دەیان کارگە لە کارکردن وەستاون

بێکاریی، هۆکاری سەرەکی کۆچکردنی گەنجان

09:31 - 2024-05-12
ڕاپۆرت
247 جار خوێندراوەتەوە
ئیدارەی راپەڕین پێویستی بە دابینکردنی ھەلی کاری زۆرترە

راپۆرتی/ جێگر خدر


بە وتەی سەندیکای کرێکاران %50ی کرێکارانی ئیدارەی راپەڕین بەهۆی قەیرانی دارایی و داخستنی کارگە و لەکارکەوتنی کۆمپانیاکان بێکار ماونەتەوە، ئەوانەشی کاریان هەیە بە داهاتێکی کەمی رۆژانە ژیانێکی سەخت بەڕێدەکەن، سەرۆکی پەنابەرە گەڕاوەکانیش دەڵێت: بێکاریی هۆکاری سەرەکی بەرزی رێژەی کۆچکردنە بۆ دەرەوەی وڵات.
سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی رانیە: 

بەهۆی نەمانی بەشێکی زۆری کارگە و پڕۆژەکان لە سنوورەکەدا له‌  50 %ی كرێكاران بێكارن

ساڵی پار 3400 کەس کۆچیان کردووە 
ژواری تەمەن 18 ساڵ دانیشتووی رانیە بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕێت تا لە رێیەوە هەوڵی جێهێشتنی وڵات بدات، بەڵام وەک خۆی دەڵێت: پارەی چوونە ئەوروپام پێنییە، باوکم وەستای دیوارە و بە کەمی کاری دەست دەکەوێت، بۆخۆشم ماوەیەک بوو لە چێشتخانەیەک بە داهاتی مانگانەی 250 هەزار دینار کارم دەکرد، کەچی بێ بازاڕی وای لە وەستاکەم کرد ئیزنم بدات و ئێستا بێکار ماومەتەوە، تاکە هیوا بۆ ئایندەم هەمبێت رۆیشتنە بۆ ئەوروپا، چونکە هەژاریی تەرکی خوێندنی پێکردم و بۆ ژیانم پێویستیم بە کارە، کاریش لێرە نییە.
ژوار بە تەنها نییە، زۆرێک لە گەنجانی ئیدارەی راپەڕین بێکاریی تەنگی پێهەڵچنیون، بەدوای کاردا وێڵن، کاتێکیش کارێکیان بە رێکەوت دەست دەکەوێت، داهاتێکی کەمی مانگانە بێهیوایان دەکات ئەمەش وایکردووە، ساڵانە رێژەیەکی زۆری گەنج، زیاتر لە هەر ناوچەیەکی دیکەی عیراق و کوردستان لەم دەڤەرەوە هەوڵی کۆچکردن بدەن و وڵات بەرەو وڵاتانی خۆرئاوا جێبهێڵن.
بەکر عەلی سەرۆکی پەنابەرە گەڕاوەکان لە هەرێمی کوردستان بە کوردستانی نوێی راگەیاند: لە ساڵی 2023دا، 3400 کەس بەتەنها لە سنووری ئیدارەی راپەڕین کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات لەو ژمارەیەش 6 کەس لە رێگەدا بوونەتە قوربانی.
باسی لەوەشکرد، ساڵانە بەپێی ئەو ئامارەی کۆمەڵەکەیان لە رێگەی سەرچاوەکانی خۆیانەوە دەستیان دەکەوێت زۆرترین رێژەی کۆچی گەنجان لە دەڤەری راپەڕینە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان. دەشڵێت: لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی گەنجانی راپەڕینن، بێکاریی هۆکاری سەرەکی کۆچکردنی ئەوانە بۆ دەرەوەی وڵات.

لەکارکەوتنی پڕۆژەکان کرێکارێکی زۆری بێکار کرد
ئازاد جنید سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی رانیە لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستانی نوێ وتی: به‌هۆی دروستبوونی ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی رووی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد‌، به‌ ده‌یان كارگه‌ و پڕۆژەی وەبەرهێنان له‌ سنووری ئیدارەی راپەڕین له‌كاركردن وەستاون. کارگەکانی بلۆک کە ژمارەیان سەروو 100 کارگە بوو، بلۆک لێرەوە بۆ زۆرینەی شارەکانی هەرێم دەنێردرا ئێستا تەنها چەند کارگەیەکی کەم کاردەکەن، ئەمەش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دۆخی كرێكاران دروستكردووه‌ به‌شێكی زۆر له‌ كرێكاره‌كانیان ره‌وانه‌ی ماڵه‌وه‌ كردووه‌، لە لایەکی دیکەوە زۆرینەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان وەستاون، کە پێشووتر ژمارەیەکی زۆری کرێکاریان خستبووە سەر کار. دەشڵێت: بەهۆی نەمانی ئەو کارگە و پڕۆژانە لە سنوورەکەدا له‌ 50 %ی كرێكاران بێكارن، ژمارەیەکی زۆریش رۆژانە لە سەر شەقامەکان چاوەڕێی کاری رۆژانەن، بەڵام کاری تاکوتەرای ماڵان نەبێت، کە رەنگە کرێکارێک لە هەفتەیەکدا یەک تا دوو رۆژ کاری دەست بکەوێت، هیچ کارێکی دیکە نییە.

ئابووری دەڤەرەکە ببوژێندرێتەوە
بەختیار حەسەن بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی لاوانی راپەڕین لەوبارەیەوە بە کوردستانی نوێی راگەیاند: ئیدارەی راپەڕین لە رووی دابینی هەلی کارەوە ناوچەیەکی قەیراناوییە، کارگەی گەورە و وەبەرهێنانی باش لە سنوورەکەدا نییە، سەرەڕای ئەوەی ئیدارەی راپەڕین ناوچەیەکی چڕی دانیشتووانی لێیە کە بەشێکی زۆریان گەنجن، وێڕای کۆچکردنی بەشێکی زۆری گەنجان، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی گەورە هەیە و بێکارن یان کاری هەیە و داهاتێکی کەمی دەست دەکەوێت. باسی لەوەشکرد، ئەوان وەک بەڕێوەبەرایەتی لاوان چەندین هەوڵیانداوە تا لایەنی پەیوەندیدار بەئاگا بهێننەوە کە ئەو سنوورە پێویستی بە دابینکردنی هەلی کاری زۆرترە، لە رێگەی بوژاندنەوەی کەرتەکانی گەشتیاریی و کشتوکاڵییەوە.
وتیشی: سنوورەکە خاکێکی لەباری هەیە بۆ کشتوکاڵ، دەکرێ لایەنی پەیوەندیدار ئاوڕی جدی لەو رووەوە لێبداتەوە، پڕۆژەی گرنگ و فراوانی کشتوکاڵی بەگەڕ بخات، هانی جووتیاران بدات تا پڕۆژەی مامناوەند و گەورە جێبەجێ بکەن، لەلایەکی دیکەوە ناوچەکە بەدەیان شوێنی گەشتیاریی لێیە کە دەکرێ سوودی لێوەربگیرێت، هەروەها هانی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی بدات تا پڕۆژەی وەبەرهێنان جێبەجێ بکەن، ئەمە وادەکات گەنج و خەڵکانێکی زۆر لەو کەرتانە بخرێنە سەر کار و بوژانەوەیەکی باش دەبێت بۆ ئابووری سنوورەکە.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان