سەرۆک بافڵ: باشترین بژاردە بۆ هەنگاونان بەرەو هەرێمێکی دیموکراسی و خۆشگوزەرانتر، هەڵبژاردنە

03:33 - 2024-05-08
کوردستان
335 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە واشنتن لەگەڵ کۆنگرێسمان براد شنایدەر، ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی (دیموکراتەکان) کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە بەردەوامیی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کرایەوە بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش لە ناوچەکە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و عیراق روونکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، بەردەوامیی گفتوگۆی بەرپرسیارانەی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق، فاکتەری سەرەکیی بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاڕاستەکردنی وڵاتە بەرەو خۆشگوزەرانی. بۆ ئەمەش دەبێت هەموو لایەک بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان پێشبخەن و هەوڵەکان لە خزمەت خەڵکدا بێت.
پرسی تیرۆر و بەردەوامیی هاوکارییەکان بۆ هێزی پێشمەرگە تەوەرێکیتری دیدارەکەبوو و لەوبارەیەوە سەرۆک بافڵ وتی، جەخت لە چاکسازی و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە دەکەینەوە لە چوارچێوەی هێزێکی نیشتمانی و نەتەوەییدا. فراوانکردنی هەماهەنگییە سەربازییەکانیش لە نێوان هەرێمی کوردستان، عیراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا دەبێتە مایەی سەقامگیریی زیاتری ناوچەکە و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی تیرۆر لەسەر ژیانی خەڵک.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ جگەلەوەی جەختی لە پاراستنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد لە عیراق کردەوە، راشیگەیاند، باشترین بژاردە بۆ گۆڕانکاری لە پرۆسەی حوکمڕانی و هەنگاونان بەرەو هەرێمێکی دیموکراسی و خۆشگوزەرانتر هەڵبژاردنە، کە جەخت لە بەڕێوەچوونی دەکەینەوە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا.

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان