قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عیراق نیگەرانی خۆی لە هەوڵەکان بۆ پەکخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن دەربڕی و رایگەیاند دواخستن و پەکخستنی هەڵبژاردن زیانی قەرەبوونەکراو بە پێگەی هەرێم و دامەزراوەکانی دەگەیەنێت.
لە کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا، پێشتر هۆشداریمان دابوو کە هەر هەنگاو و هەوڵێک بۆ دواخستن یان پەکخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن زیان بە پێگەی هەرێم و شەرعییەتی دامەزراوەکانی هەرێم دەگەیەنێت.
وتیشی پێویستە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت و داهاتووی هەرێم و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان لە چارەنووسێکی نادیاردا نەهێڵدرێتەوە.
جەختیشی کردەوە، هەڵوێستیان سەبارەت بە پێویستیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا روونە و لە نیگەرانیانەوە بەرامبەر بە داهاتووی هەرێم سەرچاوەی گرتووە.