״هاوئاهەنگییەکە بەرهەمی دیدگای مام جەلال-ە״

هاوكاریكردنی زانستیی‌ و كەلتووریی نێوان زانكۆكانی ئوردن و سلێمانی

10:49 - 2024-05-09
کوردستان
69 جار خوێندراوەتەوە
لێکتێگەیشتنی نێوان زانکۆکانی ئوردن و سلێمانی فۆتۆ: حەمە عومەر

ئالان محەمەد جەزا



لە دیدارێکدا لە زانکۆی سلێمانی، لێكتێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان زانكۆكانی سنووری سلێمانی‌ و 21 زانكۆی حكومی‌ و ئەهلی ئوردن ئیمزاكرا، كە چەندین تەوەر لە خۆدەگرێت لەوانە، هەماهەنگیكردن بۆ ئاڵوگۆڕی خوێندكاران‌ و مامۆستایان‌، کردنی توێژینەوەی هاوبەش‌، راهێنانی تەکنیکی، هاوكاریكردنی زانستی‌ و كەلتووری لە سەرجەم بوارەكاندا.
لە سەرەتای دیدارەکەدا هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی وتی: ئەم دیدارە، دەستپێشخەرییەكی گەورەی زانستی دەبێت لەپێناو پەرەپێدانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان بە گشتیی‌ و زانكۆی دایك‌ و زانكۆكانی دیكەی سنووری پارێزگای سلێمانی.
دیداری نێوان وەفدی زانكۆكانی ئوردن‌ و زانكۆكانی سنووری سلێمانی لە كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی رۆژی 7ی ئایاری 2024، بە ئامادەبوونی سەرۆكی زانكۆی سلێمانی‌ و پارێزگاری سلێمانی‌ و نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی‌ و كونسوڵی گشتی ئوردن لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
گەشەپێدانی هەمەلایەنە
پاشان فوئاد خاصر كونسوڵی گشتی ئوردن لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند: سوپاس بۆ ئەو پێشوازییە ناوازەیە و بە مامۆستاکانمان دەڵێم ئەوەی لەم چەند رۆژەدا کردتان لە کوردستان و لەم چەند سەعاتەشدا لە سلێمانی، پوختەی کارێک بوو کە بە چەند ساڵێک کارکردن هاتۆتە ئاراوە، چونکە ئەمە تەنها گەشەپێدانی پەیوەندی زانستیی و ئەکادیمیی و کەلتووری نییە، بەڵکو هەمەلایەنەیە، بۆیە رێم پێبدەن بەخێرهاتنتان بکەم بۆ سلێمانی، داواکاریشم کە کەسایەتییەکان بەشێوەیەکی باش بناسن و کاتێکیش ئێرە بەجێدەهێڵین ئەم پڕۆسەیە بەردەوام بێت.
وتیشی، هیچی ترم نییە لەوە زیاتر کە سوپاسی سلێمانی و زانکۆکەی بکەم، ئەم هاوئاهەنگییەش بەرهەمی دیدگای سەرۆکی کۆچکردوو مام جەلالە خوالێی خۆش بێت.

پەیوەندی بەهێزی نێوان زانکۆکان
بەرپرسانی هەردولا پێیانوابوو، ئەم دیدارانە هەنگاوی گرنگن بۆ بەستنەوەی پەیوەندی بەهێز لەگەڵ زانكۆكانی ئوردن، كە زانكۆی زۆرباش‌ و پێشكەوتووی تێدایە لە سەرجەم بوارەكاندا.
د.سەلامە ساڵح سەرۆکی زانكۆی موئتە بە نوێنەرایەتی د.مەئمون محەمەد ئەلدبەیعی ئەمینداری گشتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وڵاتی ئوردن‌ رایگەیاند: ئەم لێكتێگەیشتنانە بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان ئوردن‌ و هەرێمی كوردستانە بەتایبەت لە رووی رۆشنبیری‌ و زانستییەوە.
هاوکات پ.د.كۆسار محەمەد عەلی سەرۆكی زانكۆی سلێمانی دیدارەكەی بە گرنگ وەسفكرد و رایگەیاند: لێكتێگەیشتنی نێوان زانكۆكانی كوردستان‌ و هەندێك لە زانكۆكانی ئوردن، دەرفەت بەڕووی خوێندكاران‌ و كۆلێژ‌ و توێژەراندا دەكاتەوە و رێڕەوی ئەكادیمی لە داهاتوودا دادەڕێژێت.
دیداری وەفدی زانكۆكانی ئوردن لەگەڵ زانكۆكانی هەرێم ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو، رۆژی یەكەم لە هەولێر‌، رۆژی دووەم لە دهۆك‌ و رۆژی سێیەم لە سلێمانی بوو. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان