بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە درێژەی دیدارەکانیدا لە واشنتن، لەگەڵ کیمبەرلی هارینگتۆن، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە کۆبۆوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەیبوو، پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە چوارچێوەی خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری و وزە جەختیلێکرایەوە.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە هەوڵەکانی یەکێتی کرد بۆ داڕشتنەوەی سیاسەتێکی نیشتمانیی پێشکەوتوو بۆ کەرتی وزە تاوەکو ببێتە مایەی گەشەکردن و ئاوەدانی نەک هۆکارێک بێت بۆ دروستکردنی ناکۆکی. وتیشی، بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە دەکەین و ئامانجمانە ئەو سەروەتە نیشتمانییە لە خزمەت خەڵک و پێشخستنی وڵاتدا بێت، بۆ ئەوەش لەگەڵ دۆستانمان لە بەغدا گفتوگۆ دەکەین و هەوڵدەدەین پێکەوە بە تێڕوانینێکی نوێوە کاربکەین و وڵات بەرەو سەقامگیری و ئاوەدانی ئاڕاستە بکەین.