و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازین لەپێناوی خزمەت و گەیاندنی گەلەكەمان لە رۆژئاوای كوردستانی خۆشەویست بە ماف و ئازادییەكان و خەونی سەربەخۆیی.
حزبە تێكۆشەرەكەتان «پارتی دیموكراتی پێشكەوتنخوازی كورد لە سوریا» حزبێكی دێرین و لەمێژینەی رۆژئاوای كوردستانە، یەكەم پارتی سیاسیی نەتەوەیی كوردییە لە رۆژئاوای كوردستان دامەزراوە و بە هەوڵ و تێكۆشان و قوربانیی خەباتی دەیان سەركردە و هاووڵاتی؛ بەردەوامی پێدراوە، لە دیرۆكی ئەو بەشەی كوردستاندا جێدەستتان دیارە و شانازیی زۆرتان بەردەكەوێت.
هەر لەم یادە پڕشكۆیەدا، سڵاو دەنێرین بۆ رۆحی مامۆستا حەمید دەروێش كە دێرینترین سیاسەتمەداری رۆژئاوای كوردستانە و هاوڕێ و دۆستی دێرینی سەرۆك و رابەری كۆچكردوو مام جەلال بوو، كە لە چەندین قۆناغ و وێستگەی ژیانیاندا پێكەوە خەباتیان بۆ مافە رەواكانی گەلەكەمان كردووە و خەباتی نەتەوەییان لەم دوو پارچەیەی كوردستاندا گرێداوە.
هەر لەم بۆنەیەدا تەئكید لە یەكڕیزیی و پێكەوەیی هەموو لایەنە سیاسییەكان دەكەینەوە لە رۆژئاوای كوردستان، ئەمە بە گەرەنتی پاراستنی دەستكەوتەكان و مافی رەوای گەلەكەمان دەبینین، بۆیە هانی هەموو لایەن و هێزە سیاسییەكان دەدەین بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەكەمان لەپێشەوەی هەموو بەرژەوەندییەكان ببینن و ناكۆكییەكانیان بەلاوەبنێن و یەكدەست و یەكهەڵوێست بەرەنگاری هەموو ئاڵنگارییەكان ببنەوە.
هەر شاد و سەركەوتووبن
مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان